دکتۆر ئەحمەدی مەلا: کوردستان وەک نیشتمان لە دیدگای سیاسی لایەنەکانی هەرێمدا بوونی نییە

دکتۆر ئەحمەدی مەلا

هەرێمی کوردستانی عێراق لەناو کۆمەڵێک قەیران و ناکۆکی سیاسیدا دەژی و هێشتاش ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵۆزیانە دیارنین هەرچەندە بڕیاریشە لە کۆتایی مانگی نۆدا هەڵبژاردن بکرێت.

دکتۆر ئەحمەدی مەلا، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت لە ئێستادا هەر ئەوەندەیە کە هیوا بخوازرێت تا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن بە شوێن چارەسەریەکدا بگەڕێن بۆ ئێستا و ئایندەش، بەڵام وەک دەڵێت ئەمەش کارێکی زۆر قورس و سەختە لەو ڕوانگەیەوەی کەڵەکە بوونی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو زۆرن و لە سەرەتاشەوە بە شێوەیەکی نادوروست دەست بە کاری سیاسی کراوە.

دکتۆر ئەحمەدی مەلا ئاماژەش بەوە دەکات کە دەنگدان چەمکێکە لە چەمکەکانی پێکهێنانی کۆی سیستەمی دیموکراسی، وەلێ بە تەنها دەنگدان بەس نییە و دەڵێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق کارکردنەکە لەسەر خاکێکی بڵە و زەمینەسازییەکی ئەوتۆ نەکراوە تا دیموکراسی لەسەر ئەو خاکە ڕەگی خۆی دابکوتێت.

لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر ئەحمەدی مەلا باسیش لەوە دەکات بەهۆی کەموکوڕیەکانەوە، وەک گەمەیەکی ناشرین لە چەمکی دیموکراسی دەڕوانرێت لە کۆمەڵگەی کوردیدا وە دەڵێت کاتێک مرۆڤ بتوانێت ئازادانە دەنگ بدات ئەوا یانی پاراستنیبوونی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا، وە دەشڵێت ئەو باسکردنەی دیموکراسیش تەنها لەبەر ئەوەیە بە دەرەوەی کۆمەڵگەی خۆمان بڵێین ئەوەتا ئێمە دیموکراسین و تەباین لەگەڵ ئازادییەکان و لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا، بەڵام لە کۆتاییدا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لایەنێک نین دیموکراتی بن.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ دکتۆر ئەحمەدی مەلا