بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆک : کەس لە دەستگیرکراوەکان ڕادەستی میت نەکراوە

بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆک بژار کۆرەمارکی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هیچ لەو دەستگیرکراوانەی گرتبونەوەکەی دهۆک و شیلادزێ تەسلیم بە میتی تورکیا نەکراوەو ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و پڕوپاگەندەیە "هەرگیز ڕێگە نادەین هیچ دەوڵەتو دەزگای تر دەستوەربدەن لە لێکۆڵینەوەکان، ئەوە بۆ دروست کردنی پشێوییە، هەروەها ئەوە گاڵتەپێکردنە و بێ بەرپرسیارێتییە، ئێمە هیچ مامەڵەیەکمان لەگەڵ ئەو دەزگایەدا نییە".

بەشیکی ڕیکۆردە دەنگییەکە کە بەهۆی خواستی ناوبراو وەک وتوێژیکی دەنگی بڵاو نابێتەوە، بە هۆکاری ئەوەی کە دەزگای ئاسایش ڕێگە پیدراو نییە کە دەنگی ڕیکۆرد بکرێت، بەڵام مۆلەتی پیداین زانیارییەکان بڵاو بکەینەوە.

بە پێی زانیاری ئەم بەرپرسە باڵایەی ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک دەستگیرکراوەکانی دهۆک 16 کەسن دراونەتە دادگاو پۆلیسی مەدەنی، دەشڵێت "هەمووی بە ئەمری دادگا دەستگیر کراون، زانیاریمان هەبووە کە دەیانەوێ پشێوی بنێنەوەو ئەوەی لە شیلادزێ ڕویداوە لە دهۆکیش نائارامی بخەنەوە لەبەر ئەوە دەستگیرکراون، هەندێک لەوانە سەر بە لایەنی دەرەوەی هەرێمن و خەڵکی دهۆک نین و بۆ ئەو مەبەستە هاتوونەتە دهۆک".

لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دەبێت مۆڵەتی فەرمی بۆ وەربگیرێت، بەڵام ئەوەی دهۆک تەنها گرت بوونەوەیەک بووە، دەستگیرکردنەکە وەک لە سۆشیال میدیاو لایەنی تر دەڵێن "هەڕەمەکی بووە"، بەڵام بەرپرسەکەی ئاسایش دەڵێت "زانیاری هەبووە ویستویانە لەوەی شیلادزێ خراپتر لە دهۆک بکەن و بەفەرمی دەستگیرکراون".

لە ڕوداوەکەی شیلادزێ ودهۆکیش ڕێگە نەدراوە میدیا وەک خۆی ڕوداوەکان بگوازێتەوە، بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە، ە ئەم بەرپرسەی ئاسایش دەڵێت "رێگە دراوە، بەڵام میدیا کاری ئەوە نییە ببێت بە بەشێک لە هاندانی خەڵک، کەسیش بە نهێنی نەگیراوەو هەمووشیان براونەتە بەردەمی دادگاو لێکۆلینەوەیان لەگەڵدا کراوە، لە دنیاشدا ئەگەر تۆ بچیتە سەر شوێنێک و بیسوتێنی و کاری تێکدەرانە بکەیت، دەبێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە ئەو کارانەیان کردووە."

بەڕێوبەرێ پۆلیسی دهۆک تەلەفۆنەکەی داخراوە، داوامان لە بەرپرسی ئاسایش کرد کە داوا لە بەڕێوبەری پۆلیس بکات وەڵام بداتەوە، پێی ڕاگەیاندین کە پەیوەندی پێوە دەکات، بەڵام دوای تەواو بوونی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەگەڵ بەرپرسی ئاسایشی دهۆک، هێشتا تەلەفۆنی بەڕێوبەری پۆلیسی دهۆک وەڵام ناداتەوە.