ژیان لە فەرهەنگدا: زاهیر جەلال

زۆر جار کە باسی ژانری گۆرانی و موزیک دەکرێت قسە لەسەر بەشدارییەکان یان بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاش دەکرێت.

جاران لە سەدەی ڕابردوودا کاتێک گۆرانی یان ئاوازێک تۆمار دەکرا، دوور و نزیک تەکنەلۆژیا بەشداری لەو پرۆسەیەدا نەبووە، یانیش ئەگەر هەبووبێت هێندە نەبووە کە شایانی باسکردن بێت. بەڵام بۆ ئێستا تەکنەلۆژیا بەشدارییەکی زۆری هەیە لە تۆمارکردنەکاندا و هەروەهاش ئەوەی لەگەڵ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیادا کاریگەری و دەنگی تریش دەخرێنە سەر تۆمارەکان.

زاهیر جەلال و ناسری ڕەزازی

هەندێک هەن بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بە کارێکی ئاسایی دەزانن و ڕایشیان وەهایە کە گۆرانی و ئاوازەکان لە گوێچکەی بیسەردا خۆشتر دەکات. لە بەرامبەریشدا خەڵکێکی تریش هەن دەڵێن تەکنەلۆژیا کەموکوڕییەکانی دەنگی گۆرانیبێژ دەشارێتەوە و ناتوانێت ئەو چێژە لای گوێگر دروست بکات کە پێشتر هەبوو، بۆ ئەم ڕایەشیان گۆرانییەکانی سەید ئەسغەری کوردستانی و عەلی مەردان و ڕەشۆڵ و سێوە و زاهیر جەلال... هتد، بە نمونە دەهێننەوە.

بەشێکی تریش دەپرسن ئایا هەر تەنها چێژ لە گۆرانییەک بەسە بۆ ئەوەی بگوترێت داهێنان کراوە، یان ئەو گۆرانییە لە هزردا دەمێنێتەوە و تەمەنیشی سەدان ساڵ تێدەپەڕێنێت؟ هەر بۆیە ئەم بەشەیان لەگەڵ ئەوەدان با گۆرانی ڕەسەنایەتی و هاوچەرخیبوونی خۆی بپارێزێت و تەکنەلۆژیاش بەکاربهێنێت، نەک بۆ جوانکردنی بەڵکو بۆ جوانترکردنی.

لەم سەردەمەدا زۆرێک لەوانەی گۆرانی دەڵێن ئامانجیان دروستکردنی ناوبانگە و هیچی تر، لە کاتێکدا هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی بە شوێن داهێنان و ڕەسەنایەتیی و هاوچەرخێتیەوەن، هێندەی ئەوەی بەرهەمێکی دانسقە و جوان و خاوێن دەخوازن، نایانەوێت بە ژمارەی گۆرانیی تۆمارکراویان خەڵک بیانناسێت.

زاهیر جەلال، هونەرمەندی گۆرانیبێژ زۆر دەمێکە بە ڕۆح ئاشنای گۆرانییەکانیم، ئێستاشی لەگەڵدابێت کاتێک گوێ بۆ ئەم هونەرمەندە ڕادەدێرم، هەمان ئەو سەرسامییەم پێدەبەخشێت وەک ئەوەی بڵێم یەکەمین جارە بە گۆرانییەکی ئاشنا دەبم و دەستی یەک دەگرین لەگەڵ ئەو ئاوازەدا و پێکەوە لە باخچەیەکی ئێجگار ئێجگار گەورەدا پیاسەیەک بە ئێوارانی نیشتماندا دەکەین. هیچ جارێک نییە سۆزی چریکەی ئەم قەڵایەی گۆرانی کوردی نەمباتەوە بۆ زێدی خۆم و هیچ جارێکیش نەبووە لە خۆم زیاتر هەناسە سوار تر نەبووبێت، هەر بۆیە دەخوازم بزانم؛ ئەوە چ خەمێکە خۆی لەو دەنگە ڕەسەن و ئارامە پێچاوە و بۆتە ناسنامەیەک بۆ هونەرمەند زاهیر جەلال.

بۆچی لە زۆرێک لە گۆرانییەکانی زاهیر جەلالدا خەمباری و دابڕان لە سروشت ئامادەییان هەن؟
ئایا لە هەڵسەنگاندندا بۆ گۆرانی کوردی پێویست بە بەراوردکردن دەکات لەگەڵ هونەری گۆرانی ساڵانی هەشتاکاندا؟

بۆچی ئەو هەستە دروست دەبێت کە داهێنان لە هونەری گۆرانیدا کەم بۆتەوە، ناوبانگ و ناسراوی هونەرمەند زیاتر نەکەوتۆتە سەر داهێنان؟

زاهیر جەلال، هونەرمەندی گۆرانیبێژ لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: زاهیر جەلال