قەوارە و لایەنە سیاسیەکان ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن دەکەن

ڕۆژی 29 ی ئەم مانگە دوا وادە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدانی لیست و قەوارە سیاسیەكان دانرابوو بەم هۆیەوە سەرجەم لیست و هاوپەیمانی و قەوارە سیاسیەكان كە ژمارەیان 29 لیست بوون ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد و كۆمسیۆنییش بۆ دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان دەنێرێت .

پێشتر كۆمسیۆنی باڵا دوا وادەی بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان 25 ی ئەم مانگەی دانابوو دواتر بۆ 29 ی هەمان مانگ درێژكردەوە و رایانگەیاندبوو كە چیتر درێژناكرێتەوە بویە سەرجەم لیست و قەوارە و هاوپەیمانێتیەكان ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بە كۆمسیۆن كرد بۆ هەڵبژاردنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كە بریار وایە ڕۆژی 30 ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنەكان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت .

ژیار دزەیی بەڕێوەبەری قەوارە سیاسیەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند هەموویان ناوەكانیان هێناوە ، ژمارەیان 29 لیست وقەوارە و هاوپەیمانی بوون سەرجەمیان ئەمڕۆ و بەشێكیان پێشتر ناوەكانیان هێناوە و تەواو بووە و ئێستا ئەوان لە قوناغی وردبینی سەرەتایین كە لە لایەن بەشی قەوارە سیاسیەكانەوە ئەنجام دەدرێت ، لەبارەی ئەوەی كە چەند ڕۆژ لە قوناغی وردبینی دەبن لە كۆمسیۆن ناوبراو دەڵێت پێی وابێت سێ ڕۆژ و دواتر دەینێرن بۆ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاكی .

وادەی بانگەشە دیاری نەكراوە ئایا چەند ڕۆژ بۆ بانگەشە دادەنرێت دزەیی دەڵێت مەسەلەی بانگەشە پەیوەستە بە پەسەند كردنی پالێوراوان پالێوراوانیش كەی پەسەند كران ئەو كات ئەنجومەن بریارێك دەدات لەسەر وادەكە.

جێگای ئاماژەیە هێمن هەورامی سەرۆك لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و قوباد تاڵەبانی سەرۆك لیستی یەكێتی نشتیمانی كوردستانە و هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە عەلی حەمە ساڵەح سەرۆك لیستەكەیانە و لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش دكتۆر شێركو جەودەت كراوە بە سەرۆك لیست و سۆران عومەریش سەرۆك لیستی كۆمەڵی ئیسلامیە و لە نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆك لیستە.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەحمەد زێباری