عالیە نوسەیف جاسم: دەکرێت بڵێم ڕۆژانە پەیوەندی تەلەفونی لە نێوان مالیکی و بارزانیدا هەیە

عالیە نوسەیف جاسم

لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆبوونەوەکان بەردوامن لە نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا بەڵام هێشتا نەتوانراوە گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمان پێکبهێنرێت.

زۆرێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان ململانێکانی نێوان وڵاتان لەناو عێراقدا و بە تایبەتیش ململانێی نێوان وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی گەیشتن بە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی.

عالیە نوسەیف جاسم، ئەندامی باڵا لە دەوڵەتی ئیسلامی کە نوری ئەلمالیکی جێگری سەرۆکی عێراق سەرۆکایەتی دەکات دەڵێت لە ئێستادا پێگەیشتنێکی سیاسیانە هەیە لەناو بڕیاردەرانی عێراقیدا کە هیچ چارەیەکیان نییە تەنها ئەوە نەبێت بە دوو ڕێگەدا بڕۆن، وەک دەڵێت یەکەمیان گۆڕینی بنەماکانی سیاسەتکردنیانە و دووهەمیشیان تێگەیشتنە لەوەی دەتوانن بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن.

عالیە نوسەیف دەڵێت هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆکردنەوەی ماڵی شیعە لە عێراقدا سەری نەگرت چونکە لایەنە شیعەکان تێگەیشتوون لەوەی پاراستنی عێراقیبوونی خۆیان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە، وە دەشڵێت فشارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە پێناو دانانەوەی حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیرە بۆ چوار ساڵی تر، وەک ئەوەی عێراقیەکان نەتوانن عەبادییەکی تر بەرهەم بهێنن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ لایەنی دەوڵەتی یاسا، عالیە نوسەیف جاسم جەخت دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت " لە ڕووی پرەنسیپەوە کورد بڕوای بەوەیە هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ دەوڵەتی یاسا و فەتحدا کە هادی ئەلعامری سەرۆکایەتی دەکات، جۆرێک لە ئاسودەیی و دڵنیایی و سەقامگیرییان پێدەبەخشێت، هەر بۆیەشە کورد بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات و ڕێککەوتنیش کراوە لەسەر ئەوەی داواکان لەسەر بنچینەی زۆرترایەتی بخرێنە ڕوو نەک ئەوەی داوای ماڵی شیعە یان ناوماڵی کورد یان ناوماڵی سوننەکان بێت."

عالیە نوسەیف جاسم، ئەندامی باڵا لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت پەیوەندییەکان لە نێوان نوری ئەلمالیکی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک خۆی لێهاتۆتەوە و ئەو ناکۆکیانەی پێشتر هەبوون وەها نەماونەتەوە و داعش و کێشەکانی تریش وانەیەکی قورسی فێری هەمووان کرد لە عێراقدا و ناچاریشی کردن بیرکردنەوە و تێگەیشتنی نوێیان هەبێت.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ عالیە نوسەیف جاسم، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت لەسەر بنچینەی لێدوانەکانی عالیە نوسەیف جاسم