موقتەدا ئەلسەدر، کەسایەتی ڕادیکاڵی شیعە ئاینزاکان هاوپەیمانێتی ڕاگەیاندا لەگەڵ لایەنی ئەلفەتح، کە هادی ئەلعامری سەرۆکایەتی دەکات.
ئەم هاوپەیمانێتییەی ئەلسەدر و ئەلعامری بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقە لە پاش هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی دوازدەی مانگی پێنج کە هێشتا مشتومڕێکی زۆری لەسەرە.
پێشتر موقتەدا جەختی لەوە دەکردەوە بە هیچ شێوەیەک هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو لایەنانەدا ناکات کە سەر بە ئێرانن و وابەستەی کارنامەکانی ئێرانن لە عێراقدا.
دەستێوەردانەکان لە عێراقدا دوایی نایەت، وەک زۆرێک لە چاودێر ئاماژەی پێدەکەن و دەشڵێن نەخشەڕێژییەکان بۆ ئەم حکومەتە نوێیە و تەنانەت ڕایەڵەکانی ئایندەی وڵاتەکەش بە دەستی زۆر لایەنی تر دەکێشرێن نەک تەنها عێراقییەکان.
دەشێت بگوترێت هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی عێراقییەکان پڕ لە مشتومڕترین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بووە لەوەتای ساڵی 2003 وە، چونکە ئەمە یەکەمین هەڵبژاردنە زۆرێک لە لایەنە بەشدارەکان بە گومانێکی زۆرەوە لە ئەنجامەکانی بڕوانن و پاش تۆمارکردنی سکاڵاکان و دوابەدوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیش لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، کۆگایەکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکە کە سندوقی دەنگدانی تیادا هەڵگیراوە ئاوردەدرێت.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر ئەمین فەرەج، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق وەک سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان پێکردووە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 17 کەس دەرکردووە لەسەر سوتانی ئەو کۆگایەی کۆمیسیۆن و تا کاتی ئەم بەرنامەیە 9 کەسیان دەستگیرکراون، بەڵام هێشتا ناوی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا نەکراون و وردەکاری تریش لەسەر فرمانی دەستگیرکردنەکە نەزانراوە.
هەندێک لە لایەنەکان پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان بە هەنگاوێکی ڕاست و دروست ناودێر دەکەن بە ئاڕاستەی سەقامگیریی سیاسی وڵاتەکە، لە کاتێکدا لایەنیش هەن لەو بڕوایەدان هەر پەلەکردنێک لەو هاوپەیمانێتیانەدا و هەر خێراکردنێکیش بۆ ڕاگەیاندنی حکومەتی نوێی عێراق بەشێکە لەو هەوڵانەی بۆ شکستپێهێنانی هەموارکردنەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەدرێن و جێگیرکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕێگەگرتنیشە لە ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانە بە دەست.
لەم نێوەندەشدا کورد هێشتا هیچ بەرنامەیەکی ئەوتۆی نییە بۆ چۆنییەتی کارکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق تەنها ئەوەندە نەبێت داوا دەکەن کە پێویستە بە یەکڕیزی بچنە بەغدا و بەشداری لە حکومەتدا بکەن. ئەم داوایانەش لە کاتێکدایە پەڕتەوازەییەکی زۆر و شپرزەییەکی زۆر ناوماڵی کوردی گرتۆتەوە لە هەرێمی کوردستاندا، هەر بۆیە خەڵک بە دڕدۆنگییەکی زۆرەوە لەو داوایانە دەڕوانن و دەڵێن یەکڕیزی و تەبایی و هاوهەڵوێستی لەناو هەرێمی کوردستاندا بوونی نییە، ئیدی بۆچی چاوەڕوان بکرێت لە بەغدا هەبێت!!
ئایا هاوپەیمانێتی نێوان موقتەدا ئەلسەدر و هادی ئەلعامری، جێگیرکردنی ڕۆڵی ئێرانە لە عێراقدا؟
ئایا عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆی پاش هەڵبژاردن دەڕوات؟
ئایا کورد هیچ پڕۆژەیەکی هەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی ئایندەی عێراقدا؟
دکتۆر ئەمین فەرەج، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5