راستە خانەقین پاش پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن هێزەکانی هاووپەیمانان تا رادەیەک گەشەی بە خۆیەوە بینی و تۆزی بە عەرەبکردن لە خۆێ تەکاند و رەنگ و رووخسارە کوردیەکەی بۆ گەڕایەوە، بەڵام هێشتا لە چاو سلێمانی، هەولێر، دهوک و بگرە شارۆچکە بچووکەکانی تریش سەدان فەرسەخ لە دوادایە. ئاخۆ لە پاش 16 ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی شارەکە بە چ شێوەیەکە؟
رۆژنامەنووس سامان نەجم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " زۆر بەداخەوە خانەقین لە ئێستادا بە بارودۆخێکی زۆر هەستیار، زۆر زۆر نالەباردا تێدەپەڕێ، خانەقین کە تاکە قەزای ( فەرمانداری) ئارامی عێراق بوو کە هەموو حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتە خۆجەییەکانی ناوچەکە شانازیان پییەوە ئەکرد، بەڵام بەداخەوە خانەقین ئێستاکە یەکێکە لە هەرە ناوچە ترسناکەکانی عێراق کە بارودۆخی ئەمنی ( ئاسایشی) نالەبارە ".
کاک سامان هەر وەها دەڵێت " بەداخەوە کارەساتی 16 و 17 ئۆکتۆبەر کارەساتێکی گەورەی مێژوویی بوو، هەرچەند پێشمەرگە و بەرپرسانی شارەکە هەوڵیان دا شەڕ و کوشتار نەبێت و لەگەڵ هێزەکانی حکومەتدا رووبەروو نەبنەوە بۆ ئەوەی شارەکە وێران نەبێ، هێزەکانی عێراقی وە بە تاێبەت (حشدی شعبی) بە شێوەیەکی ئاشتیانە هاتنە شارەکە، بەڵام بەداخەوە بە چاوێکی داگیرکەرانەوە سەیری ناوچەکە ئەکەن و رۆڵی داگیرکەر ئەبینن بەڵام ئیرادەی خەڵکی خانەقین زۆر لەوە بەرزترە و گەورەترە کە بە هەڕەشەی ئەو کەسانەدا بشکێت، وە ئەو هێزانەی ئێستاکە لەوێدان ناتوانن ئاسایشی شارەکە بپارێزن، لە دوواێ پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بە هیچ شێوەیەک سەر بڕین لە خانەقین نەبوە، بەڵام ئێستاکە دەبینین چوار هاووڵاتی لە خانەقین سەر دەبڕێ ".
کاک سامان دەشڵێت" ئەوەی دەیبینین و دەگوزەرێت لەسەر گۆڕەپانی رامیاری چ لە عێراق وە یاخود لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە هەر هێز و هەر پارتێک بە بەرنامەیەکی پارتایەتیەوە دەچێتە بەغداد، هەر کام بە تەنیا دەچن داوای پلە و پۆستی خۆێ دەکات و هەر کەس لە هەوڵی پچراندنی پۆستێکی زیاترە بۆ خۆێ وە ئەمەش کارگەریەکی زۆر زۆر بەدی لەسەر کۆێ ناوچە دابڕیندراوەکاندا هەیە ".
Your browser doesn’t support HTML5