بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە سوریا لە کات و هەلومەرجێکی ئاڵۆزدا بوو بە تایبەتیش بۆ ڕەوشی ئەو وڵاتە کە بێ لە شەڕی ناوخۆ لەژێر هەڕەشە و مەترسی دەرەکیشدایە.
بڕیارێکی کتوپڕ بۆ کشانەوە لە سوریا دەشێت وەک چاودێر دەڵێن کۆمەڵێک ئاڵۆزی تر بە دوای خۆیدا بێنێت لە هەردوو ڕووی سیاسی و ئاسایشیەوە.
سەرۆک دانۆڵد ترامپ، پێناچێت لەو بڕیارەی پاشگەزبێتەوە "هەر هیچ نەبێت تا ئێستا" بەڵام لە دواترین پەیوەندی تەلەفونیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کشانەوەکە بە کاوەخۆ دەبێت. ئەم ئاماژەیەی سەرۆک ترامپ نەبووە مایەی ڕاگرتنی ئەردۆگان لە ناردنی هێز و کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییەکان بۆ ناوچە سنوریەکان لەگەڵ باکوری سوریادا، هەرچەندە سەرۆکی تورکیا ئاماژەیەکی داوە بەوەی ئەو کردە لەشکرییەی بڕیاربوو بیکاتە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات لەوانەیە تۆزێک دوابکەوێت.
لەناو ئەمریکادا تا ئێستا جم ماتس، وەزیری بەرگری و برێت مەکگۆرەک، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی، دەستیان لە پۆستەکانیان کشاندۆتەوە. ژمارەیەکی بەرچاویش لە ڕێبەران و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا (کۆماری و دیموکراتەکان) دژی ئەم بڕیارەی سەرۆک لێدوانی خۆیان داوە و بە بڕیارێکی هەڵە و بە بڕیارێک بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بەها و هەلومەرجێک ناودێری دەکەن.
میوانی بەرنامە:
نیاز حامید، نوسەر و لێکۆڵەر
لە سەردانە لەناکاوەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا بۆ عێراق، سەرۆک ترامپ جارێکی تریش جەختی کردەوە لە بڕیاری کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە سوریا، بەڵام ئاماژەشی بەوەکردووە هێزە سەربازییەکان لە عێراق دەمێننەوە و ئەگەریش پێویست بە هەر کردەیەکی لەشکری بکات لە سوریادا ئەوا لە عێراقەوە دەیکات.
لەسەر ئاستی جیهانیش کاردانەوەکان کەم نەبوون و بەتایبەتیش هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا نیگەرانییان هەیە لە کاتێکدا وەک دەڵێن شەڕی دژی تێرۆریزم کۆتایی نەهاتووە و کاری زۆریش ماوە بکرێن و وەک سەرۆکی فەڕەنساش دەڵێت "ئێمە قەرزاری هاوپەیمانەکانمانین لە سوریا" هاوپەیمانەکانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی دژە داعش هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشی هەرە سەرەکییەتی.
بۆ کورد لە سوریا ئەم بڕیارە جێی نیگەرانییەکی قوڵ و فراوانە، لەو ڕوانگەیەوەی پێشتر ئەزموونی داگیرکردنی عەفرینیان هەبووە لەلایەن تورکیاوە. بەڵام ئایا پێویستە هەر کوردی ڕۆژئاوا لەم بڕیارە نیگەران بن؟
ڕاستە مەترسییەکە لەسەر کوردی ڕۆژئاوا زۆرە و بە ئەندازەیەک شەڕی ناوخۆی کوردیش بە دوور نازانرێت لە نێوان هێزە کوردیەکان ئەوانەی لە ناو کوردستانی سوریادان و ئەوانەش کە لە دەرەوەی سنورەکانی کوردستان پێکهێنراون و تورکیا هەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کردوون، هەر بۆیە لە ئێستادا جەختکردنەوەیەکی زۆر لە هەنگاوەکان و هەوڵدان بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەبیسترێت.
نە هەر ئەوەندەش بەڵکو داواش زۆرن تا کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ستراتیژیەتی خۆیدا بچێتەوە و ببێتە خاوەن بەرنامەیەکی ورد و بابەتیانە کە بتوانێت سود لە هێزەکانی ناوچەکە و هێزە جیهانیەکانیش ببینێت.
ئایا کاریگەری ڕەهەندەکانی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا لەسەر دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندە؟
ئایا کورد دەتوانێت ببێتە خاوەن ئەو دەسەڵاتەی ڕۆیشتنی هێزە بیانیەکان لە ناوچەکانیان بەبڕیاری کورد بێت؟
ئایا کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا دەبێتە مایەی لێکنزیکبوونەوەی زیاتری تورکیا و ئێران؟
نیاز حامید، نوسەر و ڵێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5