ژیان لە فەرهەنگدا: پەیکەری "هاوارەکان بۆ ئازادی" لە ئەڵمانیا

هاوارەکان بۆ ئازادی لە هەموو پارچەکانی کوردستانی دابەشبوودا دەنگیان بڵندن.

دەشێت ئەو هاوارانە ببنە خەرمانێکی گەورە بۆ ئایندەیەکی گەش و ڕوونی گەورەترین نەتەوەی بەشمەینەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە هێشتا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نییە.

هونەرمەندێکی کورد بەو هاوارانەوە زێدی خۆی دەگوێزێتەوە و لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت، سەختی ڕێگە و شەکەتیی و ماندووبوونی ڕێگەبڕین نەیانتوانی لە چریکەی ئەو هاوارە کەمبکەنەوە.
ئەو هاوارە لای هەندێک دەبێتە گۆرانی و لای هەندێکیش دەبێتە تابلۆ و بەشێکیش دەیکەنە چیرۆکێکی بێ کۆتایی، یانیش لەسەر شانۆ دەبێتە ئەو دەنگە ڕاستەقینەیەی لەگەڵ بینەرانیدا دەکەوێتە ئاخاوتن، لای هەندێکیش دەبێتە پەیکەر وەک ئەوەی هونەرمەندی پەیکەرتاش سامان هیدایەت لە ئەڵمانیا کردوویەتی.

ئەمڕۆی شاری مونهایم لە ئەڵمانیا جیاوازە، پەیکەرەکەی هونەرمەندی پەیکەرتاش سامان هیدایەت لە مەیدانێکی ئەو شارەدا دەنگی بڵندە و دایک و باوک و زارۆکێکی کورد هاوار بۆ ئازادی دەکەن.

پەیکەری (هاوارێک بۆ ئازادی) لە سێ بەش پێکهاتووە، دایکێک و باوکێک و منداڵێک، ئەوەی جێی سەرنجە لەم کارە هونەریەدا ڕوخسار و سیمای کوردانەی دایکەکەیە و ئەو دەستەی بۆ ئاسمان بەرزی کردۆتەوە و شۆڕبوونەوەی فەقیانەکانی.

ئەم پەیکەرە ناوازەیە بەبێ هەوڵ و تەقەلاکانی چالاکوانێکی کورد نەیدەتوانی لەو مەیدانەی شاری مونهایم بەپێوە بوەستێت و هەم خەونی هونەرمەندی پەیکەرتاش و هەمیش خەونی کورد بێنێتە دی و ئەو هاوارە بۆ ئازادی ببێتە سیمایەکی جوانی و داهێنانی هونەری لەو شارەدا.

تارا شەوکەت، ڕاوێژکار و کا رمەند له ڕێکخراوی "بیراتونگس سینتروم" له شاری مونهایم نزیکەی دوو ساڵ سەرقاڵی ئەم پڕۆژەیە بوو و وەک چالاکوانێک، بە هەوڵە تاکە کەسییەکانی خۆی، پاش چەندان کۆبوونەوەی تایبەت بەم پڕۆژەیە توانی بگاتە ئەو بەرەنجامەی نەک هەر پەیکەرەکە لە مەیدانێکی شاری مونهایم دابنرێت بەڵکو شارەکە خەرجی تێچووی ئەو پەیکەرە برۆنزەش لە ئەستۆ بگرێت.

پێشتر هەر لەم بەرنامەیەدا میوانداریی هونەرمەند سامان هیدایەت و چالاکوان تارا شەوکەت کراوە، بەڵام لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەماندا میوانداری هەردووکیان پێکەوە دەکەین و تا پێکڕا باسمان لە وردەکاری ئەم پڕۆژە هونەرییە کوردیە بۆ بکەن.

ئایا پەیکەرەکان لە ئەوروپا دەتوانن چەمکێک لە مێژووی نەتەوەیەک بگێڕنەوە؟
ئایا ڕۆڵ و کارکردنی چالاکوانانی کورد لە هەندەران سنوردارە؟
ئایا دەکرێت لە ڕێی هونەرەوە ناسنامەی نەتەوەیەک بناسرێتەوە؟
ئایا چالاکوانان چۆن دەتوانن ببنە پردی پەیوەندی نێوان کلتورە جیاوازەکان؟

تارا شەوکەت و سامان هیدایەت، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "ژیان لە فەرهەنگدا" وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەدەنەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: پەیکەری "هاوارەکان بۆ ئازادی"