لەگەڵ ڕووداوەکاندا: شەڕی زلهێزەکان لە سوریا

سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر سوریا وەکلە نوێترین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویەتی.

هەرچۆنێک بێت لەو پۆستەی تویتەردا ئاماژەی بە کاتی ئەو هێرشە نەکردووە وەک دەڵێت لەوانەیە بەم زووانە بێت یانیش هەروا بە زوویی نەبێت.

لەوەتای یەکەم ڕاگەیاندنی ڕۆژی دووشەممەی سەرۆک ترامپەوە بۆ ئەو بڕیارە گرنگە چاوەڕوانکراوە کە 24 بۆ 48 کاتژمێری دانا، هێزە سەربازییەکانی سوریا کەوتوونەتە جموجۆڵێکی زۆر و شوێنگۆڕکێ کردن و دانانی پلانەکانی بەرگری و پاراستن لە شوێنەگرنگەکان وەک هەوڵێک بۆ هەرهیچ نەبێت کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشەی ئەمریکا.

دانۆڵد ترامپ و ڤلادمیر پوتن (ئەرشیف)

ئەم تویتەی ئەمڕۆی ترامپ دوابەدوای ئاگادارکردنەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی بوو بۆ ڕوسیاییەکان کە پێی وتن "ئامادە بن" چونکە ئەمریکا هێرشدەکاتە سەر سوریا، بەبێ گوێدانە ڕاگەیاندنەکەی ڕوسیا سەبارەت بەوەی مۆسکۆ بە هێرشی بەرپەرچ دەرەوە وەڵامی ئەو هێرشەی ئەمریکا دەداتەوە.

دوو کەشتی جەنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە هەڵگری موشەکی دوورهاوێژی تۆماهۆکیان هەڵگرتووە و لە شوێنی خۆیانەوە ئامادەن بۆ هەر بڕیارێکی بدرێت، ئەمە بێ لەوەی فڕۆکە جەنگییەکان و ژێر دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەریاکانی ئەو ناوچەیەدا لە ئامادەباشیدان.


میوانی بەرنامە:
ئەحمەد ئەسکەندەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی

بەپێی ئەو جموجۆڵە لەشکریانەی بەریتانیا و فەڕەنساش کردوویانە، پێناچێت ئەو هێرشە هەر تەنها ئەمریکا بیکات بەتەنیا.

سەرەک وەزیری بەریتانیا بڕیاری جوڵاندنی ژمارەیەک ژێر دەریایی وڵاتەکەی داوە بۆ نزیک سوریا، بەڵام وەک میدیاکانی بەریتانیا ئاماژەیان پێکردووە، ئەو جوڵە لەشکریانەی بەریتانیا بۆ شەڕ نییە بەڵکو بۆ ئامادەبوونە بۆ هەر ئەگەرێک لەو ناوچەیەی جیهاندا.

فەڕەنسا دەڵێت بەڵگەی بڕواپێکراوی هەیە کە ڕژێمی سوریا چەکی کیمیایی لە دوما بەکارهێناوە و ئامادەیی خۆیشی دەربڕیوە بۆ هەر کردەیەکی لەشکری دژی حکومەتی سوریا.

سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەیشاردۆتەوە کە ڕوسیا و ئێران پشتیوانە سەرەکییەکەی وەک دەڵێت "بەشار ئەلئەسەدی ئاژەڵ" ن.

ئایا ڕوسیا دەتوانێت سوریا لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمریکا بپارێزێت؟

ئایا هێرشی ئەمریکا بۆسەر سوریا کاریگەری دەبێت بەسەر هاوپەیمانێتی نێوان ڕوسیا و ئێران و تورکیاوە؟

ئایا ئەگەری شەڕێکی گەورە لەو ناوچەیەی جیهاندا لە ئێستادا چەندە؟

ئەحمەد ئەسکەندەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: شەڕی زلهێزەکان لە سوریا