لەگەڵ ئەوەشدا کە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق کرا و بەگشتی هەموو لایەنەکانیش ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەیان پەسەندکرد، بەڵام پێناچێت پێکهێنانی کابینەی نۆی هەرێم هەروا ئاسان بێت.
ناکۆکییەکان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا زۆرن و هەروادێ و قوڵتریش دەبنەوە. میدیاکانی هەردوو لایەن ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیانە کەوتوونەتە هێرشکردنە سەر یەکتر و یەکتر گوناهبارکردن بە خیانەت و گەندەڵی و کەمتەرخەمی.
بڕيار بوو لە هەفتەی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەک بکەن بۆ تاووتوێ کردنی شیانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەڵام ئەوکۆبوونەوەیە نەکرا و هێشتاش نازانرێت ئایا ئەو کۆبوونەوەیە دەکرێت یان نا!
هەندێک دەزگای هەواڵ باسیان لەوە دەکرد پارتی داوای کردووە نابێت هەندێک ئەندامی یەکێتی بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا بکەن، یەکێتیش بەو مەرجە ڕازی نەبووە.
لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 30 ی مانگی نۆی ساڵی پاردا، پارتی دیموکراتی کوردستان 45 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، واتە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم، بەڵام بەوەشەوە ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پیکبهێنێت.
میوانی بەرنامە:
دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جیهان
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا پارتی دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ لایەنەکانی تر حکومەت پێکبهێنێت؟! هەرچەندە قسەش زۆرن لەسەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری کۆتاکان نزیکن لە پارتییەوە، هەروەهاش لەسەر نزیکی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیش.
یەکێک لە کێشەکان لە هەرێمی کوردستان نەبوونی متمانەیە لەو ڕوانگەیەوەی ئایا بەشداریکردن لەسەر بنچینەی هاوبەشیکردنێکی ڕاستەقینەیە لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا یان بەشداریپێکردنە بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکانی کابینەی نۆ.
پارتی و یەکێتی لە ماوەی 27 ساڵی ڕابردوودا فەرمانڕەوای هەرێمی کوردستان بوون و ئەوەی ئەمڕۆ لەو هەرێمەدا ڕوودەدات وەک کێشە سیاسییەکان و قەیرانی دارایی و نەبوونی سەروەری یاسا، کەمی یان نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و هتد، وەک زۆرێک لە چاودێر دەڵێن بەرەنجامی خراپی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانە لەو زیاتر لە 27 ساڵەی پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ەوە، دەشڵێن هەرێم بۆتە مەیدانێک بۆ ڕمبازی و زۆرانی نێوان ئەم دوو لایەنە کە هیچ یەکێکیشیان کەمتەرخەمییان نەکردووە لە پەنابردنە بەر هێزی دەرەکی (بەغدا، تاران، ئانکەرە) بۆ خستنی نەیارەکەی.
هەرچۆنێک بێت ئەم دوو زلهێزەی هەرێم کە هەر یەکەیان خاوەنی ناوچەی تایبەت بە خۆیانن و هاوشێوەی دابەشکردنی دەسەڵات و داهات، هەرێمی کوردستانیشیان بەسەر دوو ناوچەدا دابەشکردووە، دەڤەری زەرد و دەڤەری سەوز.
ئەگەرچی زۆر دەگوترێت هیچ دیاردەیەکی دوو ئیدارەیی لە هەرێمدا نەماوە بەڵام تەنها بە یەک سەیرکردنی ئەمدیو یان ئەودیوی "دێگەڵە" بە ڕوونی و ئاشکرایی هێڵێکی ڕەشتاڵەی سنوری نێوان ئەو دوو دەڤەرە دەبینرێت.
ئەم دوو هێزە خاوەنی هێزی چەکدار و عەمباری گەورە گەورەی چەک و تەقەمەنی و میدیای زەبەلاحن و بەردەوامیش لە بۆسەدان بۆ یەکتر. پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوەشدا کە ژمارەیەکی زۆری ڕێککەوتنیان لە نێواندایە بە ڕێککەوتنە ستراتیژیەکەشیانەوە بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەیانتوانیوە شوێنەوارەکانی شەڕی ناوخۆ بسڕنەوە یان هەر هیچ نەبێت ڕێگەنەدەن بیرەوەریەکانی ئەو شەڕە ناوخۆییە بە بیرکردنەوە بۆ بەرنامەڕێژیی ئایندەی هەرێمدا گوزەر بکات.
ئایا ململانێکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوێ دەگەن؟
ئایا پێکهێنانی کابینەی نوێ، هەرێمی کوردستانی عێراق دەخاتە بەردەم قەیرانی ترەوە؟
ئایا لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێم دەتوانن کاریگەرییان هەبێت بەسەر ڕەوشی سیاسی هەرێمەوە؟
دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی جیهان وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5