لە نێوەندی هەروادێ و زیاتر بوونی فشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهۆی بەرنامە ناوکییە مشتومڕ لەسەرەکەیەوە، هەروەهاش هاوکاتی قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری وڵاتەکە، ئێران دەستدەکات بە مانۆڕێکی لەشکری لە ئۆقیانوسی هیندیدا وەک دەڵێت بۆ تاقیکردنەوەی ئەو ژێردەریاییانەی دروستکراوی ناوخۆن.
دکتۆر عەلی ڕیزا نوریزادە، سەرۆکی نێوەندی ئێران – عەرەب، بنکە لە لەندەن دەڵێت ئێرانییەکان زۆر بە باشی ئەوە دەزانن داخستن یان کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورموز شتێکی مەحاڵە و دەشڵێت ڕژێمی ئێران بە زمانێکی هەڕەشە ئامێزی ژەنەراڵیانە قسە دەکات بەڵام ناتوانێت هیچ شتێک بکات.
دکتۆر عەلی ڕیزا دەڵێت " لە ڕاستیدا ژێردەریاییەکانی ئێران لەم مانۆڕەیدا بەکاریان دەهێنێت هەر هیچ نین بە بەراورد لەگەڵ ئەو هێزانەی ئەمریکا کە لە کەنداوی فارسن، ژێردەریاییەکان کۆنن و لەسەر شێوازی ژێردەریاییەکانی کۆریای باکور دروستکراون و ئێران دەخوازێت وەها نیشانی بدات کە خاوەنی هێزە بەڵام لە کاتی شەڕدا هیچ کاریگەرییەکیان نییە."
حەسەن ڕازی، بەڕێوبەری نێوەندی ئەحواز بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، هاوڕایە و دەڵێت هەموو پیشەسازییەکانی ئێران یان زۆربەی پیشەسازییە لەشکرییەکانی ئەو وڵاتە شکستخواردوون، زۆر جار ئێران تاقیکرنەوەی موشەکی باڵستیکی کردووە و سەرنەکەوتوو بووە تیایاندا و تەواوی ئەو موشەکانەی دروستیکردوون بە سود وەرگرتن بوون لە موشەکی چین و کۆریای باکور، دەشڵێت " ئێران وەک بارێکی باو زیادەڕۆیی دەکات لە ڕووی خستنە ڕووی زانیارییەکان لە کاتێکدا ئێران زۆر لاوازترە لەوەی خۆی باسی دەکات."
لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ دکتۆر عەلی ڕیزا نوریزادە، سەرۆکی نێوەندی ئێران – عەرەب، هەروەهاش حەسەن ڕازی، بەڕێوبەری نێوەندی ئەحواز بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.
زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:
Your browser doesn’t support HTML5