خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵک بەگشتی هەرێمی کوردستان بۆ موچەو و باشترکردنی بژیۆی ژیان و ژیانێکی شایستە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو، بەڵام سەرباری ناڕەزایی ئاشتیخوازانەی هاوڵاتیان بەڵام هێزەکانی ئاسایش و کەسانی چەک بەدەستی سەر بەدەسەڵات بە پۆشاکی مەدەنییەوە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و چەندین مامۆستا و خەڵکی ئاسایی لێناندراو برینداربوون و چەندین خۆپیشاندەریش دەستگیرکران، ئەمە سەرباری ئەوەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەوانان دەڵێن 78 پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەوانان کراون.
نوسەر و لێکۆڵەرەوە هۆشەنگ وەزیری کە خاوەنی شوناسنامەی ئەمریکییە لەلایەن ئاسایش و پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت.. ئاسۆ جەبار بۆ بەدواداچوونی ئەو کەیسەو لێدوانی هۆشەنگ وەزیری لەبارەی خۆپیشاندانەکانی هەولێرەوە وتووێژێکی بۆ دەنگی ئەمریکا لەگەڵدا سازکردووە...
هۆشەنگ وەزیری دەڵێت "ئەوەی ئەمجارە خۆپیشاندانی هەولێر بە زەقی ئاشکرای کرد، ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی سیاسی لەو 25 ساڵەی دواییدا توانستی ئەوەیان هەبووە یەک کۆمەڵ بەڵتەجی دروستبکەن لە یەک لەحزەدا هەر هەمویان بخەنە سەرشەقام بۆئەوەی بە خۆپیشاندەران بڵێن ئێمە دەتوانین رووبەڕوتان ببینەوە."
دەشڵێت "25 ساڵە پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەولێر بۆئەوە ئیشدەکات کە نیشانەکانی ناڕەزایی و خۆپیشاندان لەهەولێر دروست نەبێت."
سەبارەت بە ستەمکاریش دەڵێت "زوڵم و ستەمکاریی هەیە، نەک هەر سیاسی بەڵکو ئابوریش لە کوردستان، رەوشەکە بە ئەندازەیەکە نەک هەر گەندەڵییە کە بەرامبەر نەوت و شتەکانی دیکە دەکرێت بەڵکو گەیشتۆتە ئەوەی قوتی خەڵک ببڕێت."
هۆشەنگ وەزیری پێیوایە "دەسەڵاتدارانی سیاسی بە ملیۆنەها دۆلاریان خەرج کرد بۆ دروشم و ریکلامی ئەوەی کە کوردستان عێراقێکی دیکەیە، بەڵام هەرهەموو لەو ساتەوەختەدا روخا کە لەسەر شەقام شەقیان لەو مامۆستایەدا."
هۆشەنگ وەزیری باس لەچیرۆکی ئەو مامۆستایەمان بۆ دەکات کە ئاسایشی هەولێر بەئۆتۆمبیل بە ناو شەقامەکانی هەولێردا دەیانگێڕا و دەڵێت "مامۆستا حەیدەر لەگەڵماندابوو، کە لەمامۆستایانی ناڕازیبوو، زۆر زۆریان لێدابوو، ژیانیشی لەمەترسیدا بوو، خستبویانە ناو ئۆتۆمبیلەوە و لەکاتێکدا کە بە ناو شاری هەولێردا دەیانسوڕانەوە؛ هەر لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا لێیان دەدا..."
Your browser doesn’t support HTML5