دەنگدەران لە کۆماری تورکیا ڕۆژی 24 ی ئەم مانگی شەشە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و هەروەهاش ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان.
بەپێی سەرچاوە هەواڵیەکانی تورکیا، لەم هەڵبژاردنەدا بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2015 دا زیاتر لە 3 ملیۆن دەنگدەری نوێ مافی دەنگدانیان هەیە بەڵام نازانرێت چەندێک لەو دەنگدەرە نوێیانە بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن.
هەرچۆنێک بێت، شەش کاندید هەن بۆ سەرۆکایەتی و هەشت لایەنی سیاسیش لە پێشەبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی زیاتری کورسییەکانی پەرلەمان.
پێشتر بڕیار بوو ئەم هەڵبژاردنە لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 دا بکرێت بەڵام بەپێی پێشنیازێکی هاوبەشی ئاکەپە و مەهەپە ڕۆژی هەڵبژاردن پێشخرا.
ئەمەش یەکەمین هەڵبژاردنە لە تورکیا پاش ئەو ڕیفراندۆمەی بۆ گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی وڵاتەکە کرا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، واتە ئەو جۆرە سیستەمەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا و کاندید بۆ هەمان پۆست لەم هەڵبژاردنە سەرسەختانە داکۆکی لێدەکرد.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا
زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکانی ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا جەخت دەکەنەوە لەو نا بەرابەرییەی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا هەن، وەک دەڵێن تەواوی میدیا لەلایەن ئەردۆغان و لایەنەکەیەوە کۆنترۆڵ کراوە و دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ کاندیدەکانی تر نەماوەتەوە و بە ڕاشکاویش باس لەم دیاردەیە دەکەن لە کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەریەکانیاندا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، کاندیدە کوردەکەی پۆستی سەرۆکایەتی و هاوسەرۆکی هەدەپە، لە گرتوخانەوە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی دەکات و هەر لە ژووری گرتوخانەکەیەوە پەیامەکانی خۆی دەنێرێت بۆ دەنگدەرانی وڵاتەکە و داوایان لێدەکات دەنگ بۆ ئاشتی و ئاسودەیی و ئارامی و سەقامگیری تورکیا بدەن.
موحەڕەم ئینجە، کاندیدی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت وێڕای ئەو نا بەرابەرییەی هەیە بەڵام هەر سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت.
ئەم هەڵبژاردنانە لە کاتێکدا دەکرێن هێشتا وڵاتەکە لەژێر ڕەوشی باری نا ئاساییدایە و هەر ئەم ڕەوشەش وەهای کردووە تەواوی ئازادییەکان لەو وڵاتەدا بکەونە ژێر پرسیارەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی نرخی دراویی لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی جیهاندا، کە بە یەکێک لە هۆکارەکانی خراپ بوونی باری ئابوری تورکیاش دەزانرێت.
لەگەڵ هەموو ئەو ڕەوشە ئاڵۆزە سیاسییەی ناو تورکیا، حکومەتی وڵاتەکە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات لە شاخەکانی قەندیل لەناو هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
ئەگەرچی دەگوترێت ئەم هەڕەشانە تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگی زیاتری نەتەوە پەرستەکانی تورکیایە، بەڵام لە ئێستادا سوپاى تورکیا بە قوڵایى نزیکەى ٣٠ کیلۆمەتر هاتووەتە ناو سنورەکانى هەرێمى کوردستانی عێراق و لە ناوچەکانى برادۆست و بادینان و سیدەکان سوپاى تورکیا جێگیربوون. لێدوانە یەک بە دوا یەکەکانی گەورە کاربەدەستانی ئەو وڵاتەش شتێکی تر دەڵێت وەک ئەوەی جەخت دەکەنەوە لەوەی لە ماوەی 90 ڕۆژدا ئاڵای تورکیا لەسەر چیاکانی قەندیل هەڵدەکەن.
ئایا ئەم هەڵبژاردنەی تورکیا دەبێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی لەو وڵاتەدا؟
ئایا ڕاگەیاندنە شەڕ ئامێزەکانی ئاکەپە و مەهەپە بەرامبەر کورد لە تورکیادا یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان؟
ئایا لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەرانی تورکیا خاوەنی بڕیارن؟
دکتۆر سەلام عەبدولکەریم، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا لە زانکۆی سلێمانی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5