محه‌مه‌د وانی: ئه‌وانه‌ی حوکمی عێراق ده‌که‌ن توانای به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیان نیه‌

له‌باشووری عێراق و به‌تایبه‌ت له‌ پارێزگای به‌سره‌، بۆچه‌ند ڕۆژێکه‌ خۆپیشاندان ده‌ستیپێکردوه‌، باس له‌وه‌ ده‌کرێت ناره‌زایی‌یه‌ له‌ نه‌بوونی خزمه‌ت گوزاری، به‌ڵام له‌وه‌تای ڕژێمی سه‌ردام له‌ ساڵی 2003ه‌وه‌ ڕووخاوه‌، ناڕه‌زایی هه‌یه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆ له‌مکاته‌دا خۆپیشاندان.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌ڵێت که‌سانی تێکده‌ر خزاونه‌ته‌ خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌ بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی، چ لایه‌نێک سوود له‌ تێکدانی دۆخی عێراق وه‌رده‌گرێت.

تاچه‌ند خۆپیشاندان په‌یوه‌ندی به‌ گوومان له‌ساخته‌کاری ده‌نگدان و دووباره‌ هه‌ژمارکردنی ده‌نگه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌؟.

له‌عێراق و هه‌رێمی کوردستان باس له‌ ڕاگرتنی هێڵی ئینته‌رنێت ده‌کرێت، ئایا ئه‌مه‌ هه‌مئاهه‌نگی نێوان حکه‌مه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ له‌گه‌ڵ حکه‌مه‌تی عێراق به‌ کپکردنی خۆپیشاندان؟، یاخود مه‌ترسیه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بۆ هه‌رێمی کوردستان.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وریا کاڵی له‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا گفتووگۆی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د وانی نووسه‌ر و شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی کردوه‌.

وانی ده‌ڵیت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی حوکمی عێراق ده‌که‌ن توانای به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیان نیه‌، یاخود له‌ سیاسه‌ت تێناگه‌ن، عێراق له‌دۆخێکدا ده‌ژی وای له‌ ڕێکخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی کردوه‌ به‌ گه‌نده‌ڵترین وڵاتی جیهان هه‌ژماری بکات.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ڕه‌نگه‌ خۆپیشاندان له‌مکاته‌دا له‌له‌یه‌ن وڵاتێکی وه‌ک ئێران و ئه‌مریکاوه‌ فشارێک بێت بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی خۆیان و به‌شداربونیان له‌ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیدا.

ده‌رباره‌ی ڕاگرتنی هێڵی ئینته‌رنێت ده‌ڵێت هه‌رێمی کوردستان هه‌موو شتێکی ڕاده‌ستی حکومه‌تی عێراق کردوه‌ و سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ستداوه‌ و عێراق له‌ ئێستادا ڕاگرتنی ئینته‌رنێت دژ به‌ دۆخه‌که‌ به‌کار دێنێت و کۆنترۆڵی کردوه‌.

Your browser doesn’t support HTML5

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د وانی