وابەستەیی بە هونەر و ئەرکە هونەرییەکانەوە بەشێکە لە ئەرکی هونەرمەند لەو بوارەی کاری تیادا دەکات تا بتوانێت درێژە بەو متمانەیە بدات کە خەڵک پێیداوە.
لە هەموو ژانرە فەرهەنگیەکاندا کەسانێک هەبوون سەرەتایەکی باشیان هەبووە و بەردەوامییان پێوە دیاربووە و لە ماوەی چەند ساڵێکی کارکردنی ڕژددا توانیویانە هەوادارێکی زۆر بۆ خۆیان دروست بکەن و وەک دەگوترێت دوای بڕینی هەوراز و نشێوییەکی زۆر هەنگاوەکانیان بەرەو ترۆپک بوون، بەڵام لە ناکاو بە هەر هۆکارێکەوە بووبێت دەستبەردەدەن و لە کاری هونەری دووردەکەونەوە.
دوورکەوتنەوە لە کاری هونەری هیچ شتێک لە شکۆ و بەهرەی ئەو هونەرمەندە کەم ناکاتەوە، بەڵام دەشێت پرسیاری هەواداران و خەڵکیش زیاتر بکات لەسەر ئەو دوورکەوتنەوەیە جا بە هەر هۆکاریک بێت.
دوورکەوتنەوە بە مانای دابڕان نییە لە جیهانی ژانرە فەرهەنگییەکان، دەشێت لە هەندێک باردا بە نزیکبوونەوەیەکی زیاتر ناودێر بکرێت وەک بەشێک لە وابەستەیی هونەرمەند.
ئەمەش بەو مانایەی لەگەڵ دوورکەوتنەوەکەدا هێشتاش سەرنجەکانی هونەرمەند لەسەر کارە هونەرییەکانە بۆ هەڵسەنگاندن و زانینی پێگە و ئاستی ئەو ژانرە هونەرییەی کاری تێدا کردووە.
بێگومان هەشن کە دوور دەکەونەوە دیوارێکی گەورە لە نێوان خۆیان و هونەرەکەشیاندا دادەنێن کە بێ لە دابڕان هیچ خوێندنەوەیەکی ترەی بۆ ناکرێت.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندانی کورد نیشتمانیان جێدەهێشت ڕووە و هەندەران. ئەم شەپۆلی کۆچکردنە بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان نەبووە مایەی دابڕان، بەڵکو وەک دەرفەتێک لێی دەڕوانرا بۆ برەودانی زیاتر بە هونەر لە ڕووی ئەکادیمیەوە و هەروەهاش ئاشنا بوون بە هونەری نەتەوەکانی تری جیهان.
جا یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە ئایا کە هونەرمەندێک لە کارە هونەرییەکانی دوور دەکەوێتەوە دەتوانێت چی تر بکات وەک ئەرک و وابەستەیی هونەرمەند.
پشکۆ ناکام، یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی هونەری شانۆ، سەختی ژیانی ئەو کاتە لە شارەکاندا تەنگی پێهەڵدەچنێت و شار جێدەهێڵیت و ڕوو لە شاخ دەکات و وەک هاوڕێ دێرینەکانی باسی ئەو ڕۆژانەی دەکەن، پشکۆ بەردەوام لە ئەرکی ڕۆژانەشیدا هەر هونەرمەند بووە و وابەستەییەکی سەیری هەبووە بە هونەرەکەیەوە، ئەمە بێ لەوەی بە زمانە کۆمیدیاییەکەشی وەک دەیگێڕنەوە ڕێک وەک ئەوەبووە لە هەموو دانیشتنێک و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکیدا پارچەیەکی هونەری پێشکەش بکات.
هەردوو نومایشتی "تابلۆی شەهید" وە تابلۆی ڕاپەڕین" باشترین گەواهیدەرن بۆ وابەستەیی بە ئەرکی هونەرییەوە تەنانەت لە ژیانی ڕۆژانی شاخیشدا.
پشکۆ ناکام، کاری ڕاگەیاندنیشی دەکرد و ئەزموونێکی دەوڵەمەندی بۆخۆی پەیداکرد هەرچەندە ئەو کاتە تەمەنی 20 بۆ 21 ساڵ دەبوو.
ناکام، کاری وەرگێڕانیش دەکات بەڵام ناخوازێت تەنها وەرگێڕانێکی وشک و برینگ بێت و تام و چێژی دەقی وەرگێڕدراو بکاتە قوربانی لە پێناو وەگێڕاندا، بەڵکو ئەو لە کردەی وەرگێڕاندا بڕوای بە "بە کوردی کردن" ی دەق هەیە. وەرگێڕانەکانیش لە زمانەکانی عەرەبی و فارسیشەوە زیاتر ئەو دەقانە لە خۆ دەگرن "ئەگەرچی زۆر پێشتر نوسراون" کە لەگەڵ ڕەوشی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیدا دەگونجێن و بە زمانێک وەرگێڕانەکە دەکات وەک ئەوەی بڵێیت ئێستا و بۆ ئەم ڕەوشە نوسراوە.
ئەمانە بێ لەوەی "ناکام" دەست دەکات بە نوسینی وتاری تەنز ئامێز لەو دنیایەی کە خۆی وەک پێشمەرگەیەک بەشێک بووە لە دروستکردنی ئەو دنیایە بەڵام ئێستا ڕەخنەی لێدەگرێت.
بۆچی پشکۆ ناکام لە ژیانی هونەری دوور دەکەوێتەوە و بەڵام وابەستەیی هەر هەیە؟
ئایا وابەستەیی بە هونەرەوە هەر تەنها لە چوارچێوەی کاری هونەریدا پێناسە دەکرێت؟
ئەگەر ئەمڕۆ پشکۆ ناکام، بچێتەوە سەر شانۆ، چی پێشکەش دەکات؟
ئایا کارکردنی پشکۆ ناکام، لە بواری ڕاگەیاندندا کاریگەری هەبووە بەسەر کارە هونەرییەکانیەوە یان بە پێچەوانەوە بووە؟
بۆچی پشکۆ ناکام بیرەوەرییەکانی خۆی نانوسێتەوە؟
پشکۆ ناکام، هونەرمەند و نوسەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5