سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، باس لە دواهەمین سەد و یەک ڕۆژی دوا سەفەری گەورە شاعیری کورد، شێرکۆ بێکەس دەکات، واتە ئەو سەد و یەک ڕۆژەی هەڵۆی شێرکۆ بێکەس بە هەناسەیەکی پڕ لە خەم و ئەندیشەوە دوای سەفەرەکەی باوکی دەست دەکات بە نوسینی.
سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی، یەکێکە لەو کتێبانەی مشتومڕێکی بە دوای خۆیدا هێنا لە نێوەندە ڕۆشنبیریەکەدا. هەندێک وەهایان دادەنا بە تەواوەتی ڕۆشنایی خراوەتە سەر ژیان و گوزەران و هەروەهاش قۆناغەکانی ململانێی شێرکۆ بێکەس لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا، بەڵام بە لای هەندێکی ترەوە لەو کتێبەدا هەڵۆ هیچ باسێکی لە باوکی نەکردووە بەڵکو وەک دەڵێن مەبەستی تری هەبووە.
دوابەدوای خوێندنەوەی ئەم بەرهەمەی هەڵۆ، زانیم کە دواهەمین ڕۆژەکانی ژیانی ئەو شاعیرە گەورەیەمان هەر تەنها بەهۆی نەخۆشییەوە لێوان لێو نەبووە لە مەراق و خەم، هەر تەنها نەخۆشییەکەی نەبۆتە مایەی ئۆقرە لێبڕینی، بەڵکو ئەو دوا ئاوڕانەی داویەتییەوە لە ژیانی خۆیدا وەهایان کردووە هەندێک جار بە دەنگێکی نزمتر لە جارانی ڕازەکانی خۆی بۆ هەڵۆی کوڕ و هەڵۆی نوسەر بدرکێنێت ، وەک بڵێیت بزانێت ڕۆژێک هەڵۆ ئەو پەیامانەی شێرکۆ بێکەس دەگەیەنێتە هەموومان.
لەو کتێبەدا هەڵۆ ژمارەیەک وێنەی باڵیۆزی وشەی کوردی داناوە کە بریتین لەو وێنانەی بۆ یەکەمین جارە دەبینرێن.
ئیمپراتۆری شیعری کوردی، جگەرەی دەکێشا و ئەو کاتەش کە چاوەڕوانی وەڵامی پزیشکەکان دەکات ڕوو لە هەڵۆ دەکات دەڵێت "کوڕم ئەتەوێ دوای 52 ساڵ جگەرە کێشان ئەنجامی پشکنینەکان چی بێ؟ شێرپەنجەیە.... شێرپەنجەیە!"
کەچی لەگەڵ ئەو ڕەوشەشیدا دەستبەرداری جگەرە نابێت جار جارە پاکەتێک دەگرێت بە دەستەوە و بۆنی دەکات.
دوا ماڵئاوایی لە ڕەئوف بێگەرد و فرمێسکەکانی بێگەردی چیرۆکنوس و هاوڕێی تەمەنی ئەم شاعیرە داهێنەرەمان بەشێکی گرنگی (سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی) ە. بۆ خۆم ئەم بەشەیانم چەند جارێک خوێندۆتەوە، هەر جارە و دیمەنێکی سینەماییم تیادا دەبینی، لە نێوان هەر دوو دێڕ یان دوو پەرەگرافیدا چەندان سیناریۆی سینەمایی خۆیان دەنوێنن. هیوادارم ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لەوە کرایەوە ژیانی ئیمپراتۆری شیعری کوردی بکرێتە فلیمێکی سینەمایی ئەوا بەسەر ئەو بەشەدا باز نەدرێت، دیمەنەکانی نوسینی شیعر و گوێگرتنی لە موزیک و جگەرە کێشانەکەی و خوێندنەوەکانی و پێشوازییەکانی خەڵک لێی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، باسکردنەکانی لە شیعر، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی، هەڵکشان و داکشانەکانی ژیانی، و لە کۆتاییشدا چۆن دەنگی زەنگ دەبێتە ڕەنگی مەرگ.
ئایا لە کتێبی (سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی) دا، دەتوانرێت خوێندنەوەیەکی بابەتیانە بۆ دواهەمین سەد و یەک ڕۆژی بەر لە دوا سەفەری گەورە شاعیرمان شێرکۆ بێکەس بکرێت؟
ئایا هیچ شتێکی تر ماوە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لەو کتێبەیدا نەینوسیبێت و هێشتبێتیەوە بۆ دەرفەتێکی تر؟
بۆچی جارێکی تر دەقی پایسکیلێکی کەرکوکی لە (سەد و یەک ڕۆژ تەنیایی) دا بڵاو دەکرێتەوە؟
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5