ژیان لە فەرهەنگدا : جەلال بەرزنجی / بەشی دووهەم

لە بەشی یەکەمی ئەم بەرنامەیەدا لەگەڵ جەلال بەرزنجی شاعیر و ڕۆماننوسدا دوا پرسیارم سەبارەت بە بیرەوەرییەکانی ئەم نوسەرەمان بوو لە زیندان، کات مەودای نەدا بچینە ناو وردەکاری ئەو بیرەوەریانە.

هەر بۆیە بە سوپاسەوە بەرزنجی نوسەر داواکەی پەسەند کردم تا لە بەرنامەیەکی تردا بەشداربێت و لەو بیرەوەریانەوە دەستپێبکەین.

یەکێک لە خاڵە سەرنج ڕاکێشەکانی ژیانی فەرهەنگی جەلال بەرزنجی ئەوەیە، دەستپێکی نوسین بە شیعر نەبوو هاوشێوەی زۆرێک لە نوسەران، دواتر دەڕوات بەرەو جیهانی شیعر و لەوێش نەک هەر تەنها وەک شاعیرێک دەمێنێتەوە بەڵکو دەبێتە یەکێک لەو شاعیرانەی لە گیانێکی پڕ لە داهێناندا تایبەتمەندێتی خۆی دەپارێزێت و لەسەر کۆڵەکەکانی ڕۆشنبیریی کۆشک و تەلارە ڕەنگاڵەییەکانی شیعری خۆی دادەنێت.

بەرزنجی زێدی خۆی جێدەهێڵێت، دەڕوات و لە سوچێکی تری دوور دوور لە نیشتمان دادەنیشێت، جارێکی تریش لە دەوروبەر و لەو ژینگە نوێیەی ڕادەمێنێت، پرسیاری نوێ، بروسکە ئاسا بە هزریدا تێدەپەڕن، پرسیار لەبارەی هەموو شتێکەوە، جا لە مرۆڤ بوونەوە بیگرە تا دەگاتە ئەو پرسیار و گومانانەی خودی خۆیشی دەگرێتەوە لەم سەفەرە دوور و درێژ و نەبڕواەیەیدا. ئەمجارەیان بەرزنجی لەودیوو چاویلکە نوێیەکەیەوە سەیری دنیا دەکات و بە شوێن وەڵامدا دەگەڕێت بۆ پرسیارەکانی، دەست دەکاتەوە بە نوسین، هاوڕێ و دۆستە نوێیەکانی نوسینەکانی دەخوێننەوە تا دەگاتە ئەوەی لە ساڵی 2007 دا کۆمەڵەی نوسەرانی نێونەتەوەیی لە وڵاتی کەنەدا نازناوی "نوسەری یەکەمی تاراوگە" ی پێببەخشێت.

ئەڵبەت ئەوەش شاراوە نییە دەقی "پیاوێکی بیجامە شین" پاش وەرگێڕانی بۆ زمانی ئینگلیزی لەلایەن (دکتۆر سەباح ساڵح) ەوە، بووە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی کەنەدا.

کردەی نوسین هەر تەنها لەوەدا سنوردار نییە کە خاوەنی دەق، بەرگێکی ئیستاتیکایی بکاتە بەر نوسینەکەی و ئەوجا بیخاتە بەردەم خوێنەرانی، بەڵکو ئافراندنی خەیاڵ و تێکەڵکردنیەتی لەگەڵ واقیعدا (ڕیالیزم) و وردبوونەوە لە تایبەتمەندێتییەکانی ئەو جیهانە هاوچەرخەی تیایدا دەژین لە هەردوو ڕووی کۆمەڵایەتی و مێژووییشەوە بە شێوەیەک کە خوێنەری خۆی قاڵ بکاتەوە لە توخمەکانی مرۆڤ و شتەکان و ژیان و ڕەهەندە نەبینراوەکان و پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە دەوروبەریەوە و ...هتد.

دەمێکە دەگوترێت ئەرکە هەرە گەورەکەی ڕۆمان هەوڵە سەرەکییەکەیە بۆ هێنانە ئارای دنیایەکی نوێ نەک نوسینەوەی ئەم دنیایەی هەیە، چونکە ئەگەر وەهابێت ئەوا یانی کۆت و بەندکردنی تواناییەکانی هزر بۆ کارکردن لەسەر مانا و پرسیارە نوێیەکانی خوێنەر دەخەنە بەردەم بیرکردنەوە و گومانی نوێوە. ئەڵبەت ئەمەش وەها دەکات خودی نوسەر ئەرکە هەرە سەرەکییەکەی خۆی لەبیربچێتەوە کە قاڵ بوونەوەیە لە پرسیارەکان و چەمکەکاندا.

بۆچی جەلال بەرزنجی لە شیعرەوە دەڕوات بەرەو نوسینی ڕۆمان؟

لە "پیاوێکی بیجامە شین" ەوە بۆ "گەشتێک بە ڕێگەی خەون" بەرزنجی نوسەر بەشوێن کام ئارامیدا دەگەڕێت؟

ئایا ڕۆمانی کوردی توانیویەتی لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت بەرامبەر بە خوێنەرانی؟

جەلال بەرزنجی، شاعیر و ڕۆماننوس لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا : جەلال بەرزنجی / بەشی دووهەم