هەمیشە لەبەردەم تێکستە ناوازەکاندا بەخۆمان بزانین یان نەزانین هەڵوەستەیەک دەکەین بۆ بیرکردنەوەیەک یان ڕامانێک لە دێڕەکان و خوێندنەوەی مانا پەنهانەکانی نێوان وشەکان.
ئەو جۆرە تێکستانە دەمانکەن بە گەڕیدەیەک لە دنیای خۆیاندا و ئاشنامان دەکەن بە ڕوانین و جوانبینیەکانی نوسەر، تەنانەت ئەگەر ئەو جۆرە تێکستانە لێوان لێویش بن لە یاخیبوون، وەلێ وەها دەکەن یاخیبونێکمان پێبناسێنن لەوپەڕی جوانی و نەرمونیانیدا و تەواو تەواو جیاواز لەو ناشرینیانەی مرۆڤ بە ژینگە و دەوروبەریشی دەبەخشێت.
"حەوا سێوەکەی خوارد، نەک لەبەر ئەوەی نەیتوانی بەسەر نەفسی خۆیدا زاڵ بێت، بەڵکو دەیویست یاخی بێت لەو یاسایەی خودا بۆی داناوە. دەیویست تاقیکردنەوەی هەبێت. نەیویست لە چوارچێوەی یاسایەکدا بژی."
ئەم یاخیبوونەی نوسەر و شاعیر کۆچەر ئەبوبەکر، بەشێکە لەو یاخیبوونەی لە خودەوە دەستپێدەکات و هێدی هێدی دەگاتە لای ئێمەی خوێنەر بە زمانێکی سادەی ڕەوان پێمان دەڵێت ئەگەر نەتوانین هیچ بکەین با سەرلەنوێ لە هیچەوە دەستپێبکەینەوە.
نەنکم هەمیشە دەڵێت:
هەر باشە خودا غەزەبمان لێ ناگرێت
ژوورەکەت پڕ کردووە لە شیعری زۆڵ و
چاوم لێتە بە دزی من و هەموو دراوسێکانەوە
بە دزی مانگ و نەعلە جووت کراوەکانەوە
خۆت بە دار قۆخەکەوە دەنوسێنی
هەر باشە خودا پەڕو باڵمان لێ دەرناهێنێ
چاوم لێتە بە بەرچاوی خوداوە
ئینجانەیەکی نێرینە دەپەرستی.
ئەم وێنە شیعریانەی کۆچەر بەشێکن لەو جۆرە یاخیبوونەی بەرامبەر بارە باوەکان و بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە پیرۆزکردنانەیە کە هەمیشە دەخوازێت مرۆڤ بە دوایەوەبێت و نەتوانێت لە سنوری بیرکردنەوەی پیرۆزکراوەکان دەربچێت. ئا لێرەوەیە دەکرێت بڵێین شۆڕشە نەرمونیانەکانی نوسەر لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە بتوانێت لە هزری ئێمەی خوێنەردا بکەوێتە جوڵە و هەنگاوی گەورە بنێت بە ئاڕاستەی تێکشکاندنی پیرۆزکراوەکان و بەرەنگاری یەک بە یەکی نەگۆڕەکان بێت وەک ئەوەی کۆچەر ئەبوبەکر دەستیپێکردووە.
"ڕامین زۆر حەز دەکەم کەسێک بم تەواو گەمژە، تا هیچ شتێکم نەبێت بۆ خواستن، ئەگەر نەتوانم بەشێک لە گەمژەیی کەم بکەمەوە، باشترە خۆیشم ببم بە گەمژە."
لە کتێبی (هیچ) دا کە دانپێدانانەکانی دایکێکە، کۆچەر ئەبوبەکر دەست دەکات بە نوسینەوەی سەرەتای ڕێگەکان بەرەو دڵ شکاندن و لەوێوە دیدی خۆی لەسەر مرۆڤ نیشان دەدات.
لەم کتێبەیدا کۆچەر هەر تەنها شاعیرەکەی کتێبی "کۆترەکانی باوکم" نییە،ئەمجارەیان دەبێتە نمونەی دایکێکی میهرەبان و نامەی دایکانەی ئاوێزان بە مرۆڤ بوون و تژی لە مرۆڤایەتی دەنوسێت بۆ جگەرگۆشەکانی و باسی تەرازووە لاسەنگەکەی ژیان و کەوتن و هەڵسانەوەی مرۆڤەکان و زیز بوون و تەنیایی و قوڵایی بێدەنگی و نهێنیە جوانەکانی ژیان دەکات و لە سەرچاوەکانی بێهیواییەوە دەخوازێت گەشبینانە بئاخڤێت بۆ ئایندە. بۆخۆم تازە بە تازە لە خوێندنەوەی کتێبی (هیچ) بوومەوە و نوسین لێرەدا سەرسامی کردم و زۆر شتیشی فێرکردم و لە سەرو هەمووشیانەوە وەک لە هیچدا هاتووە "من بووم لە نێوانی دوو زەمەندا وێڵکراو و نەبینراو، زەمەنی دەستەڕاست و زەمەنی دەستەچەپ."
مەرج نییە ئەوەی هەر نوسەرێک دەیخاتە سەر کاغەز تەنها گێڕانەوەی ڕۆژ و شەوەکانی ژیانی خۆی بێت یان بخوازێت بەشێک لە ژیانی خۆی بنوسێتەوە، بەڵام دەشێت وەک مەرجێک لەوە بڕوانرێت کە دەبێت بزانرێت دنیابینیەکانی ئەم یان ئەو نوسەرە چین و چۆن ڕاڤەی دەکات بۆ خوێنەرانی خۆی.
با لەچکەکانمان فڕێدەین
مانا ببەخشین بە سەرمایەداری
کێ باوەڕی ئەکرد،
جەنگ لە کراسەکانمان درێژتر ئەبێ
با کراسەکانمان کورتکەینەوە
با لەچکەکانمان فڕێدەین
سێوێکی تر بخۆین
شێوازەکانی نوسین و تەکنیکەکانی نوسین کە زمان کۆڵەکە هەرە سەرەکییەکەیەتی لە شیعرەکانی کۆچەر ئەبوبەکردا هەوڵێکی تری ئەم شاعیر و نوسەرەمانە تا بە زمانێکی شیعر ئامێز دیالۆگی خۆی دەستپێبکات، واتە جیاواز لە قسەکردنی ڕۆژانەمان، بە شێوەیەکە بەردەوام ئەو هەستەمان دەداتێ کە ئێمەی خوێنەریش بەشێکین لەو تێکستە و کاتێکیش تیایدا قاڵ دەبینەوە خۆمان دەدۆزینەوە بە هەموو هەڵچون و داچوونەکانمانەوە، بە بێزاری و خۆشنودیەکانمانەوە، بە مەراق و ئاسودەییمانەوە، بە بڕوا و بێ بڕواییمانەوە، بە یاخیبوونمان و تەباییمانەوە.
ئایا نوسین و شیعر دەتوانن یاخیبوون لە بارە باوەکان و شتە جێگیرەکان و فرمانە سەپێندراوەکان بەرهەم بێنن؟
ئایا کۆچەر ئەبوبەکر، شاعیر و نوسەر لە کۆمەڵە شیعری (کۆترەکانی باوکم) و کتێبی (هیچ) و بەرهەمەکانی تریدا هەر تەنها یەک پەیامی هەیە؟
بۆ شاعیر و نوسەر کامیان گرنگترە، ئەو پرسیارانەی لە نوسین و شیعرەکانیدا دەیانخاتە ڕوو یان پرسیارەکانی خوێنەر و وەرگر؟
کۆچەر ئەبوبەکر، شاعیر و نوسەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5