دکتۆر یوسف موحەمەد: بۆ هێنانە ئارای حوکمڕانییەکی باشتر پێویستە هەموو جۆرەکانی فشار کراوەبن

دکتۆر یوسف موحەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

چەند ڕۆژێک بەر لە ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 مانگی نۆی ئەمساڵی هەرێمی کوردستانی عێراق پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پاش دوو ساڵی پەکخستنی کارا کرایەوە.

هەر لە سەرەتاوە هاوڕایی نەبوو لەسەر چۆنییەتی ئەو کاراکردنەوەیە چونکە نوێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و هەروەهاش کۆمەڵی ئیسلامی بەشدارییان لە یەکەم کۆبوونەوەی پاش داخستنی پەرلەماندا نەکرد. ئەمە بێ لەوەی تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت (تا کاتی ئەم وتووێژە) سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم بەشداری لە هیچ یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا نەکردووە.

لەوکاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی هەرێم ژمارەیەک بڕیاری داوە لەوانە پەسەندکردنی بڕیاری کردنی ڕیفراندۆم و درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت مانگ، گۆڕینی سکرتێری پەرلەمان و ژمارەیەک بڕیاری تریش.

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت ئەو شێوازی کاراکردنەوەیەی پەرلەمانی هەرێم بە شێوازێک بووە تەنها بۆ ڕەوایی دان بووە بە هەندێک هەنگاو کە لە دەرەوەی پەرلەمانەوە نراون و دەشڵێت تا ئەو کاتەی لە هەولێر بوون ڕێگە بەو شێوازی کارکردنە نەدراوە، بە تایبەتیش لە پرسێکی گرنگی وەک ڕیفراندۆم کە ئێستا بەرەنجامەکانی دەبینرێن و وەک دەڵێت "بەداخەوە هەردوو هەڵبژاردن کە بە یاسا ڕێکخرا بوو دواخران لە پێناو بابەتێکدا کە بە یاسا ڕێکنەخرابوو."

دکتۆر یوسف موحەمەد باسیش لەوە دەکات ئەوە ناشاردرێتەوە لە هەرێمی کوردستان پرسەکان بە حیزبی کراون، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش سەرپشکیان کردووە لەوەی چ بڕیارێک دەدات لەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان یان نا، وەک دەڵێت "ئەوەی من دەیبینم و ئەوەی ئێمە خوازیارین ئەوەیە کاتێک پێمان باشە بگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان کە هەست بکەین پەرلەمان خاوەنی بڕیارە و هیچ بڕیارێکیش لە دەرەوەی پەرلەمانەوە بەسەر پەرلەماندا ناسەپێندرێت."

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە لە هەرێمی کوردستان قۆناغێکی گواستنەوە بێتە ئاراوە و جۆرێکی تری فەرمانڕەوایەتی لە هەرێم بێتە ئاراوە کە جیاواز بێت لە دۆخی فەرمانڕەوایەتی پێش شازدەی مانگی دە، کە بە هۆکاری شکستەکان ناودێری دەکات.

دکتۆر یوسف دەڵێت ئەم ڕەوشەی لە ئارادایە لە ڕووی سیاسییەوە بە تەواوتی شکستی خواردووە، " ئەوە دامەزراوە شەرعییەکان نین بڕیار دەدەن لەوەی چارەنوسی خەڵکی کوردستان چی لێدێت، لە ڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە بە هەمان شێوە تۆکمەیی نییە و دابەشبوون لە نێوان هێزە چەکدارەکاندا هێندەی تر تۆخ بۆتەوە."

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم دەڵێت هیوادارە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن و تێبگەن ئەم نیشتمانە هی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و تاپۆی حیزبە سیاسییەکان نییە.

لەسەر پرسی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ئەگەرەکانی دانوستاندن، دکتۆر یوسف دەڵێت هەرێمی کوردستان دەرفەتی زێڕینی خۆی بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدادا لە دەستدا لە کاتێکدا پەیمانی تەواو هەبوون بۆ هەرێمی کوردستان کە بە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتییەوە هەوڵی چارەسەری گرفتەکان دەدرێت لەگەڵ بەغدادا، وە دەشڵێت چونکە بەشێک نەبوون لە ململانێکی نێوان بەغدا و هەولێر و هەروەهاش هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتیشیان نییە لە بوارەکانی نەوت و بودجە و پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکاند، بەڵکو تەنها بەرژەوەندی گشتییان هەیە،هەر بۆیە بە هاوکاری لەگەڵ فراکسیۆنەکانی تری پەرلەماندا ئەگەر بە گونجاو زانرا ئەوا وەک دەڵێت "ئێمە ئامادەین لەگەڵ بەغدادا بکەوینە سەر خەت."

بەڵێن ساڵح، وتووێژی لەگەڵ دکتۆر یوسف موحەمەد سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر یوسف موحەمەد