سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان تەنها تاکە یەک سەرچاوە نین و لەچەند شوێنێکەوە سەرچاوە دەگرن، سەرباری قەیرانە ئابوری و تا ڕادەیەک سیاسییەکانیش بەڵام بەڕای شارەزایانی بواری ئابوری هێشتا ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان بەشی کۆی موچەی هاوڵاتیان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەو هەرێمە دەکات. بەڵام بەرپرسانی هەرێم هێشتا نەیانتوانییەوە پاشەکەوتی موچەو موچەی تەواوەتی بدەن بە کەمئەندامان و نابینایان، ئەمە بێجگە لە راوەستاندنی پڕۆژەکانی زیاد لە 2000 کۆماپانیا لەهەرێمەکەدا.
داهاتەکانی هەرێمی کوردستان چین و لەکوێوە دێن؟ ئایا ئەو داهاتانە بەشی لانیکەمی دابینکردنی بژیۆی ژیانی خەڵک دەکات؟ ئایا داهاتی مانگانەی هەرێمەکە کەمترە لە خەرجییەکان یان زیاترە؟ ئەم پرسیارانەو ئاشکراکردنی چەندین پرسی پەیوەندیدار لە وتوێژێکی ئاسۆ جەباردا لەگەڵ نوسەرو رۆژانەوان محەمەد رەئوفدا بۆ دەنگی ئەمریکا گوێبیستی دەبن...
محەمەد رەئوف دەڵێت "داهاتی ناوخۆ نزیکەی 120 ملیارد دینارە، ئەو داهاتەی لە بەغداوە دێ 317 ملیارد دینارە، ئەو پارەیەی کە ئەمریکا دەیدات بە هەرێمی کوردستان 25 ملیۆن دۆلارە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە بڕبڕەی پشتی داهاتی هەرێمەکەیە؛ داهاتی نەوتە. لەئێستادا لەبەرئەوەی هەم نرخی نەوت بەرزبۆتەوە هەم رێژەی ناردنەدەرەوەی نەوت زیاد بووە؛ بۆیە ئێستا نەوت زۆر زیاتر بووە لەجاران لەئێستا زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانە کراوە، داهاتی مانگانەی نەوت 853 ملیۆن دۆلارە."
دەشڵێت سەربارەی ئەو هەمووو داهاتە بەڵام بەشێکی زۆری کەمئەندامان و نابینایانی هەرێمی کوردستان موچەیان بڕاوە.
محەمەد رەئوف بەراوردکارییەک دەکات و دەڵێت "لەئاستی جیهاندا بەرمیلێک نەوت بە 80 دۆلارە، هەرێمی کوردستان بە هەرزانتر بە 70 دۆلار ئەیفرۆشێت، بەڵام من خۆم بەرمیلێک نەوتم کڕیوە بە 145 هەزار واتە بە نزیکەی 120 دۆلار."
دەشڵێت "کۆی گشتی داهاتی هەرێم زیاترە لەو داهاتەی کە ساڵی 2013 دەهاتە هەرێمی کوردستانەوە، بەشی بردنی خۆیان و خەرجییەکانیش دەکات."
Your browser doesn’t support HTML5