ئەمەریکا داوای ئاگربەست لە یەمەن دەکات

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوای ئاگربەستێک لە یەمەن دەکات بۆ پشتیوانی کردن لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا چارەسەرێکی بەردەوامی ئاشتیانە بدۆزنەوە بۆ ئەو شەڕەی کە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتس ڕایگەیاند " ئێمە دەمانەوێت هەموان لە دەوری مێزی ئاشتی ببینین، لەسەر بنچینەی ئاگربەستێک، لەسەر بنچینەی کشانەوە لە سنور و پاشان لەسەر بنچینەی ڕاگرتنی بۆردومانکردن کە ڕێگە دەدات بە نوێنەری تایبت بۆ ئەوەی کۆیان بکاتەوە لە سوید و کۆتایی بەم شەڕە بێت." جیم ماتس گوتیشی پێویستە ئێمە لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوودا ئەم کارە بکەین. ئێمە زۆر دووا کەوتووین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

ماتس شەوی سێشەممە لە میانەی ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتۆن ئەم قسانەی کرد و گوتی ئاگربەستێک ڕێگە خۆش دەکات بۆ لایەنەکان کە لە شەڕ بکشێنەوە و لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیتس کۆببنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی " ئەمە تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئێمە بە ڕاستی ئەم شەڕە کۆتایی پێبهێنین."

ماوەیەکی کورت پاش قسەکانی ماتس، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپەیۆ بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە کە تیایدا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی گریفیتس و ئاگربەستێک کە ببێتە مایەی وتووێژی ئاشتی دەردەبڕێت.

ئەم شەڕە بریتیە لە کاریگەری جۆراوجۆری هەرێمی و نێونەتەوەیی کە بە کۆنترۆڵ کردنی چەند بەشێکی یەمەن لەلایەن حوسییەکانی کە ئێران پشتیوانیان دەکات دەستیپێکرد، لە ناویاندا پایتەختی ولاتەکەش لە دژی ئەو حکومەتەی کە لەلایەن نێونەتەوەییەوە دانی پیادانراوە.

لە مانگی سێی ساڵی 2015 هاوپەیمانیەک بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە دامەزرا و دەستی کرد بە هێرشی ئاسمانی دژ بە حوسەییەکان بۆ پشتیوانی کردن لە سەرۆکی یەمەن عەبدو ڕەبو مەنسور هادی. پاشان پشتیوانی تری لەشکری بەدووادا هات لە ناویاندا ناردنی هەزاران سەرباز، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بە دانی چەک و پشتیوانی لە هاوپەیمانێتییەکە کرد.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەیان لەو هەڵمەتە ئاسمانییە گرت بەهۆی ئەوەی کە بێ فەرقو جیاوازی بۆردومان دەکات و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنی کوشتووەو بریندار کردووە. سەرهەڵداوە حوسییەکانیش تاوانبار کراون بەوەی سەرپێچی مافەکانی مرۆڤ دەکەن و بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکەنە سەر عەرەبستانی سعودیە و میر نشینە یەکگرتووەکانی عەرەب.

پەمپەیۆ داوای ڕاگرتنی هێڕشەکانی کردووە بۆ سەر هەردوو وڵات و داواشی کردووە هێرشەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر ناوچەکانی دانیشتوان ڕابگیرێت.

پەمپەیۆ گوتی " کاتی ئەوە هاتووە ئەم شەڕە کۆتاییپێبێت، لەبەری شەڕ لەبەردانواندن بکرێت، و ڕێگە بدرێت گەلی یەمەن لە کەشێکی ئاشتیانەو بونیاتنانەوەدا بژین."

هەوڵەکانی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان گریفیتس لە مانگی نۆ سەری نەگرت کاتێک ویستی هەردوو لا لەسەر مێزی دانوساندن لە ژنێڤ کۆبکاتەوە، بەڵام شاندی حوسییەکان ئامادەی کۆبونەوەکە نەبوون و گوتیان نیگەرانیان لەمەڕ ئاسایش هەیە.

وا مەزەندە دەکرێت هەتا ئێستا بەهۆی ئەم شەڕەوە زیاتر لە 10 هەزار کەس گیانیان لەدەست دابێت. ئەو وڵاتە پیشتریش یەکێک بوو لە وڵاتە هەرە هەژارەکانی ناوچەکە و ئەم شەڕە خراپتری کردووە و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 22 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری هەیە.

کۆمیتەی ڕزگارکردنی نێونەتەوەیی ناسراو بە IRC پێشوازی لە داواکەی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست دەکات و دەڵێت ئەمە بەرچاوترین پێشوەچوونە لەم شەڕەدا.