ژیان لە فەرهەنگدا: کامەران سوبحان

مەرج نییە چەند کتێب دەخوێنینەوە بۆ نمونە لە ماوەی ساڵێکدا، وەلێ مەرجە بزانین چی دەخوێنینەوە و بۆچی دەیخوێنینەوە و هەروەهاش چۆن دەیخوێنینەوە.

بەپێی بەرەنجامەکانی زۆرێک لەو لێکۆڵینەوانەی کراون، خوێندنەوە کاریگەریی هەیە بەسەر هەڵسوکەوت و بەخشینی هەستی جیاواز بە مرۆڤ.

دەمێکە دەگوترێت نابێت وەها بڕوانرێتە خوێندنەوە کە هەر تەنها لە پێناوی خوێندنەوەدا بێت، بەڵکو پێویستە لە پێناو تێگەیشتندا بێت لە قۆناغە مێژووییەکان و پەیوەندییەکان و ڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و شارەزابوون لە بواری فەرهەنگی و کلتوری و ئەدەبی و هەموو ئەو بوارانەی بەلای خوێنەرەوە گرنگیی پێدەدرێت.

لە پرۆسەی خوێندنەوەدا کتێبەکان بەشی شێری گرنگییەکەیان بەردەکەوێت، با ئەوەشمان لەبیر نەچێت مامۆستاکانیشمان سەرچاوەکانی پشتی پێ دەبەستن بۆ فێرکردنی ئێمە، کتێبەکانن و هەر بۆیەشە دەکرێت بڵێین کتێب مامۆستای مامۆستاکانیشمانن. کتێب گەورەترین سەرچاوەی زانیارییە و بەدەستەوە گرتنی کتێبێک و خوێندنەوەی چێژێکی تایبەتی خۆیی هەیە، هەرچەندە دەشگوترێت وەک بەرەنجامێکی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و داهێنانە نوێیە تەکنەلۆژییەکان، کتێبی ئەلیکترۆنیش هاتۆتە ئاراوە، بەڵام لە زاری زۆر خوێنەرەوە بیستوومە کە بە دەستەوە گرتنی کتێبێک و خوێندنەوەی، چێژی خوێندنەوەکەی سەد بە بارتەقای خوێندنەوەیە لە ماڵپەڕەکاندا.

کامەران سوبحان

بێگومان شێوازی نوسینیش لێرەدا و بۆ ڕاکێشانی خوێنەر، تابڵێی گرنگە، وەک جارێکیان "کامەران سوبحان" نوسەر و هونەرمەند باسی دەکرد کە پێویستە نوسەر بزانێت چۆن خوێنەر دەکاتە بەشێک لە کتێبەکەی و نوسەر چۆن دەتوانێت وەها بکات خوێنەر لەگەڵ دەستپێکی خوێندنەوەی کتێبەکەیدا، تا کۆتایی لەگەڵیدا بمێنێتەوە و نە هەر ئەوەندەش بەڵکو وەها بکات خوێنەر بەشوێن بابەتەکانی هەمان نوسەردا بگەڕێت و درێژە بە خوێندنەوەی بابەتەکانی ئەو نوسەرە بدات.

کامەران سوبحان، یەکێکە لەو نوسەرانەی دانسقانە بابەت و تەوەری کتێبەکانی هەڵدەبژێرێت، بە سەلیقەیەکی جیاوازەوە دەنوسێت و لەگەڵ ئەوەشدا کە سوور دەزانیت باست لە کەسایەتییەکی دیاریکراو بۆ دەکات، بەڵامڕایەڵەی پەیوەندی دروست دەکات لە نێوان ئەو کەسایەتیە و کەسایەتییەکی تردا کە جیاوازی گەورەش هەن لە نێوانیاندا بە شێوەیەک پەیوەندی و دیالۆگە خەیاڵییەکان دادەڕێژێت وەک بڵێی سەدان ساڵە ئەو دوو کەسایەتییە و تۆی خوێنەریش ئاشنای یەکن، کەچی هێشتا پێویستت بە زانیارییەکانی کامەران سوبحانە بۆ یەکتر ناسین.

ئەڵبەت ئەمەش بە ئاسانی لە هەردوو کتێبی ( لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ) و هەروەهاش ( ساتێ پێش بیرچوونەوە-نوسینەوەی دووهەم) دا دەبینرێت.

دکتۆر ئەحمەدی مەلا، ڕوناکبیری ناودار لەسەر کتێبی لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ دەنوسێت "بە زمانێکی تایبەت، زۆر تایبەت کامەران سوبحان کتێبێک دەنووسێ ناونیشانی لە خەیاڵەوە..بۆ خۆڵ ی لێدەنێ. تایبەتمەندیی ئەم نووسینە لە ناونیشانەیەکەوە دەستپێدەکات. چەندین بابەت جیاجیا لە خۆی دەگرێ؛ ئەم بابەتانە، هیچ شتێک کۆیان ناکاتەوە، تەنیا چێژ و سەلیقەی نووسین نەبێ. ئەم جۆرە نووسینە، شێوازێکی نوێی و دانسقەیە، چونکە لە نێوان توێژینەوە و چیرۆک و گێڕانەوەدایە، کە خۆشەویستیی نووسەر بۆ نووسین، بانگێشتمان دەکات و داوەتێکی بەخشندەمان دەکا بۆ ئەوەی بە نێو دێرەکاندا گوزەر بکەین. زۆرجار بابەتەکان بە نۆتە و سەرنجی نێودەفتەرێکی زۆر شەخسی دەکەن. هەر بابەتێک لە حەکایەتێک دەچێ، وەک بڵێی حەسرەتێک لە پشتەوەی ئەم کتێبەوە، خۆیان مەڵاس دابێ، حەسرەتی نووسین بە کوردی خۆی لە خۆیدا ململانێی میللەتێکە لەگەڵ زاکیرەی و مێژوو و ئایندەی خۆی."

ئایا کامەران سوبحان لە نوسینەوەی دووهەمی کتێبی "ساتێک پێش بیرچوونەوە" مەبەستی چییە؟

ئایا دەکرێت بگوترێت پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان خوێنەر و کتێبدا دروست بووە؟

ئایا لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆشنبیر توانیویەتی کاریگەری لە بوارە جیاجیاکاندا هەبێت ؟

کامەران سوبحان، نوسەر، لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: کامەران سوبحان