سەرباری ڕاگەیاندنی شکستی داعش لەلایەن هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا، بەڵام تا ئەوڕۆکە جمجۆڵ و چالاکییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەردەوامەو جێی نیگەرانین.
پەیامنێری دەنگی ئەمریکا دڵشاد ئەنوەر لە راپۆرتێکیدا کە ڕۆژی سێشممە بڵاوکرایەوە دەڵێ شەوی دووشەممە چەکدارانى نەناسراو کە گومان دەکرێت سەربە داعش بن، هەڵمەتێکى فراوانیان بۆ دەستگیرکردن و ڕفاندن لەگوندەکانى دەورووبەرى کەرکوک و خورماتو دەستپێکردووە، لەو هەڵمەتەدا 20 کەس ڕفێنراون، کە دواتر 12 لە ڕفێنراوەکان ڕزگارکران.
هەر لەو راپۆرتەدا ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجەى ڕۆژئاواى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند "ڕفێنراوەکان لەلایەن چەکدارەکانەوە بەرەو بنارى چیاى حەمرین براون، کە ئەو بنارە لەژێر کۆنترۆڵى داعشدایە."
ئایا هێشتا دەوڵەتی ئیسلامی داعش چالاک و مەترسیدارن پاش شکستە گەورەکانی لە عێراق و لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستی هێزی پێشمەرەگەو سوپای عێراق؟ ئایا هەماهەنگییەکی لەشکریی و هەواڵگیری و زانیاریی لەنێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەو دژە تیرۆر لەئارادایە لەناوچەکانی کەرکوک و حەمرین و دەوروبەریی ئەو ناوچانە؟
لەوبارەیەوە ئارام جەمال لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاسۆ جەباری دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "لە دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی بەشێکی زۆری جوتیارانی عەرەبی هاوردە کە لەسەروەختی سەدامی دیکتاتۆردا زەویوزاری کورد و تورکمانیان پێدرابوو ئێستا بە پاڵپشتی هەندێک لە ئیدارەی کەرکوک و پارێزگای کەرکوک دەگەڕێنەوە سەر ئەو زەویوزارانە، کورد و تورکمانیش ئامادە نیین ئەو زەویانە چۆڵبکەن، لەدەرئەنجامدا گرژی و ئاڵۆزی ڕوودەدات."
دەشڵێت "کورد بێ چەک کراوە، جوتیارانی کورد هیچ چەکێکیان پێ نییە بۆ بەرگریکردن لەخۆیان، ئەوانیش چەکدارن."
ئارام جەمال دەڵێت "هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەدا نییە."
ئایا ئەو جموجۆڵانەی داعش لەناوچەکەدا هیچ ترسێکی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە؟ ئارام جەمال دەڵێت "هاوڵاتیانی کەرکوک و ناوچەکانی باشورو ڕۆژئاوای کەرکوک ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەیان هەیە لەهەر کات و ساتێکدا داعش خەڵک بڕفێنێت و تەقینەوە ئەنجامبدات و لەساڵانی رابردوش گەورەتر بێت و شوێن داگیربکات."
Your browser doesn’t support HTML5