ناڕەزایی و بێزاری بەسرەییەکان بەرامبەر ئێرانیشە

خۆپیشاندەرانی شاری بەسرە ئاگریان بەرداوەتە کونسوڵخانەی ئێران

هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە شاری بەسرەی باشوری عێراق تەواوی سەرنجەکانی ڕووداوەکانی ئەو شارەی بۆ لای خۆی برد.

ئەگەرچی خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە لە پێناو دابینکردنی خزمەتگوزاریەکاندان بۆ دانیشتوانی ئەو پارێزگایە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە بگوترێت ڕەهەندی سیاسیانەی نییە.

دیمەنێکی خۆپیشاندانی بەسرە

قوسەی جومعە، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقە و دانیشتوی شاری بەسرەیە دەڵێت ڕۆژی هەینی ڕەوشەکە گۆڕا و خۆپیشاندەران بە ئاڕاستەی کونسوڵخانەی ئێران ڕۆیشتن و هەرچەندە باڵەخانەکە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە پارێزگاری لێدەکرا بەڵام ئەو دەستانەی دزەیان کردبووە ناو خۆپیشاندانەکەوە توانییان کونسوڵخانەی ئێران بسوتێنن.

قوسەی جومعە ناڵێت ئەو دەستانە کێ بوون.

هەرچۆنێک بێت ڕای جیاواز هەن لەسەر ئەو ڕووداوە. وەزیرێکی پێشووی حکومەتی عێراق دەڵێت لە کاتێکدا وڵاتانی دراوسێی عێراق هیچ بایەخێک نادەن بە باری ئاسایشی و ڕەوشی تەندروستی و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی عێراق، ئەمانە بێ لەوەی کڵۆڵی و داماوییەکی زۆریش بەهۆی حکومەتی عێراق خۆیەوە بەرۆکی دانیشتوانی وڵاتەکەی گرتووە، هەر بۆیە خەڵک ناچار بوون ئا بەو شێوەیەی دەبینرێت ڕابپەڕێت بەرامبەر هەموو ئەوانەی ژیانیان لە عێراقدا لێوێرانکردوون.

دیمەنێکی سوتاندنی باڵەخانەکانی پارێزگای بەسرە

جەمال عەبدولهادی ئەلبتیخ، وەزیری پێشووی کاروباری عەشرەتەکان دەڵێت بەشێکی ئەم توڕەیی و ناڕەزاییەی خەڵک لە پێناو سەروەری عێراقدایە دژی دەستێوەردانە دەرەکییەکان جا لەلایەن ئێرانەوە بێت یان لە وڵاتانی کەنداوەوە.

ئەمە سێهەمین جارە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بەسرە بسوتێنرێت و یەکەم جار لە ساڵی 2011 بوو وە دواتریش لە ساڵی 2013 بوو، سێهەم جاریش ڕۆژی هەینی 7 ی مانگی 9 ی ئەمساڵی 2018 یە بوو.

موحەمەد سەلمان ئەلتائی، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراق دەڵێت ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە دانیشتوانی شاری بەسرە لەوبڕوایەدان بەشێکی گەورەی کێشەکانیان لە ڕووی خزمەتگوزاری و سیاسی و تەنانەت ئەو دەسەڵاتانەش کە لایەنە سیاسییەکان هەیانە، کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پشتەوەیە، هەر بۆیە وەک دەڵێت خەڵک هیچ ڕێگەیەکیشی نەبووە بۆ دەربڕینی ئەو ناڕەزایی و بێزارییە، تەنها ئەوە نەبێت بچێتە ناو کونسڵخانەی ئێرانەوە و ئاوری تێبەربدەن چونکە خەڵکی بەسرە تەواوی بەرپرسیارێتی ڕەوشی خراپی ژیان و گوزەرانیان و مەینەتییەکانیان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێران دەنێن.

دیمەنێکی خۆپیشاندانەکانی بەسرە

ئەلتائی ئاماژەش بەوە دەکات لەناو شیعەکانی عێراقدا بێزارییەکی زۆر هەیە بەرامبەر دەستێوەردان و کاریگەرییەکانی ئێران لە کاروبارەکانی وڵاتەکەیاندا، هەر بۆیەشە کاتێک لەو شارانەی کونسوڵخانەی ئێرانی تیادا نییە، خەڵک بارەگاکانی ئەو لایەنە سیاسیانە ئاور دەدەن کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن وەک ئەوەی لە ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا و ناسریە و عەمارەدا بینران.

ئێران خاک و ئاسمانی عێراقیش بەکاردەهێنێت بۆ کردە لەشکرییەکانی. هەر ئەمڕۆ شەممە کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەک موشەکی گرتۆتە بنکەکانی هەردوو دیموکرات لە شاری کۆیەی هەرێمی کوردستانی عێراق.

موحەمەد سەلمان ئەلتائی دەڵێت حکومەتی عێراق لە بارێکی ناجێگیردایە و نازانێت چۆن ڕەفتار لەگەڵ ئەو جۆرە دۆسێیانەدا بکات و دەشڵێت حکومەتی عێراق توانای سەروسەوداکردنی نییە لەگەڵ دەستدرێژییەکانی ئێراندا وەک ئەو هێرشەی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر شاری کۆیە یان بڕینی سەرچاوەکانی ئاو، وە عێراق شکستی هێناوە لەوەی بتوانێت کاریان لەسەر بکات.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ قوسەی جومعە، جەمال عەبدولهادی ئەلبتیخ، موحەمەد سەلمان ئەلتائی؛ بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی ناڕەزایی و بێزاری بەسرەییەکان بەرامبەر ئێرانیشە