لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک هەموو لایەنەکانی عێراق بەشدارییەکی چڕ و پڕیان هەیە لە دانوستاندنەکانی تایبەتن بە ئەگەر و نەگەری بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا.
ئەڵبەتە ئەم کۆبوونەوانە دوابەدوای دروستبوونی کەلێنێکی گەورە دێت لە نێوان بەغدا و هەولێردا.
دکتۆر جەعفەر عەلی، شیکەرەوەی سیاسی لەوبڕوایەدایە هێشتاش دەسەڵاتی سیاسی کورد لە عێراقدا خۆی بە بەشێک لە جوگرافیا و پرۆسەی سیاسی عێراق دەزانێت و دەڵێت هێشتاش کورد خۆی بە بەشێک لە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتەکە دەزانێت و چونکە بەشداریشی لە هەڵبژاردنەکانی 12 ی مانگی پێنجی عێراقدا کرد، کەواتە ئەمەش بەو مانایەیە کورد دەخوازێت بەشێک بێت و هاوبەشیش بێت لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.
دکتۆر جەعفەر ئاماژەش بەوە دەکات کە لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵانی پێشوودا نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەبووە و دەشڵێت شکستهێنانیش لەوەی دەستکەوتێکی ئەوتۆ نەبووە بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی کورد خۆیەتی، وەک دەڵێت ئەمە بە مانای پاساو هێنانەوە نییە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا، چونکە ئەو کاتەی کورد پێگەی هەبوو لە بەغدا، عێراق وڵاتێکی هەڵوەشاوە بوو، بۆیە کورد دەیتوانی کۆمەڵێک دەستکەوتی هەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی بەڵێن ساڵح سەبارەت بەوەی ئایا کورد سود لە ئەزموونی 15 ساڵی ڕابردووی خۆی دەبینێت و ئایا وەک وانەیەک سەیری دەکات تا بەرنامەی خۆی لەسەر دابنێت بۆ چوار ساڵی ئایندە؟ دکتۆر جەعفەر دەڵێت نەخێر و هۆکارەکەیشی دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسییەکانی کورد و دەڵێت ئەم جۆرە سیاسیانەی کورد هیچ سودێک لە ڕابردوو وەرناگرن و هەروەها هیچ سودێکیش لە ئەزموونی گەلانی تریش وەرناگرن.
زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5