شاعیر و نوسەری ڕاستەقینە، ئەوانەی نوسین بۆتە خەمی سەرەکییان هەرگیز هەست بە هیچ جۆرە ماندوێتییەک ناکەن و هیچ بێزارییەکیشیان تیادا بەدی ناکرێت لەو سروتەی خۆیان بۆ خۆیان ڕەخساندووە.
نوسین هەمیشە وەک گەشت کردنێکە بە جیهانە جیاوازەکانی هزر و بیرکردنەوە و داڕشتندا، گەشتێکە بە شوێن دۆزینەوەیەکدا هێشتا مرۆڤ پەی پێنەبردووە. بنەمای تۆکمەی ئەم گەشتە بە شوێن سەراسیمەییدا، خوێندنەوە و تێگەیشتنە لە بەهای خوێندنەوەکان.
شیعر و نوسینی و فرە ڕەهەند دەتوانێت بچێتە خانەی هەمیشە زیندووییەوە ئەگەر لە توانایدا بێت لە کرۆک و بەها باڵا و جوانەکانەوە پێشنیازەکانی خۆی بکات بۆ ژیان و مرۆڤ بوون و بشتوانێت بە ڕاڕەوەکانی پاکیزەیی زماندا ڕەوتی خۆی بکات و هەموو دنیاش بکاتە ئەو ئاسمانەی تایبەتمەند دەبێت بە فڕینی ئازادانە و گمەی بێ کۆتایی کۆترەکانی هەموو جیهانەکان.
بەڵام خۆ ناشکرێت نکوڵی لەو ڕاستییە بکرێت زۆر جار تێزە شیعرییە جوان و ناسکەکان دەبنە قوربانی ناشرینیەکانی جەجاڵی دنیا بە دۆزەخەکانی خۆیەوە، هەر بۆیە ناتوانرێت بگوترێت کاتێک شیعرێکی باڵا خۆیمان پێدەناسێنێت ئەوا ئیتر پێویستە لە چاوەڕوانی گۆڕینی جیهاندا بین، وەک گەورە شاعیر و باڵیۆزی وشەی کوردی "شێرکۆ بێکەس" دەفەرموێت "لە جیهانێکی دڕندەی ئاوەهادا، پەپولەیەک چیی پێدەکرێت؟"
شیعر و نوسین پەیوەندییان بە پانتاییەکانی هەستەوە هەن، سەروەختەکە هەر چییەک بێت قوڵایی هەست دەهەژێنن.
شیعری گەورە و داهێنەر، شیعری زیندوو، نیشتمان ناناسێت و هیچ جوگرافیایەکی نیشتمانەکان ناکاتە سنور بۆ خۆی، بەڵکو وردبوونەوەکانی منداڵێک، چاوەڕوانییەکانی دایکێک، هەناسەی خێرنەدیوەکان، ڕەنگاڵەیی جێژوانەکان، پرسیارەکانی مرۆڤ، سەرسوڕمانی لوتکە و خەمەکانی تریفە، قوڕگی وشکی کانیاوەکان، شەپۆلی دەریا، کەروێشکەی گوڵە گەنم، ژانی ژیان، جوڵەکانی سەماکردن، بیرکردنی ڕوناکی، سوێی حەسرەتەکان و....هتد دەکاتە ئەو نیشتمانە بێ سنورەی خۆی بۆ ئافراندن و ژیانکردن لە بینایی و هزری زۆربەماندا.
میوانی بەرنامە:
ئاوات حەسەن ئەمین، شاعیر و وەرگێڕ
کاتێک کە شیعرێکی ئاوات حەسەن ئەمین دەخوێنمەوە، ئەو هەستەم لا دروست دەبێت گەشتیارێک بە بەرگێکی سپییەوە جەنگەڵەکان دەبڕێت و دەڕوات بەرەو ئاسۆیەک کە بە دڵنیاییەوە هێشتا نەیدۆزیوەتەوە و ناشزانم چەندی تری پێویستە بۆ تەی کردنی ئەم ڕێیە پێویستە، وەلێ دەزانم هێشتا هەر بە ڕێوەیە و ماندوش نابێت.
خەمی شاعیر
وەک هەگبەی فەرهاد وایە
بە پەنجەی ئاڵی شیرین نەبێ واڵا نابێ
خەمی شاعیر
چیایەکە ڕەش داگیرساو
بەفری ئیلهامی لێببڕێ
تارای بوکێنی ناپۆشێ.
بەهرەی شاعیر
نیشتمانێکی بەرینە
کۆرپەی شیعری چاوشین، چاوشین
ئەخوڵقێنێ.
ئاوات حەسەن ئەمین، وەرگێرانیشی کردووە بە بەشێک لە ئەرک و خەمی خۆی، ورد بە ناو دەقەکاندا دەگەڕێت و ئیدی بە هەمان ئەندازەی ماندووبوونی لەگەڵ نوسینی شیعرێکدا دەست دەکات بە پرۆسەی وەرگێڕان.
ڕاستە هەرگیز کەسی وەرگێڕ ناتوانێت ڕەهایانە وەک خودی نوسەر بنوسێت، بەڵکو بەند دەبێت بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای وەرگێڕانەوە کە وەک دەگوترێت ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات. ئەگەرچی وەرگێڕان نوسینی تێکستێکی نوێ نییە بەڵام هەرگیز ناتوانرێت بگوترێت کارێکە لە نوسین کەمتر.
ئایا دروستە بگوترێت کردەی وەرگێڕان نووسینەوەی دەقێکی نوێیە لە لایەن کەسی وەرگێڕەوە؟ یان وەرگێڕان دەتوانێت زیندوێتی تێکستەکان بگوازێتەوە؟
ئایا وەرگێڕان لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانە بیانییەکان گرنگترە یان بە پێچەوانەوە؟
ئایا "ئاوات حەسەن ئەمین" توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان نوسین وەرگێڕاندا دروست بکات؟
ئایا دەکرێت ئەو دەقە کوردیانەی وەرگێڕدراون وەک نمونەیەک بۆ فەرهەنگ و ڕۆشنبیری کوردی سەیربکرێن؟
ئایا مەرجە کەسی وەرگێر نوسەر بێت؟
ئەو بنەمایانە چین دەبنە هۆکاری سەرکەوتوویی دەقێکی وەگێڕدراو؟
ئاوات حەسەن ئەمین، شاعیر و وەرگێڕ لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5