دکتۆر کامه‌ران مه‌نتک: کاتێک مرۆڤه‌کان یه‌کده‌گرن، سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ریاندا کارێکی ئه‌سته‌م ده‌بێ

Dr. Kameran Mentk

بریتانیا به‌ هۆێ رێبازی Divide & Conquer واته‌ په‌رته‌که‌ و زاڵ به‌، به‌ عه‌ره‌بی (فرق تسد) و به‌ فارسی (تفرقه‌ بینداز و حکومه‌ت کن) و به‌ تورکی (BölVe Yönet) له‌ مێژوودا لاێ لێکۆڵه‌ران به‌وه‌ ده‌ناسرێت که‌ خاوه‌نی پیسترین و چه‌په‌ڵترین رێباز بوه‌ که‌ هه‌ر وڵاتێکی داگیر کردووه‌ پاش ده‌رچوونی گرقتێکی هه‌ره‌ گه‌وره‌ به‌جێهێشتووه‌ که‌ تا ئێستاش چاره‌سه‌ر نه‌کراوون، بۆ نموونه‌ که‌شمیر له‌ نێوان هیند و پاکستان، فه‌له‌ستین له‌ نێوان ئیسرائیل و جیهانی عه‌ره‌ب، قوبرس له‌ نێوان یۆنان و تو‌رکیا و کوردستانیش به‌و جۆره‌ی که‌ ئه‌مرۆ به‌ دابه‌شکراووی ده‌یبینین. ئایا ئه‌و جۆره‌ رێبازه‌ به‌رده‌وام و له‌ کاردایه‌؟ ئاخۆ هه‌ر بریتانیایه‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ به‌رده‌وامه‌ وه‌ یاخود وڵاته‌ زلهێزه‌کانی تری جیهانیش په‌یره‌وی هه‌مان رێباز ده‌که‌ن؟

دکتۆر کامه‌ران مه‌نتک مامۆستا زانسته‌ رامیاریه‌کان له‌ زانکۆێ سه‌لاحه‌دین له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت " له‌ راستیدا سیاسه‌تی په‌رت که‌ و زاڵ به، ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌مکه‌که‌ی رێک په‌یوه‌سته‌ به‌ سروشتی مرۆڤه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێک مرۆڤه‌کان یه‌کده‌گرن، یه‌کێتییه‌ک درووست ده‌بێ ئه‌و کات سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ریاندا کارێکی ئه‌سته‌م ده‌بێ، هه‌ر کاتێک ئه‌و هێزه‌ په‌رته‌واز ده‌کرێت، ئه‌و کاته‌ په‌رته‌وازه‌کردنیان ده‌بێته‌ هۆێ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانرێ پارچه‌ پارچه‌ به‌سه‌ریاندا زاڵ بێ".

ککتۆر کامه‌ران هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " له‌ راستیدا ئه‌و چه‌مکه‌ چه‌مکێکی سه‌ربازیه‌ ‌Sun Tzu له‌ په‌رتۆکه‌که‌ی هونه‌ری جه‌نگ The Art of War به‌ر له‌ 2500 ساڵ به‌ کاری هێناوه‌، به‌ڵام بریتانیه‌کان دیاره‌ وه‌کو هه‌موو ده‌وڵه‌تێکی تر وه‌کو هه‌موو داگیرکه‌رێکی تر هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌کار بێنن له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌لانه‌ی فه‌رمانره‌واییان ده‌کردن بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌یان هه‌بێت و نه‌توانن ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که‌ له‌ دوواێ جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه‌ بریتانیا دا‌به‌شیکردن چ له‌ ده‌وڵه‌ته‌کانی که‌نداو، چ له‌ ده‌وڵه‌ته‌کانی تری باشوری ئاسیا، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ به‌شێکی زۆریان تا وه‌کو ئێستا کێشه‌ی سنووری له‌ نێوان هێشتنه‌وه‌ وه‌کو کێشه‌ی سنووری نێوان ئێران و ئیمارات، کێشه‌ی سنووری نێوان عێراق و کویت، به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌و کێشانه‌یان درووستکردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر کاتێک بیانه‌وێ ئه‌و کێشانه‌ زیندوو بکه‌نه‌وه‌ و به‌ کاریان بێنن بۆ هێنانه‌ دی مه‌به‌سته‌ سیاسیه‌کانی خۆیان "

دکتۆر کامه‌ران ده‌شڵێت " ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ دابه‌ش نه‌کراوون، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌ماێ جوگرافیا و جیوپولتیکه‌وه‌ دابه‌ش کراوون و ئه‌وان هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌و شوێنانه‌ که‌ وا بایه‌خیان گرنگتره‌ جێ پێی خوێ تێدا بکه‌نه‌وه‌ وه‌ له‌وێه‌وه‌ بتوانن سیاسه‌تی خۆیان و هیژمونی خۆیان بسه‌پێنن، بۆ نموونه‌ له‌ کوردستان، ئه‌گه‌ر بێت و کوردستان پارچه‌ نه‌کرابا، نه‌ده‌توانرابه‌ ئاسانی هیژمونیخۆیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن ".

Your browser doesn’t support HTML5

Interview with Dr. Kamerna Mentk