ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید؛هه‌ركه‌س بڕوای به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نه‌بێت سیفه‌تی په‌رله‌مانی نامێنێ

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید سه‌رۆكی فڕاكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت"له‌دوای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌وه‌ كه‌ بۆ خه‌ڵك و په‌رله‌مانتارم ڕونكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر سوێندی ده‌ستوری بخۆیت و بڕوات به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نه‌بێت ئه‌وا له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌،وه‌ له‌ڕوی شه‌رعیشه‌وه‌ حه‌رامی كردووه‌،ده‌شڵێت"كه‌سێك ئه‌وه‌نده‌ ئازابێت جا په‌رله‌مانی عیراقی بۆچیه‌؟ بۆ دێت ده‌بێته‌ ئه‌ندام؟یا ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كات بابێت له‌به‌غداد له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی بڵێت،بڕوام به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید له‌میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ به‌غداد له‌دوای ڕیفراندۆم و به‌شداریكردنیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتی"ئێمه‌ پێش حه‌وت مانگ ده‌مانزانی كه‌ ڕیفراندۆم بۆ په‌رده‌پۆشكردنی گه‌نده‌ڵیه‌كان،بۆیه‌ هه‌رزوو دوای ڕیفراندۆم یه‌كێك بوین له‌و هێزانه‌ی كه‌به‌زووی گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ به‌غداد،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كاتی خۆی وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕای ئاشكرامان هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ڕیفراندۆم بۆیه‌ هیچ ئیشكالیه‌تێك نه‌بوو سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ وه‌ ئێستاش كه‌كاندید كراوین به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك هێزی سیاسی عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌ستخۆشی كراوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵ و گۆڕان كه‌سانێكیان كاندید كردووه‌ كه‌ بۆچونیان ڕوونه‌ به‌وه‌ی سه‌قفی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ده‌ستور بێت."

وتیشی"هه‌ندێك هێزی سیاسی كه‌ بۆ موزایه‌ده‌ تائێستاش سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕیفراندۆمێكی دۆڕاو بكه‌نه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و هێزانه‌ موحریجن به‌رامبه‌ر عیراق ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ هیچ ئیحراجیه‌كمان نیه‌ وه‌ هیچ هێزێكی سیاسی عیراقی كێشه‌ی له‌گه‌ڵمان نه‌بووه‌."

به‌پێی مادده‌(٥٠)له‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقی،كاتێك كاندیدێك ڕێژه‌ی ده‌نگی پێویست ده‌هێنێت بۆ بوون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی ده‌بێت سوێندی ده‌ستوری به‌م شێوه‌یه‌ بخوات"سوێند بێت به‌خوای مه‌زن،ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی یاسایم به‌لێبڕاوانه‌ و دڵسۆزانه‌ جێ به‌جێ بكه‌م و پارێزگاری له‌سه‌روه‌ری عیراق بكه‌م و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌ی له‌به‌رچاو بگرم و شه‌ونخونی بكه‌م بۆ سه‌لامه‌تی زه‌وی و ئاسمان و ئاو ه‌ سامان و ڕژێمه‌ دیموكراتیه‌كه‌ی و فیدراڵیه‌كه‌ی و كاربكه‌م بۆ پارێزگاری كردن له‌ ئازادیه‌ گشتی و تایبه‌تیه‌كان و سه‌ربه‌خۆیی دادگا و پابه‌ندبوون به‌جێ به‌جێ كردنی یاساكان به‌ ئه‌مانه‌ت و بێلایه‌نیه‌وه‌،خواش شاهێده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم.."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید له‌باره‌ی ئه‌و سوێنده‌ ده‌ستوریه‌ی په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ وت"یبێگومان ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی بڵێ من سوێندم وا نه‌خواردووه‌ ئه‌وه‌ درۆی له‌گه‌ڵ خۆی و خه‌ڵكی عیراق و ده‌ستور كردووه‌ چونكه‌ ئێمه‌ له‌كاتی سوێند خواردندا به‌كوردی و عه‌ره‌بی ئه‌و سوێنده‌مان خوارد سوێندمان خوارد یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بپارێزین."

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ د.موسه‌نا ئه‌مین سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌میانه‌ی وتووێژێكی ژیار محه‌مه‌د له‌ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا وتی"سه‌روه‌ری خاكی عیراق واته‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نا،له‌هیچ شوێنێكی ئه‌و سوێنده‌ باسی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ناكات من سوێند ده‌خۆم خاكی عیراق بپارێزم له‌ دوژمنه‌ ده‌ره‌كیه‌كان نه‌ك له‌گه‌لانی عیراق خۆی كه‌ ماڵی خۆیانه‌ خانه‌ له‌خاوه‌ن ماڵ ناپارێزرێت،عیراقیه‌كان ویستیان بیكه‌نه‌ دوو پارچه‌ سێ پارچه‌ ماڵی خۆیانه‌،من عیراق له‌عیراقیه‌كان ناپارێزم و بڕوام به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌."

به‌ڵام ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد به‌هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی سوێندیان خواردووه‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق بپارێزن ده‌شڵێت"له‌ سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌دا باسی یه‌كپارچه‌یی عیراق هاتووه‌ له‌وه‌ ڕونتر چی بڵێ كه‌ ده‌ڵێ سه‌لامه‌تی خاكی عیراق و ئاو و ئاسمان و سامانه‌كه‌ی.بون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌و سوێنده‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و سوێنده‌ی خوارد و پێچه‌وانه‌ی سوێنده‌كه‌ی كرد ئه‌وا بوون به‌ په‌رله‌مانتاریه‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ ."

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاماژه‌ی به‌ ڕووی دینی ئه‌و سوێنده‌ كرد و وتی"له‌ڕووه‌ دینیه‌كه‌شیه‌وه‌ بێگومان ئه‌و سوێنده‌ كه‌وتووه‌ و حه‌رامه‌ سزاكه‌شی لای خوای گه‌وره‌یه‌،هه‌ندێك سوێند كه‌كه‌وت ده‌توانی كه‌فاره‌ت بده‌ی و تاوانه‌كه‌ی لاچێث له‌سه‌ر به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ سوێنده‌ ناتوانرێت كه‌فاره‌تی بده‌ی چونكه‌ سزاكه‌ی هه‌ڵگیراوه‌ بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ پێی ده‌وترێت(یمینی غموز)."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شی ئه‌وه‌شی وت"له‌ڕووی دینیه‌وه‌ ئه‌و سوێنده‌ مه‌گه‌ر ته‌وبه‌ی لێ بكات یا بڵێت له‌نه‌زانیندا ئه‌و سوێنده‌م خواردووه‌ سه‌ربه‌خۆیی و سیاده‌ واتای یه‌كپارچه‌یی نه‌بووه‌،ئه‌گه‌ر كه‌سێك سوێند بخوات به‌ڵام نه‌یزانیبێت به‌حوكمی ئه‌م سوێنده‌ ئه‌وه‌ جیایه‌ ئه‌گه‌رنا بزانێت حوكمی جیاوازه‌، وه‌ هه‌ركه‌س دوای ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌م لێره‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌م به‌یاسا و شه‌رع ڕونكرده‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و په‌رله‌مانتار سوێنده‌ ده‌ستوریه‌كه‌ بخوات و بڕوای به‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق نه‌بێت ئه‌وا یه‌كه‌م له‌ڕووه‌ ده‌ستوریه‌كه‌وه‌ سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌،دوه‌م له‌ڕووی دینیه‌وه‌ حه‌رامی كردووه‌ و تاوانه‌ و سوێنده‌كه‌شی كه‌وتووه‌ و ناشتوانێت كه‌فاره‌تی بدات."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید له‌درێژه‌ی گفتوگۆكه‌دا باسی له‌وه‌شكرد"من بۆ خۆم له‌كاتی ڕیفراندۆمه‌كه‌ كێشه‌م ئه‌وه‌بوو وتم ئه‌گه‌ر سه‌دجار بڕوامان به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بێت به‌ڵام مادام ئه‌و سوێنده‌ ده‌ستورییه‌مان خواردووه‌ كه‌واته‌ نابێت ده‌نگ بده‌ین."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید هۆشداری دایه‌ كاندیده‌ كورده‌كان بۆ په‌رله‌مانی عیراق و وتی" كه‌سێك نه‌چێت بڵێت من ده‌چم له‌به‌غداد ئه‌و سوێنده‌ ده‌خۆم و كه‌فاره‌ت ده‌ده‌م،چونكه‌ وك وتم ناتوانرێت كه‌فاره‌تی بده‌ی له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ به‌درۆ خواردنی سوێندێكه‌ كه‌كه‌فاره‌تی نیه‌ و سزای قیامه‌تی هه‌یه‌."

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید وتیشی" كه‌سێك كه‌ ده‌ڵێت بڕوام به‌یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق نیه‌،ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوێر و ئازایه‌ بانه‌یه‌ته‌ په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئازایه‌ په‌رله‌مانی عیراقی بۆچیه‌؟ئه‌وه‌ موزایه‌داتی سیاسیه‌ كه‌هه‌ندێك ده‌ڵێن سوێندمان نه‌خواردوه‌ یا هه‌ندێك په‌رله‌مانتار ده‌ڵێن یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ناپارێزین،ئه‌گه‌ر ئازایه‌ بابێت له‌به‌غداد له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی وابڵێت،جا بزانه‌ سیفه‌تی په‌رله‌مانتاری لێده‌سه‌نرێته‌وه‌ یانا؟هه‌رجاری پێشوو ئێمه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان ته‌كلیفمان كرد ئه‌گه‌رنا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی پشگیری ڕیفراندۆمیان كرد ده‌دران به‌دادگا."

Your browser doesn’t support HTML5

ده‌قی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید