ئەگەرچی هێشتا دیارنییە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق چەندێکی تر درێژە دەکێشێت و هاوپەیمانێتییەکانیش چۆن دەبن، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە دەسەڵاتی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان خوازیارە بەشداربێت لەو حکومەتە نوێیەدا.
هەر لە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن شاندەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغدا و دەستکرا بە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە شیعەکانی عێراقدا کە سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێنا لە هەڵبژاردندا.
هێشتا دادگای فێدراڵی عێراق بڕیاری لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نەداوە و چاوەڕوانی ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانە بە دەست.
هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ناوماڵی کورد شپرزەیی و پەڕتەوازەیی بە خۆوە نەبینیوە، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەوپەڕیدایە، ژمارەیەک لایەن هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قایل نین و جەخت دەکەنەوە کە دوو زلهێزەکەی هەرێمی کوردستان فێڵ و تەڵەکەیەکی گەورەیان کردووە و دەنگی لایەنگران و هەوادارانی ئەو لایەنانەیان بۆ خۆیان بردووە.
لە ئاوەها هەلومەرجێکدا کورد پاش ئەو ڕیفراندۆمەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆی 2017 کردی بۆ سەربەخۆیی، دەخوازێت بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و بەشداری بکات لە پێکهێنانی حکومەتە نوێیەکەی عێراقدا.
گەلێک دۆسێی هەڵپەسێردراو هەن لە نێوان بەغدا و هەولێردا، ژمارەیەکی بەرچاوی کێشەی کۆن و نوێ هەن وەلاوەنراون و لەهەر کاتێکدا بێت سەرهەڵدەدەنەوە و دەخرێنە سەر کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوانیان.
نادیارییەکی زۆر هەیە لەو ڕەهەندەی پێی دەگوترێت ئایندەی عێراق، وەلێ ئایا بۆ کورد چۆن دەبێت؟!
میوانی بەرنامە:
کامەران وریا قانع، نوسەر و لێکۆڵەر
لە ساڵی 2003 وە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت کورد لە بەغدایە و وێڕای هەموو ڕەتکردنەوەیەکی بڕیار و هەڵوێستە سیاسییەکانی بەغدا بەڵام هیچ کاربەدەستێکی کورد ئامادە نەبووە لە بەغدا بکشێتەوە، هەرچەندە لە کاتی قوڵبوونەوەی کێشەکاندا زۆر جار نوێنەرانی کورد دەیانگوت "بژارەی ترمان لەبەردەستە." هەرچەندە وردەکاری ئەو بژارەیەی تر باس نەدەکرا ، وەلێ لێکدانەوەکان زیاتر بەو ئاڕاستەیەدا دەبوو کە گوایە لەوانەیە کورد لە بەغدا بکشێتەوە.
تەنانەت لەپاش هێرشەکانی حکومەتی عێراق دوابەدوای ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، پاش سەپاندنی سزاکانی بەغدا بەسەر هەولێردا، هیچ کاربەدەستێکی کورد دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕانەگەیاند و پاساوە هەرە سەرەکییەکەش وەک دەڵێن "پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردە لە بەغدا." ئەمە لە کاتێکدایە هەولێر بەردەوام لۆمەی بەغدا دەکات بۆ هەر کێشە و گرفت و ئاڵۆزییەکی نێوانیان.
لە ئێستادا ڕوانین زۆرن بۆ چۆنییەتی کارکردنی کورد لە بەغدا، هەندێک لایەن پێیان وایە یەکڕیزیی لە بەغدا کاری سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی مافەکان، بەڵام ناڵێن چ جۆرە یەکڕیزییەک، یان چ بەرنامەیەک دەبێتە مایەی هێنانە ئارای ئەو یەکڕیزییە، هەندێک لایەنیش لەوبڕوایەدان گۆڕانکاری لە ستراتیژیەتی کارکردنی کورد لە بەغدا دەبێتە هۆکارێک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ کورد.
هەندێک لایەنیش جەخت دەکەنەوە لەوەی پێداچوونەوە بە هاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ لایەنە عەرەبەکاندا بە شیعە و بە سوننەشەوە بەشی خۆی گرنگە بۆ ئایندەی کورد و وەک دەڵێن پێویستە بزانێت لەگەڵ چ لایەنێکدا هاوپەیمانی دەکات و بەرژەوەندی هاوبەشیشی لەگەڵ کێدایە.
ئایا یەکڕیزیی کورد لە بەغدا گرنگە یان گۆڕینی ستراتیژیەتی کارکردن؟
ئایا لە عێراقی ئەمڕۆدا کێ دۆستی کوردە؟ ئەی کورد دۆستی کێیە؟
ئایا پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لە بەرژەوەندی کوردە؟
کامەران وریا قانع، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5