خۆپیشاندانەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراق درێژەیان هەیە وەک پێشبینی دەکرا. لە کاتێکدا خەڵک داوای موچە و خزمەتگوزاریەکان دەکەن، هەندێک هەن لە هەمان ئەو ژینگەیەی خۆپیشاندەران تیایدا دەژین بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر ناودێریان دەکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لە دوا لێدوانی ڕۆژنامەوانی ئەمڕۆی سەرۆکی کابینەی هەشتدا هاتووە "خۆپیشاندان مافێكی ڕەوای هەموو كەسێكە بەشێوەیەكی مەدەنیانەو دوور لەتوندو تیژی، بەڵام دەستێكی تێكدەر هەیە دەیەوێت داواكانی خۆپیشاندەران بەلاڕێدابەرێت، ئێمە رێگە بەوەنادەین و هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی دژی ئەو كارانەیە."
زۆر جار لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاتێک خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەکرێت، دەستبەجێ فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردستان ناسکی و هەستیاری ڕەوشی هەرێم وەک بیانوو بەکاردەهێنرێن بۆ ڕاگرتنی خۆپیشاندانەکان و هەروەهاش سنوردارکردنی دەربڕینی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان لەسەر تەواوی ڕەوشەکە.
خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەش هەر تەنها لە سنوری سلێمانی و گەرمیاندا ماوەتەوە لە کاتێکدا سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق داوای مانگرتنێکی سەرتاسەری کرد لە تەواوی هەرێمدا.
میوانەکانی بەرنامە:
دلێر عەبدولخالق، نوسەر و لێکۆڵەر
شەماڵ ئەحمەد، پسپۆڕی زانستە سیاسیەکان
لەو دەڤەرەشدا کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تیایدا باڵادەستە هێزە ئاسایشییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و کوژراو و برینداریش هەن ئەمە بێ لەوەی وەک دەگوترێت نزیکەی 200 کەس دەستگیرکراون لەناو خۆپیشاندانەکان و لە دەرەوەی خۆپیشاندانەکانیشدا. تەنانەت لە نێو ئەوانەی دەستگیرکرابوون خوێنکاری زانکۆی تیادابووە کە کاریان لەسەر فەرهەنگ و کلتور کردووە و ئەو خەڵکەشی تیادا بووە کە لە خەمی خوێندنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵایەتیدا بوون.
هێزێکی زۆری ئاسایشی لە شوێنە جیا جیاکاندا دانراون، وەک دەگوترێت بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وەک ئاماژەی پێدەکەن خۆپیشاندان بە مافی خەڵک دەزانن بەڵام لە زۆر ناوچەدا ئەو مافە بە خەڵک نادرێت و پاراستنی ئاسایشی دەکرێتە بیانووی یەکەم. هاوکات دەسەڵاتداران جەخت لە خۆپیشاندانی هێمنانە دەکەنەوە لە کاتێکدا وەک شیکەرەوە دەڵێن ئەگەر ڕێز لە مافەکانی هاوڵاتیان نەگیرابێت و بە درێژای زیاتر لە 25 ساڵی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانیبێت پەیوەندییەکی تۆکمە لەگەڵ شەقامدا پێکبهێنن و لە ئێستاشدا کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵک لەوپەڕیدایە و کارێکی زۆریش کراوە لەسەر کلتوری بەرەنگاربوونەوەیەکی ناسیڤیلیانە، ئیدی چۆن چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانی هێمنانە بکرێن؟!
هەرێمی کوردستان بە ژمارەیەک قەیرانی قوڵ و ئاڵۆزدا ڕەت دەبێت لە بواری سیاسی و دارایی و ئاسایشی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشدا. ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆچۆتە ناو کۆمەڵگەی کوردیشەوە و دابەش بوونێکی بەرچاو دەبینرێت لەسەر بنچینەی وابەستەیی سیاسی خەڵک.
ئا لەم کاتەدا دوو لایەنی سەرەکی ناو پرۆسەی سیاسی هەرێم بڕیاری کشانەوە لە حکومەت دەدەن.
کەم نین ئەوانەی لەوبڕوایەدان دەشێت هەڵبژاردن بەڵام هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد ببێتە هەنگاوێکی بەرایی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردندا.
ڕەوشەکە ئاڵۆزە، لەگەڵ باسکردنی ئەوەی دەست لە پشت ئەم خۆپیشاندانەوە هەیە لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە،بە دووریش نازانرێت لە ئاوەها ڕەوشێکدا حکومەتی نێوەندی عێراق هێزی خۆی بنێرێت بۆ هەرێم وەک دەگوترێت بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکە.
بۆچی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان توندوتیژییان لێدەکەوێتەوە؟
ئایا دەرفەتێک بۆ ئاشتبوونەوەی خەڵک و دەسەڵاتدارانی هەرێم ماوەتەوە؟
ئایا شەپۆلی ناڕەزایی خەڵک لە هەرێمی کوردستان، دەستی دەرەکی لە پشتە؟
ئایا دەکرێت هەڵبژاردن ببێتە هەنگاوێکی بەرایی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و ئایاش دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان خەڵک و دەسەڵات؟
بۆچی لایەنە سیاسییە ناڕەزاکان ناتوانن لە یەک بەرەدا کۆببنەوە و ببنە بەشێک لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش لە دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ رووداوەکاندایە:
Your browser doesn’t support HTML5