هێمن مامه‌ند: به‌پێی بڕیاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت هێزی تورکیا له‌ هه‌رێم ده‌رچێت

ڕێکخراوی ENOUGH بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری که‌مپینێکی ڕاگه‌یاندوه‌ ‌ به‌ناوی "ده‌رکردنی سوپای تورکیا له‌خاکی کوردستان".

ئه‌م که‌مپینه‌ بۆ له‌ ئێستادا ده‌کرێت؟ له‌ کاتێکدا چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و بنکه‌ سه‌ربازیانه‌ی تور‌کیا له‌هه‌رێمی کوردستانن، بۆ پێشتر کاری بۆنه‌کراوه؟

ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی بۆ ئه‌م که‌مپینه‌ نه‌بوو، ئایا حکومه‌تی نێوه‌ندی عێراق ده‌توانێت چی بکات؟

له‌مباره‌یه‌وه‌ ووریا کاڵێ گفتووگۆی له‌گه‌ڵ هێمن مامه‌ند سەرۆكی رێكخراوی "ENOUGH" بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەری کردوه‌.

مامه‌ند ده‌ڵێت "پێشتر ئه‌م پرسه‌ له‌ساڵی 2003دا له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کو‌ردستان باس کراوه‌ و به‌بڕیاری ژماره‌ 37 بڕیاری له‌سه‌ردراوه‌ ‌هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا یان بنکه‌ سه‌ربازیه‌کانی له‌ باشووری کوردستان نه‌مێنن، به‌ڵام حکومه‌تی هه‌رێمی کو‌ردستان ڕێز له‌بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کو‌ردستان ناگرێت".

مامه‌ند ده‌شڵێت "له‌ئێستادا ده‌وڵه‌تی تورک هێرشی کردوه‌ته‌ سه‌ر شاری عه‌فرین له‌ڕۆژئاوای کوردستان و سه‌دان ژن و منداڵی شه‌هید کردوه‌ و ئێمه‌ش‌ له‌ ژێر ڕۆشنایی بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مانی کو‌ردستان ئه‌م پرسه‌مان زیندوکردوه‌ته‌وه‌ و داوا ده‌که‌ین سوپای تورکیا له‌خاکی کو‌ردستان ده‌رچێت".

Your browser doesn’t support HTML5

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ هێمن مامه‌ند