داواکانی ئەمریکا و جەختکردنەوەکانی کاربەدەستانی وڵاتەکەش بۆ پارێزراویی کورد لە سوریا لە هەر هێرش و شەڕانگێزییەکی تورکیا، هەر هیچ نەبێت هەتا ئێستا نەبوونەتە مایەی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی کورد لە سوریادا.
ئانکەرە وەک دەگوترێت قایل بووە بە دواخستنی ئەو هێرشەی چەند مانگێکە هەڕەشەی کردنی دەکات، بەڵام باس لەوە ناکرێت ئایا ئەو بیرۆکەیەی بۆ هێرشکردن هەڵوەشاندۆتەوە یان نا.
دکتۆر موستەفا علوی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قاهیرە دەڵێت تورکیا وەک ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ، وڵاتێکی گرنگە بۆ ئەمریکا و بۆ ئەوروپای ڕۆژئاواش بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ دۆسێ ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بەرامبەریشدا کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سوریادا و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەمان ئەو گرنگییە سیاسییەی هەیە بۆ سەقامگیریی لە ناوچەکەدا و هەروەهاش بۆ چارەسەرکردنێکی سیاسیانەی قەیرانی سوریا، وە دەشڵێت هەر پەرەسەندنێک لە ڕەوشی سیاسی و ئاسایشی سوریادا ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت بەسەر دۆزی کوردەوە، نەک هەر لە سوریادا بەڵکو لە ناوچەکەشدا.
دکتۆر علوی جەخت دەکاتەوە کە باشترین بژارە لە نێوان کورد و تورکیادا، ڕەخساندنی زەمینەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە و ئەوجاش هەنگاونان بەرەو ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکتر.
دکتۆر موستەفا علوی ئاماژەش بەوە دەکات لە کۆتاییدا نەخشەی سوریا دەگۆڕدرێت وەک دوا بەرەنجامی ئەو ململانێیانەی لە سوریادا هەن و دەڵێت ململانێکان لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەییدا بوونەتە هۆکاری سەرەکی گرێکوێرەی ئەم قەیرانە لەو سۆنگەیەوەی بۆ نمونە ئێستا دوو بەرنامە هەن بۆ چارەسەری سیاسی، یەکێکیان لە ژنێڤەوە و ئەوی تریشیان لە ئەستانەی کازاخستانەوە، وەک دەڵێت "پێکدادانی ئەو دوو پرۆسەیە بۆ ئاشتی جۆرێکە لە شەڕێکی تری بەرژەوەندییەکان، نەک هەوڵێکی ڕژد بۆ چارەسەرکردن و هێنانە ئارای سەقامگیری."
لەسەر بنچینەی وتووێژەکەی لەگەڵ دکتۆر موستەفا علوی، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قاهیرە لە وڵاتی میسر، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5