پارێزگاری هەڵەبجە: ئەرکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە دۆسێی هەڵەبجە بکاتە پرس و پرسەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی

ئازاد تۆفیق

لەگەڵ سی و یەکەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا هێشتا دانیشتوانی شاری هەڵەبجە گلەیی و ناڕەزایی خۆیان هەیە سەبارەت بە ڕەوشی ژیان و گوزەرانیان.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت عێراقی نوێ لەسەر بنچینەی بەرەنگاربوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی دروست بووە و هەڵەبجەش بە نمونەی قوربانی ئەو چەکە کۆمەڵکوژیانەی سەدام حوسەین و ڕژێمەکەی دەهێنرێتەوە، هەر بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نێوەندی عێراق و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بایەخێکی زیاتر بە هەڵەبجە بدەن.

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، ئێستا پێنج ساڵە هەڵەبجە بووە بە پارێزگا و ئەم پارێزگایەش پێویستی بە پشتیوانی دارایی و لۆژیکی هەیە. بەڵام لە چوار ساڵی ڕابوردوودا هەم بودجە و موچە لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستان بڕدرا و هەم نرخی نەوت دابەزی هەم شەڕی وێرانکەری داعش ڕووبەڕووی میلەتەکەمان بۆوە. و دەشڵێت خۆشبەختانە ئاسۆی تێپەڕاندنی قەیرانەکان ئێستا دەرکەوتوون و بە هیواین بتوانین ئاوەدانکردنەوەیەکی باش لە هەڵەبجەدا بکەین.

ئازاد تۆفیق جەختیش دەکاتەوە لەوەی پێش حکومەتی هەرێم دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، پێش حکومەتی هەرێم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە لێبراڵن و بەرەو لێبراڵی و بەرەو ئازادی و بەرەو دیموکراسی دەڕۆن، لەگەڵ یەکسانی ژن و پیاودان لەگەڵ مافی تاکدان لەگەڵ مەدەنیەتدان دەبێت هاوکاریمان بکەن. هەڵەبجە برینێکە لە جەستەی مرۆڤایەتیدا. هەڵەبجە ناوێکی لۆکاڵی نییە.

بەڕێز تۆفیق باسیش لەوە دەکات کە لە بودجەی ساڵی 2019 دا، هەڵەبجە بودجەی سەربەخۆی نییە و ئەمەش بە کێشەیەکی سەرەکی ناودێر دەکات، دەشڵێت هەربۆیە ئێمە یاداشتمان داوە بە سەرۆک کۆمار و حکومەتی عێراقی کە چۆن لا لە ئەهوارەکان دەکەنەوە و مافی خۆیانە، چۆن لا لە نەجەفی پیرۆز و کەربەلای پیرۆز دەکرێتەوە و ئەمەش مافی ئەو پارێزگایانەیە و بەهەمەمان شێوەش دەبێت لایەکیش لە هەڵەبجە بکەنەوە.

بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجەدا کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

Your browser doesn’t support HTML5

وتووێژ لەگەڵ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە