لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵەبجە پاش 30 ساڵ

هەڵەبجە

30 ساڵە هەڵەبجە کیمیاباران کراوە، وەلێ هێشتا حکومەتەکانی عێراق ئەوانەی پاش حکومەتە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین هاتوونەتە سەر کار داوای لێبوردنیان لە گەلی کورد و خەڵکی هەڵەبجەش نەکردووە.

نە هەر ئەوەندە هێشتاش خەڵکی هەڵەبجە لە مەینەتی ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانیاندا دەژین.

کیمیابارانەکەی ساڵی 1988 ی شاری هەڵەبجە ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی شەڕی عێراق ئێراندا بوو، بەڵام ناکرێت لە بەرنامەڕێژییەکانی سەدام حوسەین و پارتی بەعسی فەرمانڕەوای ئەوسا دوور بخرێتەوە بۆ لەناوبردنی کورد و ناسنامە نەتەوەییەکەشی لە عێراقدا.

ڕژێمەکەی ئەوسای عێراق هیچ کاتێک دوو دڵی نەنواندووە لە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێک دژی کورد.

27 ساڵە کورد فەرمانڕەوای خۆیەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، 15 ساڵیشە حکومەتە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین ڕووخاوە، بەڵام هێشتاش هەر تەنها پەیمانە دەدرێت بە خەڵکی هەڵەبجە و وەک خەڵک دەڵێن زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەیمانانە جێبەجێنەکراون. بەپێی ئامارەکان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت کاریگەرییەکانی ئەو هێرشە کیمیاییەی 30 ساڵ لەمەوبەر لەسەر خەڵک هەر ماون، لەوانە لاوازبوون و پەککەوتنی سییەکان و چەندان نەخۆشی تریش وەک نەخۆشییەکانی پێست کە وەهایان کردووە خەڵک لە بارێکی ناهەموار و دژواردا بژین.

میوانی بەرنامە:
ئیقبال غەفار، سەرۆکی ڕێکخراوی سەروەری هەڵەبجە و باڵیۆزی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق

بە هاناوەچوونی دانیشتوانی هەڵەبجە و بەجێگەیاندنی داوا ڕەواکانیان هەر تەنها لە یادکردنەوەکاندا بەرجەستە نابێت، هێندەی ئەوەی پێویستی بە هەنگاونانی پراکتیکییە، هەر هیچ نەبێت لە پێناو ڕێگەگرتن لەوەی گرفتەکان و مەینەتییەکان گەورەتر نەبن.

خەمخۆرانی هەڵەبجە دەخوازن، هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی نێوەندی لە بەغدا و هەروەها کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەوڵی ڕژد بدەن بۆ سارێژکردنی برینەکان و ناساندن و ناودێرکردنی هەڵەبجە وەک خاڵیکی وەرچەرخان و ڕێگەگرتن لە بازرگانیکردن بە چەکە کیمیاییەکانەوە.

ژینگەی هەڵەبجەش بەشێکی ترە لە کارەساتەکە. هەڵەبجە پێش کیمیابارانکردنی یەکێک بوو لە ژینگە سازگارەکانی ناوچەکە و ئەمەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی بووبووە ناوچەیەکی گەشتیاری، وەلێ پاش هێرشە کیمیاییەکە ژینگەی سازی ئەو دەڤەرە تێکچوو.

دوای راپەڕینەکەی ساڵی 1991 ی کورد لە عێراق تا ئەندازەیەک ژیان گەڕایەوە بۆ هەڵەبجە، ئەویش لەڕێی هەوڵی دانیشتوانی شارەکەوە. هەوڵەکان بەو مانایە نین ئاوڕێکی ڕژد لە ژینگەی هەڵەبجە درابێتەوە، هەرچەندە ژمارەیەک ڕێکخراوی بیانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیان لەسەر ژینگەی هەڵەبجە کردووە.لە ئێستاشدا ڕێکخراوی خۆجێی هەن بایەخ بە ژینگەی هەڵەبجە دەدەن، بەڵام بێگومان ئەو هەوڵانەش بەبێ گرفت و تەگەرە نین.

ئایا 30 ساڵ پاش کیمیابارانی هەڵەبجە، برینەکانی ئەم شارە ساڕێژ کراون؟ ئایا بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، چەندێک سیمای شارستانێتی و شاربوونی گەڕاندۆتەوە بۆ هەڵەبجە؟ ئایا هەڵەبجە بووەتە قوربانی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟

ئیقبال غەفار، سەرۆکی ڕێکخراوی سەروەری هەڵەبجە و باڵیۆزی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵەبجە پاش 30 ساڵ