پاش حەوت ساڵ لە کاری نۆژەنکردنەوە دوێنی ڕابەرانی تورکیا و بولگاریا کڵێسای سەینت ستیفنیان لە شاری ئەستەنبوڵ جارێکی تر کردەوە. ئەمەش وەک پیشاندانی هاوئاهەنگی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی کە زۆرجار پەیوەندییەکی ناسەقامگیر و پڕ پشێویان پێکەوە هەبووە.
کڵێسای ئۆرتەدۆکس لە باڵات کە ناوچەیەکی دێرینی مێژوییە لە شاری ئەستەنبوڵ و لەسەر کەناری قۆچی زێڕین کە مەڵبەندێکی دێرینی کرستیانەکان و جولەکەکانە، لە ساڵی 1898 دروستکراوە دوای ئەوەی ئەم بونیاتەی لە دار و تەختە دروستکرابوو، بە هۆی ئاگرێکەوە لە ناوچوو.
ئەم مەسەلەیە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا کە میوانداری سەرۆک وەزیرانی بولگاریا بۆیکۆ بریسۆڤی کۆنەپارێزی کرد، وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو تۆمەتانەی کە دەڵێن حکومەتی تورکیا کە ڕیشەی ئیسلامی هەیە بە هێندی پێوسیت کار ناکات بۆ پاراستنی مافەکانی کەمینەی کرستیانەکان و هەروەها کەلەپورەکەشیان.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی تورکیا جارێکی تر نیشانی جیهانی دایەوە کە ئەستەنبوڵ ئەو شارەیە ئاین و کەلتورە جیاوازەکان تیایدا بە ئاشتیانە پێکەوە دەژین. ئەردۆغان گوتیشی پاراستنی ئازادی پەرستنی هەموو خەڵکان بێگوێدان بە نەژاد و بڕوای ئاینیان ، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەوڵەتی تورکیایە . سەرۆکی تورکیا ڕووی دەمی کردە کەمینەکانی وڵاتەکەی و گوتی، لە سایەی ئێمەدا ئێوە ئازادن پەیڕەوی ئاینی خۆتان بکەن.