شێرزاد ئێزدی: ئەوەی لە دژی ساڵح موسلم کراوە بەشێکە لە شەڕی ژێنۆسایدکردنی کورد لە عەفرین

شێرزاد ئێزدی

دەسەڵاتدارانی کۆماری چیک هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدەی دەستگیرکردووە و سەرۆکی تورکیاش هیوا دەخوازێت پراگ ساڵح موسلم ڕادەستی تورکیا بکات.

پێشتر بەکر بۆزداغ، جێگری سەرەک وەزیری تورکیا وتوویەتی، ئانکەرە داوای ئەو دەستگیرکردنەی کردووە تا بدرێتەوە دەست تورکیا و دەشڵێت پاش ئەوەی شوێنەکەی موسلیم لە هۆتێلێکی پراگدا دەستنیشان کراوە، پۆلیسی کۆماری چیک ئاگادارکراوەتەوە و دەستگیر کراوە.

نوێنەری پێشووی ڕۆژئاڤا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت هیچ یاسایەک نییە پشتیوانی ئەو داوایەی تورکیا بێت چونکە هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە هاوڵاتییەکی سوریاییە نەک تورکیا.

ساڵح موسلم

شێرزاد ئێزدی دەڵێت پێویستە یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا و ڕای گشتی ئەوروپاش و وڵاتانی تری جیهان و ئەمریکاش هەڵوێستێکیان هەبێت.

وڵاتی تورکیا زیاتر لە مانگێکە هێرشەکانی خۆی دەستپێکردووە بۆ سەر ناوچەی عەفرین، وەک شێرزاد ئێزدی دەڵێت؛ چ پێوەرێک وەها دەکات چاوپۆشی لەو تاوانانە بکرێن لە عەفرین ڕوودەدەن، بەڵام سەرکردەیەکی شەڕی دژە تێرۆر لە وڵاتێکی ئەوروپاییدا دەستگیربکرێت.
شێرزاد ئێزدی دەڵێت " تورکیا و هێزە تەکفیرییەکان لە عەفرین کورد ژینۆساید دەکەن و کورد دەکوژن، لە دزینی مریشک تا سەربڕینی خەڵکی سیڤیل هەموو کردارێکی خراپ دەکەن."

ساڵح موسلم هیچ بەرپرسیارێتییەکی لە پەیەدەدا نەماوە و زیاتر لە هەفتەیەک بوو سەردانێکی دیپلۆماسیانەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەستپێکردبوو تا فشارێکی دیپلۆماسی دروست بکرێت لە لایەن وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە بۆ ڕاگرتنی تورکیا لەو هێرشانەی دەیانکاتە سەر ناوچە کوردنشینەکانی عەفرین لە سوریادا.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ شێرزاد ئێزدی، نوێنەری پێشووی ڕۆژئاڤا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی شێرزاد ئێزدی