سەرۆکی کۆریای باکور کیم جون ئون بەڵێنی داوە بنکەی تاقیکردنەوەی ناوکی وڵاتەکەی لە مانگی پێنجدا دابخات و شارەزایان و ڕۆژنامەوانانی کۆریای باشورو ئەمەریکا بانگهێشت بکات.
کیم ئەم قسانەی لە میانەی کۆبونەوە لوتکەیەکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشور مون ژێین کرد لە ڕۆژی هەینی لە کاتێکدا لە گوندێکی سەر سنوری هەردوو وڵات کۆبونەوە. هەر لەو کاتەدا کیم گەشبینی دەربڕی لەمەڕ کۆبونەوە چاوەڕوان کراوەکەی لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپدا.
موون و کیم لە میانەی ئەو کۆبونەوەیەیاندا بەڵێنیان دا کار بکەن بۆ پاککردنەوەی تەواوی نیمچەدورگەی کۆریا لە چەکی ناوکی، بەڵام هیچ ئاماژەیان بە کاتێکی دیاریکراو نەکرد. سیئۆڵ لە نێوان پیونگیانگ و واشنتۆندا کار دەکات بۆ هێنانەدی کۆبونەوەی نێوان کیم و ترامپ کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی مانگی داهاتوو یان سەرەتای مانگی شەش ئەنجام بدرێت.
کیم گوتوشیەتی ئامادەیە وتووێژ بۆ ئاساییی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ژاپۆنیشدا بکات.
سەرۆک مون سەرۆک وەزیر شینزۆ ئابێی لەمەڕ کۆبونەوەکەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ کیم ئاگادار کردۆتەوە.