عەبدوڵا ئەلدولەیمی: ئەنجامەکانی ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان قەیران و کێشە و ئاڵۆزیەکان لە عێراقدا زیاتر دەکەن

ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ئەژمارکردنەوەی بە دەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 12 ی مانگی پێنجی عێراق نەبووە مایەی هێورکردنەوەی دەنگە ناڕەزاییەکانی بەرامبەر یەکەم ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە هەبوون.

عەبدوڵا ئەلدولەیمی، سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆی عەرەبی سوننەیە و دەڵێت لە کاتێکدا لە عێراق هەڵبژاردنێکی پوچەڵی ناڕەوا کراوە، هەر بۆیە هەرگیز ناکرێت وەک ڕای گشتی عێراقییەکان لێی بڕوانرێت چونکە تەواوی پرۆسەکە لەسەر بنچینەی فێڵ و تەڵەکە و ساختەکاری بووە.

ئەلدولەیمی دەڵێت هەر شتێک لەسەر بنچینەی پوچەڵ بونیات نرابێت ئەوا پوچەڵە، هەر بۆیەشە ئەو ئەژمارکردنەوەیەی بە دەست کراوە جێی گومانێکی زۆرە و دەشڵێت ئەو پرۆسەیەی هەڵبژاردن و ئەو ئەنجامانەی هەردوو جارەکە ڕاگەیەندراون بەو شێوانەی بینیمانن، هیچ شتێک نیین تەنها دیاردەیەکی ترە بۆ قڕوقەپ پێکردنی خەڵک و بێڕێزی کردن بە ڕای گشتی و بێ بەهاکردنی هەڵبژاردن.

سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، عەبدوڵا ئەلدولەیمی دەڵێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر پێکهێنانی حکومەت و وەک باسی دەکات دەشێت ببێتە مایەی زیاتر دواکەوتنی بەهۆی ئەو کێشە و گرفت و ئاڵۆزیانەی لە نێوان لایەنەکاندا هەن و هەروەهاش لە ناو خودی لایەنەکان خۆشیاندا.

ئەلدولەیمی لەو بڕوایەدایە تەنانەت ئەگەر حکومەتی نوێش پێکبهێنرێت ئەوا تەمەنی ئەو حکومەتە لە مانگێک بۆ مانگ و نیوێک زیاتر تێپەڕ ناکات و جەختیشی لێدەکاتەوە کە دەشێت کاریگەری زۆر نەرێنیش بە دوای خۆیدا بێنێت چونکە وەک دەڵێت ئەو حکومەتە نوێیە لەسەر بنچینەی هەڵبژاردنێکی پوچەڵ پێکدەهێنرێت.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ عەبدوڵا ئەلدولەیمی، سیاسەتمەداری عەرەبی سوننە، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی عەبدوڵا ئەلدولەیمی