لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی دا لە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران کە لە ساڵی 2015 دا زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ ئێراندا مۆریان کرد.

هەرچەندە ئەوروپاییەکان هەوڵێکی زۆریان دا تا ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نەکشێتەوە، بەڵام سەرۆک ترامپ ملی نەدا و دواجار ڕۆژی سێشەممە 8 ی مانگی پێنج بڕیاری کشانەوەی ئەمریکای لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند.

هەر تەنها یەک ڕۆژ پاش ئەو ڕاگەیاندنە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کەوتنە دانانی ڕێوشوێنی نوێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەوروپاییەکان (ئەوانەی لە ناو ئێراندا کارداری دەکەن)لەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنێت.

واشنتۆن لە 90 تا 180 ڕۆژی داناوە تا کۆمپانیا ئەوروپاییەکان لە کۆنتراکتە کاردارییەکانیان بچنە دەرێ و بێ لەوەش کۆنتراکتی نوێی کارداری نابێت لەگەڵ ئێراندا بکەن.

هاوکات ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران کە خاوەنی دوا بڕیارە لەو وڵاتەدا جەختی لەوە کردۆتەوە وەک دەڵێت " لە چەند ساڵی داهاتوودا، لەسەر بنچینەی مەزەندەکردنەکانی پسپۆڕان، ئێران دەبێتە خاوەنی 20 هەزار میگاوات وزەی ئەلکتریکی لە ڕێی بەرنامە ناوکییەکەیەوە."

میوانی بەرنامە:
ئیبراهیم عەلی زادە، سکرتێری کۆمەڵە، سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.

عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی شورای ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئەندامانی مەجلیس ئاماژەی بەوە کردووە دوای ئەو بڕیارەی سەرۆک ترامپ، ئێران هیچ وابەستەییەکی لەسەر نەماوە تا بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە بەرز ڕابگرێت و گوتوشیە " ئەوە شتێکی ئاشکرایە ترامپ تەنها لە زمانی هێز تێدەگات."

حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران هەوڵی داوەتانوپۆیەکی میانڕەوانە بدات بە لێدوانەکان لەسەر ئەو کشانەوەیەی ئەمریکا و پەیمانیشی داوە هەر هیچ نەبێت بۆ ئێستا تاران وابەستەی ئەو ڕێککەوتنە بێت، بەڵام دەشڵێت لە شوێنەکەی خۆیەوە لە تاران زۆر سەختە ئەوە ببینێت چۆن ئەم ڕێککەوتنە ڕزگاری دەبێت.

ڕۆحانی دەڵێت " ئەگەر وڵاتانی تری بەشدار لەم ڕێککەوتنەدا بتوانن دڵنیایی بدەن کە بەرژەوەندی و سودی تەواوی ئێران لەم ڕێککەوتنەدا بەردەوام دەبێت، ئەوا ئێران بەردەوام دەبێت لەو ئەرکانەی بەپێی ڕێککەوتنەکە لەسەریەتی."

ئایا لە پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە، ئێران چ بژارەیەکی بۆ دەمێنێتەوە؟

ئایا ئەم کشانەوەیەی ئەمریکا جموجۆڵەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنوردار دەکات؟

ئایا کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە ناوکییە چەندێک کاریگەری دەبێت بەسەر گۆڕینی هاوکێشەکانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
ئایا ئەم کشانەوەیە کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی دەبێت بۆ ئۆپزسیۆنی ئێرانی؟

ئیبراهیم عەلی زادە، سکرتێری سازمانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی