سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بیانییە.
ئەمەش یەکەمین جارە ئەمریکا بەشێکی حکومەتی وڵاتێکی تر وەک هەڕەشە و مەترسی ناودێر بکات.
بەم ناودێرکردنەی پاسداران وەک تێرۆریست، زەمینەی سەپاندنی سزا بەسەریدا فراوانتر دەبێت، وەک سزای ئابوری بەسەر کۆمپانیا و بانک و بازرگانییەکانی پاسداران دەیکات. ئەو سزایانە هەموو ئەو کۆمپانیایانەش دەگرێتەوە کە بە ڕاستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆ پەیوەندی داراییان لەگەڵ پاسداراندا هەیە. ئەم هێزە دەسەڵاتدارەی ناو کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنترۆڵی ئابوری ئێرانی کردووە و چاودێریشە بەسەر کاردارییەکانی ئەو وڵاتەوە.
پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، جموجۆڵی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، پشتیوانی لەشکری و دارایی میلیشیا شیعەکان دەکات لەو ناوچەیەی جیهاندا و بۆ خواستە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاریان دەهێنێت.
میوانی بەرنامە:
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ئەوەی شیکەرەوە نکوڵی لێناکەن ئەوەیە ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ بڕیارێکی گەورە و فرە ڕەهەندیشە. پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وەک دەگوترێت پاسەوانەکانی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بریتیە لە دەوڵەتێک لەناو کۆماری ئیسلامیدا و زۆر جاریش بە دەوڵەتە ڕاستەقینەکەی ئێران ناو دەبرێت لەو ڕوانگەیەوەی تەواوی بڕیارە چارەنوسسازەکانی ئێران لای دەستەبژێری ئەم سوپایەیە.
ئەم تۆڕەی پاسداران دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئایەتوڵا خومەینی دامەزرا، ڕێک هاوکاتی شەڕی ئێران عێراق دەست بە پێکهێنانی ئەو هێزە کرا و دواتر وەزارەتێکی تایبەتیشی بۆ دیارکرا لە ساڵی 1982 ەوە تا ساڵی 1989
لەپاش شەڕی عێراق ئێران وەزارەتی پاسدارانی شۆڕش هەڵوەشێندرایەوە و لەو کاتەشەوە تا ئێستاش بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت بە شێوەیەک وەک باس دەکرێت بودجەکەی لە بودجەی لەشکری ئێران زۆرترە و پیشەسازیی لەشکریی ئێرانی لەژێردەستدایە.
هەوڵ هەبوون تا پاسداران تێکەڵ بە لەشکری ئێران بکرێتەوە بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون چونکە ئۆفیسی ڕابەری کۆماری ئیسلامی پشتیوانییەکی تەواوەتی بوونی پاسدارانی کردووە وەک یەکەیەکی لەشکری لەو وڵاتەدا.
چاودێر لەوبڕوایەدان ئەم بڕیارەی سەرۆک ترامپ بەشێکە لەو فشارانەی خستویەتیە سەر ئێران تا ناچاری بکات بیگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستاندن لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێران دەڵێت وەڵامی خۆی دەبێت بە توندی دژی ئەو بڕیارەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ دەوەستێتەوە بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە تا بگوترێت ئێران هیچ دڕدۆنگییەکی نییە بەرامبەر بەو بڕیارە و کاریگەرییەکانی و هەروەهاش ئەوەی کە ئەم بەڕێوبەرایەتیەی ئەمریکا هەروادێ و زیاتر کۆماری ئیسلامی ئێران دەخاتە ژێر فشارەوە تا ڕەفتارەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.
لە دەستوری ئێراندا پاسداران وەها دانراوە کە پارێزگاری لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەکات لە دەرەوە و لە ناو وڵاتەکەشدا.
ئایا ناساندنی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە تێرۆریست، جموجۆڵەکانی ئەو هێزە ئێرانییە کەم دەکاتەوە؟
ئایا ئەو ناساندنە ئەگەرەکانی شەڕ لەگەڵ ئێراندا زیاد دەکات؟
ئایا ناساندنی پاسداران بە تێرۆریست چ جۆرە کاریگەرییەکی دەبێت بەسەر لایەنەکانی حزبوڵا لە لوبنان و حوثییەکان لە یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق؟
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:
Your browser doesn’t support HTML5