زیاتر لە دە ملیۆن دەنگدەری عێراقی لەسەرجەم ئەو نزیکەی 25 ملیۆن کەسەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 12 ی مانگی 5 ی وڵاتەکەدا کرد.
ئەمەش یەکەم هەڵبژاردن بووە لە پاش شکست پێهێنانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ئەو هەڵبژاردنە بەشێکی بەرچاوی لایەنە عێراقییەکان سکاڵا و گازەندەیان هەبووە، لەوانە دەوڵەتی یاسای نوری ئەلمالیکی و هاوپەیمانی نیشتمانی ئەیاد عەلاوی و تەنانەت لایەنی فەتح ی هادی ئەلعامری و چەند لایەنێکی تری شیعە و سوننەی عەرەبەکانی عێراق.
لە پارێزگای کەرکوک دەکرێت بگوترێت تەواوی لایەنەکانی بەشدار لەو هەڵبژاردنەدا بێجگە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناڕەزاییان دەربڕیوە لەسەر ئەو ئەنجامە بەراییانە.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە ئەنجامە بەراییەکانی پارێزگای سلێمانی قایل نییە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش گازەندەی لە ئەنجامەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هەیە و یەک ئەوەی تریان بە دەستکاریکردنی ئەنجامەکان گوناهبار دەکات. ئەم یەکتر گوناهبارکردنە لە کاتێکدایە ئەم دوو لایەنە کە بە زلهێزەکانی هەرێمی کوردستان ناودێر دەکرێن هاوپەیمانی ستراتیژی یەکترن.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی
شەش لایەنی تر لە هەرێمی کوردستان (بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی شیوعی کوردستان) لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکاندا داوایان کرد بە دەست دەنگەکان ببژێردرێن، بەڵام دواتر کە ژمارەیەک لە سندوقەکانی دەنگدان دیارنەمان، ئێستا داوای سەرلەنوێ کردنەوەی هەڵبژاردن دەکەن لە هەرێمی کوردستان و لە پارێزگای کەرکوکیش.
پارتی و یەکێتی، دوو لایەنە فەرمانڕەواکەی هەرێمی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا نەک هەر سەرکەوتووی هەڵبژاردنەکان بوون بەڵکو ژمارەی کورسییەکانیشیان زیادی کردووە.
نەک هەر لایەنە سیاسییەکان بەڵکو زۆرێک لە چاودێر و شیکەرەوەی سیاسیش لەو بڕوایەدابوون ئەو دوو لایەنە بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی کورسییەکانیان کەم دەکات بەهۆی ئەوەی بوونەتە مایەی هاتنە ئارای ڕەوشێکی نالەباری ئابوری و سیاسی، خراپی بەڕێوەبردنی هەرێم و دابەشکاری سیاسی نێوانیان و گەندەڵی دارایی و بەڕێوەبردن.
ئێستا قسە و باسێکی زۆر هەیە لەسەر دەستکاریکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە.
جەبار ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی وڵاتی سوید، یەکێک بووە لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان. بەڕێز ئەمین لە لێدوانێکی پێشتریدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند " لە بەیانییەوە تا کاتی داخستنی بنکەکانی دەنگدان تەنها هەندێک شتی کەم نەبێت شتێکی وەها ڕووینەدا تا بگوترێت کەموکوڕی و کەمتەرخەمی هەبوون، بەڵام ئەنجامەکانی هەڵبژاردن خستوینیەتە گومانەوە کە لە ئەژمارکردنی دەنگەکاندا ساختەکاری کرابێت."
جەبار ئەمین دەشڵێت گرنگی هەڵبژاردن هەر تەنها لە پرۆسەی دەنگداندا سنوردار نییە بەڵکو لەوانەیە لەوەش گرنگتر ژماردنی دەنگەکان بێت.
شەش لایەنە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بڕیاریان داوە نەچنە پرۆسەی سیاسی عێراقەوە. ئەگەر ئەم بڕیارەش جێبەجێبکرێت ئەوا لە چوار ساڵی داهاتوودا 14 کورسی (بەپێی ئەنجامە بەراییەکان) لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.
ئایا ئەو لایەنانەی سکاڵا و گازەندەیان هەیە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەتوانن بیسەلمێنن فێڵ و تەڵەکە کراوە؟
ئەگەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هیچ وەڵامێکی ئەو سکاڵایەنەی نەدایەوە، بژارەکانی بەردەم لایەنەکان چی دەبن؟
ئایا هەڵبژاردنی 12 ی پێنج تەواوی دەرفەتەکانی بۆ گۆڕانکاری لەناوبرد لە هەرێمی کوردستان؟
دکتۆر کەنعان حەمە غەریب، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5