لە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەرەوە دەیان خۆپیشاندەری عێراقی بە دەستی هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە بریندارکراون و دەستگیریش کراون.
هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە کوژرانی خۆپیشاندەریش دەکەن.
هەر بە هۆی ئەم شەپۆلی ناڕەزاییەی زۆرێک لە شارە گەورەکانی عێراقی گرتۆتەوە، موقتەدا ئەلسەدر براوەی پلە یەک لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا داوا دەکات تەواوی دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕابگیرێن تا ئەو کاتەی داواکانی خۆپیشاندەران جێبەجێدەکرێن .
دەمڕاستی سەرەک وەزیری عێراق دەڵێت کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکانی خۆپیشاندەران دەکرێت، ئەو داوایانەی ڕاستن و ڕەواییان هەیە و دەشڵێت ڕیوشوێنی تایبەت گیراونەتە بەر و بڕیاری گونجاویش دراون بۆ بەجێگەیاندنی داواکانی خەڵک، وە دەشڵێت سەرەک وەزیری عێراق کەوتۆتە تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی داواکانی خۆپیشاندەران بەڵام هیچ باسی لەوە نەکرد کە ئەو تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنانە لەسەر چ بنچینەیەکن.
ئەلحەدیثی ئاماژەش بەوە دەکات کە خۆپیشاندان کردن شتێکی ئاساییە و ئەوەی ئێستا لە عێراقدا ڕوودەدات زیاد لە پێویست گەورە کراوە. سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ هەینی عێراقییەکان دەمڕاستی سەرەک وەزیری عێراق دەڵێت بە شێوەیەکی گشتی عێراقییەکان لە ڕۆژی هەینیدا خۆپیشاندان دەکەن.
سەعد ئەلحەدیثی جەخت دەکاتەوە لەوەی کە هەرچەندە ئێستا حکومەتی عێراق بووەتە حکومەتێکی کار بەڕێکەر بەڵام تەواوی دەسەڵاتی هەیە بەو شێوەیەی لە دەستوردا بۆی دیاریکراوە و دەسەڵاتی هەموو خەرجییەکیشی هەیە بەپێی هاوسەنگی دارایی فێدراڵی.
ئەم لێدوانانەی سەعد ئەلحەدیثی لە کاتێکدایە زۆرێک لە چاودێرانی کاروباری عێراق لەوبڕوایەدان لەمساڵی 2018 یەدا ناتوانرێت حکومەتی نوێی وڵاتەکە پێکبهێنرێت بەهۆی ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکانەوە و هەروەهاش بەهۆی بەرژەوەندی وڵاتانی تر لە عێراقدا.
لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ سەعد ئەلحەدیثی، دەمڕاستی سەرەک وەزیری عێراق، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5