شەماڵ بەشیری : باس لە هەڵبژاردنەوەی ئەردوگان و ئاێیندەی تورکیا دەکات

Shamal Bashiri

رەجەب تەیب ئەردوگان لە رفراندومی ئاپریلی ساڵی 2017 و دیسان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەش بردیەوە. ئەو دەڵەی " ئەگەر بڵێن سندوقەکانی دەنگدان دیکتاتۆرێک درووست دەکات، رەوا نییە بۆ پرۆسەی سندوقەکانی دەنگدان " ئایا وایە؟

ئەردوگان کە ئێستاکە هەڵبژێردرایەوە، شیانی هەیە تا ساڵی 2023 یان تا 2029 فەرمانرەوایی بکات، بە پێی ئەو سیستمە نوێە ئەردوگان دەسەڵاتەکانی یەکجار فراوانتر دەبێتەوە، ئەردوگان شیانی هەیە تورکیا بەرەو کوێ ببات؟

شەماڵ بەشیری لێکۆڵەر و چاودێری کاروباری رامیاری لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " لە راستیدا سنووردار کردنی دیمۆکراسی تەنها بە هەڵبژاردن، هەڵەیە تێگەیشتنێکی " فاحشە " لە دیمۆکراسی، هەڵبژاردن تەنها یەکێک لە میکانیزمەکانی دیمۆکراسیە، وەکو دبینرێت ئەمرۆ لە زۆربەی وڵاتانی نا دیمۆکراتیک هەڵبژاردن وەکو میکانیزمێک لە ناو دەوڵەتدا بە کار دەهێنرێت، بەڵام چەندە ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت گوزارە لە ئیرادەی کۆمەڵگا بکا، ئەمرۆ لە ئیرانیش هەڵبژاردن هەیە بەڵام کەس ناتوانێت باس لەوە بکات تەنها لەبەر ئەوەی کە هەڵبژاردن لە ئێراندا هەیە دیمۆکراسی هەیە ".

کاک شەماڵ هەر وەها دەڵێت " ئێمە دەبێ تەماشای مێژووێ ئیسلامی سیاسی هەر لە 80 کانەوە لە تورکیادا بکەین، کە سەرەتا وەکو بزوتنەوەیەکی تقریبا لیبراڵ دێتە ناو کایەی سیاسیەوە، بە کۆمەڵێک درووشمی لیبراڵەوە، لە زۆر بواراندا تاقیکردنەوەکانی (اخوان المسلمین) لە وڵاتانی عەرەبیدا بە کار دێنی و لە چوارچێوەی کۆمەڵگای مەدەنیدا خۆێ وەکو لایەنێکی سیاسی وەکو هێزێکی سیاسی خۆێ دەردەخاتە پێش تا 2002 و دامەزراندنی ئاکەپە و بەدەسەڵات گەیشتنی ئەردوگان، ئەوەی کە ئەمرۆکانە ئێمە لە دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەدا دەیبینین بەراستی گەورەترین ( ضربە) دەست وەشاندنە لە دیمۆکراسی و لە دەرئەنجامدا سەرکەوتنی هێڵی فاشیزمی ئیسلامی سیاسی سوننە بە پێشانگای ئاک پارتی".

کاک شەماڵ دەشڵێت " تەنانەت ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ( پارتی دیمۆکراتیکی گەلان، جەهەپە، IYI) ئەوانە هاتبان لە پەرلەماندا زۆرینەیان بە دەست هێنابا دیسان پەرلەمان، پەرلەمانی جاران نییە، چون بەم هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەوەی ئەردوگان، لەوە بەو دوواوە ساختاری سیاسی لە تورکیا لە ساختارێکی پەرلەمانیەوە بەرەو ساختارێکی سەرۆکایەتی دەگۆڕدرێت و لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریە لەوە بەو دوواوە سەرۆک کۆمار هەم سەرۆکی دەوڵەتە وە هەم سەرۆکی حکومەتە، لەو چواچێوەدا هەموو جومکەکانی دەسەڵات لە دەستی تاکە کەسێکدا پاوانە دەکردرێت و پەرلەمان ئەو رۆڵە کارا یەکلاکەرەوەی جارانی نامێنێت تەنانەت ئەگەر بێت ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا زۆرینە بێت ".

Your browser doesn’t support HTML5

Interview with Shamal Bashiri