وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ماوەی تەنها یەک هەفتەدا سەردانی هەشت وڵاتی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا.
هەرچەندە دەشێت بەشێکی سەردانەکە پەیوەندی بە دڵنیایی پێدانەوە هەبێت بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی جیهاندا بە تایبەتیش پاش بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا.
بەڵام مایک پەمپەیۆ لەو سەردانەیدا پەیامی تریشی هەیە کە دادەنرێت بە هۆکاری سەرەکی سەردانەکەی.
پەیامە سەرەکییەکەی پەمپەیۆ لەو سەردانەیدا وەک لە وتارەکەی قاهیرەیدا ئاماژەی پێکرد بریتییە لە "پێویستە بەرەنگاری گەورەترین هەڕەشە و مەترسی ببینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕژێمی ئێران و هەڵمەتەکانی بۆ پشتیوانی تێرۆریزم و هەوڵە وێرانکارییەکانی."
لە تەواوی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ڕێبەران و گەورە کاربەدەستانی وڵاتاندا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵێکی ڕژدی داوە تا وڵاتانی ناوچەکە پێکەوە لە کارکردندا بن بۆ پاشەکشەپێکردنی ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
میوانی بەرنامە:
خالید عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان.
ئەو سەردانەی پەمپەیۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی دووشەممە کۆتاییپێهات بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا چەندێک بەرەوپێشچوون هەبووە و چەندێکیش توانیویەتی ئەو وڵاتانەی سەردانی کردبوون لە بەرەیەکدا بۆ ڕێگرتن لە ئێران کۆ بکاتەوە.
هەرچۆنێک بێت، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نابێت بۆ وڵاتانی عەرەبی تا پێکەوە لە یەک بەرەدا کۆببنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، ئەمەش تەنها لەبەر یەک هۆی سادە و ئەویش ئاڵۆزی پەیوەندیەکانە لە نێوان وڵاتانی ئەو ناوچەیەدا و بێگومان بێ لەوەی کە تاران دەستێکی زۆری هەیە لەناو بەشێکی زۆری وڵاتەکانی دەوروبەری و ناوچەکەش.
ئەمریکا پێشتر ژمارەیەک سزای قورسی سەپاندۆتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و کاریگەری ئەو سزایانەش بەسەر ئێرانەوە دەرکەوتوون و کێشە و گرفتێکی زۆری ئابوری بۆ ئێران دروستکردووە.
بەڵام لە بەرامبەردا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆی نیشان نەداوە بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک ئەمریکا داوای دەکات.
ئێران لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەتەلایتێکی هەڵدا بۆ واڵایی، هەرچەندە پێشتر ئەمریکا ئاگاهی دابووە ئێرانیەکان تا ئەو هەوڵە نەدا.
ئێران نەیتوانی لە هەڵدانی ئەو سەتەلایتەدا سەرکەوتوو بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڵدانی ئەو سەتەلایتەی بە پێشێلکردنی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنێت کە بۆ پشتیوانی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 دەرکرا.
پەمپەیۆ لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت ئەو سەتەلایتەی ئێران کاری لەسەر دەکات و دەخوازێت هەڵیبدات بۆ واڵایی، هەر هەمان ئەو تەکنەلۆژیای بەکارهاتووە لە سیستەمی موشەکە باڵستیکییەکانی ئێراندا.
ئایا وڵاتانی عەرەبی دەتوانن بەرەنگاری سیاسەتەکانی ئێران ببنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
ئایا پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک دژ بە ئێران بە مانای ڕاگەیاندنێکی ناڕاستەوخۆی شەڕە بەرامبەر تاران؟
ئایا بەرەنگاربوونەوەی ئێران بەبێ بوونێکی گەورەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا شییانی هەیە؟
خالید عەزیزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5