ژیان لە فەرهەنگدا: ڕۆژە حەسەن

ڕۆژە حەسەن

شیعر هەمیشە لەنێوان کۆڵانە پەنهانەکانی بیرکردنەوە و خەیاڵ و گۆرانییەکاندا بە شوێن دۆزینەوەدا دەگەڕێت، جا هیچ بە دووریش نازانرێت تەنانەت ئەو گەڕانە بەشوێن دۆزینەوەی خودیشدا بێت.

تەنها شتێکیش بتوانێت ببێتە یارمەتیدەری سەرەکی لەم ڕێگە پڕ لە هات و نەهاتەدا بۆ دۆزینەوەکان، ڕۆشنبیرییە بە هەموو ڕەهەندە جیاوازەکانییەوە.

ژیان لە پێڵاوێكی تەنگ ئەچێت لە پێی ئومێدا
لە كۆنتەر باسێك ئەچێت
نۆتەكانی مردن ‌و ژیان لە یەك وەتەرد كۆدەكاتەوە
ژیان نەخشەی دوو ڕیانێكە
جگە لە مردن و ژیان
هەڵبژاردەیەكی ترت ناداتێ

دەکرێت بگوترێت قۆناغی پاش ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991ی باشوری کوردستان، وەرزی بوژاندنەوەیەکی گەورە بوو بۆ شیعر لە ڕوانگەی پەیدابوونی دەنگی نوێی شیعرەوە نەک ئەو ئاژاوەیەی لە جیهانە ئارامەکەی شیعردا دروست بوو. زۆرێک لەو شاعیرانەی قۆناغی دوای ڕاپەڕین کە وەک هەناسە نوێیەکانی شیعر خۆیان دەنواند و جیاوازی نوسینەکانیشیان بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆیاندا جێی سەرنجێکی زۆر بوون، چونکە هێندەی ئەوەی دەیانویست لە شیعردا خۆیان بن، هێندە و بگرە زیاتریش خۆیان دوور دەخستەوە لەوەی دووبارەکردنەوەی دەنگەکانی پێش خۆیان بن. دەشێت بەشێکی بەرچاوی ئەم دیاردە نوێیە لەو خوێندنەوانە بۆ تێگەیشتن لە شیعر سەرچاوەی گرتبێت، چونکەدەرفەتەکانی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی خوێندنەوەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کرانەوەی بەسەردا هات. ئەمەش وەهای کرد هەر هیچ نەبێت بەشێک لە شاعیرەکانی دوای ڕاپەڕین زمانێکی نوێ بۆ گەڕان بە دوای دۆزینەوەکاندا بەکاربێنن بە دیدێکی قوڵتر و لە ڕوانگەیەکی فراوانتریشەوە، هەر بۆیە لە زۆرێک لە تێکستەکانیاندا دەبینیت جوانکارییەکی ڕۆشبیر ئامێز دەکەوێتە ڕوو.

چ ئومێدێكە هەڵبژاردەی سێهەمت هەبێت
وەك دامەیەك ڕێچكەو قەدەرم بۆدیاری نەكرێت
زمانێكم هەبێت دەوڵەمەندتر لە سلێمان
بەسەگ بڵێم: ئامانجت چییە لە ژیاندا
بەباران بڵێم: ئەرێ‌ تۆ ئازارت نییە لە كەوتنە خوارەوەدا؟
بە پەپولە بڵێم:ئەرێ‌ تۆ دوو پشك دەناسیت؟
بە سێو بڵێم تۆ چۆن خۆت دەناسیتەوە ؟
لە هەر ووڵاتێك ناوێكت هەیە؟
بە هەناسە بڵێم: بۆ وەڕس نابیت لەم بەردەوامییە؟
بە خودا بڵێم: بۆتەصور ئەكەم تۆ پیاو بیت؟
بە هەنگ بڵێم چێژت چۆنە؟
بە ناو بڵێم: بۆ ناوێكت لە خۆت نەداوە؟

ئا لەم سەروەختەی پاش ڕاپەڕینەکەدا کێسە لە هێنانە ئارای پرسیارە نوێ هاوچەرخەکاندا نەبوو، بەڵام وەک هەندێک لە لێکۆڵەرەوە ئەدەبییەکان دەڵین گرفتەکە لە وەڵامدا بووە، لە بەرسڤی خوێنەراندا بووە، لەوەدا بووە کە کەلینێک هەبووە لەنێوان بیرکردنەوەی دەق و بیرکردنەوەی خوێنەردا، ئەڵبەت ئەو جۆرە ڕوانینەشیان لەسەر ئەو بنچینەیە بووە کە خوێندنەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا نەبۆتە کلتور.

ژیان لە یارییەك دەچێت خودا دەرەنجامەكەی ئەزانێت
ئیدی گرنگە یەقین بە پوچی زەمەن بهێنین
ئازاری دۆڕانەكانمان نەمانكوژێت
گرنگە كۆتای بە هەموو گەمەكان بهێنین
باهەر كەسێك بە جوڵەی ئێستایەوە بوەستێت
با ئەو مناڵانەی ئێستا لە دایك دەبن
نیوەیان لە ڕەحمی دایكیان بێت و نیوەكەی تری لە دنیا
با، باران لە نێوان هەورو هەورو زەیدا بێت
با پێیەك لە پێڵاودا بێت و پێیەكەی ترخاوس
ئەوكات ژیان لە تابلۆیەك ئەچێت
هەر بینەرێك بە نیگاركێشەكە دەڵێت:
تەواوی بكە بابزانین ئەو مناڵەش وەك ئێمە
هەمان مامۆستا وانەی پێدەڵێت؟
لە قەهری هەمان سیاسی واز لە هەموو ڕەنگێك ئەهێنێت؟
دەبا ئەو پێڵاوە لە پێبكات
بەڵكو دنیایەكی نوێ‌ بدۆزێتەوە
دەبا ئەو بارانە ببارێت
بەڵكو ئەو تابلۆیە كاڵبێتەوە
بزانین خودا چیدەكات
هەرچیبكەین
مرۆڤ دیلێكە بۆ ئەبەد ئازاد نابێت.

کاتێک ئەم وێنە شیعریانەی (ڕۆژە حەسەن) ی شاعیر دەخوێنینەوە، دەستبەجێ دیمەنێکی بیرکردنەوەی مرۆڤێک دەبینینەوە کە سنورەکانی بیرکردنەوەی باو دەبەزێنێت و ئەرکەکەیشی هەر لە گۆڕانکاریکردن لە ماناکاندا ناهێڵێتەوە، بەڵکو دەخوازێت بە هێمنی و ئارامی پەنجەرەکانی بینین و بیرکردنەوەشمان بکاتەوە و پێمان بڵێت لەودیوو پەنجەرەکانەوە باخچەیەکی تریش هەیە، لەوەی پێشتر ناچێت و بۆچی ناچیت لەو باخچەیەدا پشوویەک بدەیت و لەگەڵ دەنگ و ڕەنگە نوێکانی بیرکردنەوەدا مامەڵە لەگەڵ چەمک و ڕەهەندی تردا بکەیت تا لە مەودایەکی بەرینتردا بە شیعر و ئەرکی شیعر ئاشنا بیت.

کاتێک کە شیعری ڕۆژە حەسەن دەخوێنمەوە ئەو هەستەم لا دروست دەبێت شیعری ئەم خانمە باڵندەیەکی تەرەیە بەڵام دەزانێت بەرەو کوێ دەفڕێت، لەو فڕینەدا شتە جوانەکان هەڵدەگرێتەوە و دەیکاتە کەرەستەی فڕین و نوسینەوە و کاتێکیش بینایی و هزر پێکەوە دەست بە خوێندنەوەی دەکەن ئەوجا دەزانین ئەم ژیانە چ ململانێیەکی قورس و ئاڵۆزە، بەتایبەتیش کاتێک وردی دەکەیتەوە بۆ ململانێ لەگەڵ خوددا.

عەشق،
تەنهاییە لە ناو ووژە ووژی شارێكدا
دەستگرتنی هەستە،
پیاسەی ژیانە بە باغێكدا
بینینی شەوی شەقامێك و گەڕانێكی سەربەستە
دانیشتنی ئێوارەیەكە لەسەر گاشە بەردی ژیان
گێڕانەوەی نوكتەیەكى ئەزەلییە بۆ هەڵچونی كانییەك
هەڵخستنی خودە بە تەنافە باریكەكەی عاتیفەوە.

لە شیعردا وەک تەواوی ژانرە فەرهەنگییەکانی تر مێژووی تیادا فەرامۆش ناکرێت، ئەگەرچی هەندێک هێشتا هەر هەن داکۆکییەکی سەرسەختانە دەکەن دەخوازن ئەم ژانرە فەرهەنگییانە لە مێژوو جیابکەنەوە بەبێ بیرکردنەوە لە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی شیعر و ژانرە فەرهەنگییەکانی تریش.

کوێی تەمەن ناو بنێم مناڵی؟!
ئاخر مناڵی بێبەرێتییە لە ووشەو
ڕاكردنە بەناو پیتدا
بێبەرێتییە لەیاساو
هاوارە بەدیار بریسكەی حەزو
سەر لێتێكچوونە لە ئەژماردكردنی ئەستێرەكاندا
ڕەها كردنی خودە لەسەربانی سادەییەوە
ئاه ، ئێمە لە ئەزەڵەوە لە قاڵب دراین
بۆ ئەوەی وەك چیمەن پەلنەكوتین بە ژیاندا
لە سنەوبەرەوە فێری ڕستەیەك نەبین بۆ بەردەوامی.
ئیدی گرنگە باو بكرۆژین‌و
تفی ئەكەینەوە بۆ ناو بەشە زبڵەكەی مێژووەوە
مێژووش تەتەڵە كەین‌و بژاریكەین بۆ سبەی
با سبەی كەس لە ئێمە نەچێت
وەك ئێمە لەوان چووین.
چەند خۆشە ژیان لەگەڵ خۆت
دوور لەم كۆڵانە تەنگانە.

هەر خوێندنەوەیەکی ورد بۆ تێکستەکانی ڕۆژە حەسەن، دەکەوینە بەردەم گێڕانەوەیەکی لێوان لێو لە جوانکارییەکان بەبێ ئاماژە کردن بە شوێن، بەڵام پڕ پڕ لە منداڵی، بە هزرێکی بە بڕشت و قەشەنگەوە دیدێکی ڕەخەئامێزی دەقمان دەخاتە بەردەم و پێمان دەڵێت؛

تۆ؛ بێبەریی نەبوویت لەو ترسەی من لە مرۆڤ هەمبوو
من ئەزانم تۆ دیوی راستەقینەی خۆتی،
من ئەزانم بەشكردنەكانت لە نێوان تۆ و خۆتدا ئەبن
نە ترسم بەش ئەیەیت، نە خۆشەویستی
نە تەنهاییم بەش ئەیەیت، نە پێكەوەبوون
نە شرووبی كۆكەڕەشە دابەشئەكەیت‌و
نە مردن.
نە ئەهێڵیت خودا بناسم
نە ڕێگە ئەدەیت لەم بتی وەهمانەی تۆیا یەكلاببمەوە...

ئایا دەتوانین ئەو پرسیارانەی "ڕۆژە حەسەن" لە شیعرەکانیدا دەیانکات، هەر خۆیشیان دەبنە وەڵام؟

ئایا ڕۆشنبیریی شیعر دیاری دەکات؟ یان بە پێچەوانەوە؟

ئایا لەم سەروەختە تەکنەلۆژی و جیهانی میدیای دیجیتاڵدا، چی چاوەڕێی شیعر دەکات؟

ئایا شیعر دەتوانێت بیرکردنەوە باوەکان بگۆڕێت؟

ڕۆژە حەسەن، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: ڕۆژە حەسەن