لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەولێر و بەغدا لە نێوان بەرداشی قەیرانەکاندا

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە وتووێژەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا بە مەبەستی هێنانە ئارای زەمینەیەکی هاوبەش و کارکردن لەسەر ئەو زەمینەیە بۆ دەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەو قەیرانانەی تێیکەوتووە.

هەر لە دوای ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 مانگی نۆوە حکومەتی هەرێم بە داواکانی بەغدا بۆ دانوستاندن کردن لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق و بڕوابوون بە یەکپارچەیی خاکی عێراق قایل بووە، بەڵام تا ئێستا بەغدا وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەو ئامادەباشییەی هەرێم نەداوەتەوە.

نکوڵی ناکرێت لەوەی قەیرانەکانی دووچاری هەرێمی کوردستان هاتوون لە پاش ڕیفراندۆمەوە زۆرێک لە بوارەکانی گرتۆتەوە لەوانە سیاسی و دارایی و ئاسایشی و هتد، هەربۆیەشە وەک شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن کورد هیچ بژارەیەکی تری بە دەستەوە نەماوە تەنها گەڕانەوە نەبێت بۆ بەغدا و دەستکردن بەو دانوستاندنانە.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.

حکومەتی هەرێم وەک دەگوترێت دەخوازێت لە دانوستاندنەکانی ئەمجارەیدا لەگەڵ بەغدا، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمیش بەشدار بن لە کاتێکدا وەک سەرۆکی کابینەی هەشت دەڵێت کێشەی دارایی لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپە.

ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی دوابەدوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم بوو لەگەڵ پارتی سۆشیال دیموکراتی هەرێمدا.

کۆبوونەوەی هاوشێوەش بووە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمی کورستاندا.

پێشتر لە زۆربەی سەردانەکانیاندا بۆ دەرەوەی هەرێم یان لەناو عێراقیشدا حکومەتی هەرێم زۆر بە دەگمەن شاندێکی پێکدەهێنا لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، ئەگەریش هەنگاوێکی وەها هەبوایە ئەوا بڕیار هەر لای دەستەبژێرێکی ناو ئەو شاندە دەبوو.

شیکەرەوە جەخت دەکەنەوە لەوەی دەشێت لەم قۆناغەدا دیپلۆماسیەتی کوردی گرنگترین ئەرکی لە ئەستۆ بێت، هەر هیچ نەبێت بتوانێت کارێکی وەها بکات هەڵوێستی سیاسیانەی وڵاتانی جیهان و بە تایبەتیش زلهێزەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و ببنە یارمەتیدەر بۆ ڕزگارکردنی کورد لەو قەیرانانەی تێیکەوتووە.
ئەم جەختکردنەوەیەش لە کاتێکدایە هەندێک بڕوایان وەهایە کورد شتێکی نییە پێی بگوترێت دیپلۆماسییەت.

لەم ڕەوشەدا پرسیارگەلێکی زۆر هاتوونەتە ئاراوە، لەوانە؛

بەغدا لەگەڵ کێدا دانوستاندن دەکات، ئایا بە هەر شاندێکی هەرێم بۆ دانوستاندن قایل دەبێت؟

ئەگەر دانوستاندن کرا، وەک گریمانەیەک دانوستاندن سەرکەوتوو نەبوو، ئایا هەرێمی کوردستان پلانی دووهەمی چی دەبێت؟

ئایا حکومەتی هەرێم دەتوانێت متمانەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە دەست بێنێت؟

ئایا دیپلۆماسیەتی کوردی دەتوانێت هەڵوێستی وڵاتان بە ئاڕاستەی فشارکردنە سەر بەغدا ببات؟

دکتۆر کامەران مەنتک پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان – زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەولێر و بەغدا لە نێوان بەرداشی قەیرانەکاندا