خانەقین یەکێک لە هەرە شارە دیرینەکانی کوردستانە کە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە، وە لە رووێ جوگرافی, ستراتیژی, لەشکەری، ئابوری و سیاسیشەوەگرنگی خۆێ هەیە، بێجگە لەوە رێگاێ ترانسێتی بازرگانی نێونەتەوەییە و بە دار خورما، پورتوقاڵ، هەنار و لیمۆ و گەنم و جوەکەی ناوبانگە و رووباری ئەڵوەن کە بە بوکی شارەکە ناسراوە بە نێوەراستیدا بەرەو سیروان گوزەر دەکات. پردەکەی کە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1860 لە شوێنە جوان و دیدەنیەکانی شارەکەدایە، سەرەرای ئەوەی خانەقین لەسەر دەریایەکی نەوتدا دانیشتووە.
ئێستاکە کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی ئەو شارە وەکو شارەکانی تری کوردستان بە دووای دانانی رۆژێکدان بۆ ئەوەی لەو رۆژەدا ساڵانە یاد بکرێتەوە.
زانیار جەوهەر نووسەر و رۆژنامەنووس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەسی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " تا ئێستا چەندین کۆبۆنەوە لە نێوان کەسانی پسپۆر، کەسە بە تەمەنەکان، رۆشنبیرەکانی شارەکە، ئەوەی مێژوو نووسە، مێژووناسە، نووسەر، رۆژنامەنووس، ئەندازیار، هونەرمەندان، کەسانی خاوەن کارنامە لە ناو و دەرەوەی کوردستان و لە رێگای سکاێپەوە لەو بارەیەوە ئەنجام دراوە بۆ گەڵالە کردنی ئەو بیرۆکەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە دەرئەنجامێک ".
کاک زانیار هەر وەها دەلێت " سەبارەت بەم رۆژە چەندین پژارد پێشنیار کراوە، لەوانە، ئەو رۆژەی خانەقین لە لایەن عوسمانیەکانەوە کراوە بە فەرمانداری یان قەزا، یاخود پێش ئەوە بە لیوا (عێراق تا ئەو رادەی من ئاگادار بم تا ئێستا بۆ ئوستانەکانی واژەی لواء، متصرفیە و پاریزگای بە کارهێناوە ) وە یەکێک لە بیروکەکانی تر پردی کۆنی خانەقینە یا پردی ئەڵوەن وە یاخود خوێندگای عەلیئاوا کە کۆنترین خوێندگایە کە لەوێ درووست بوە، یان رووداوێک کە لە ساڵی 1238 لە نێوان فورس و ئیسلامەکان رووێ داوە وە هەر وەها رۆژی سێزدە وەدەر، ئەم پێشنیارانە گەڵاڵە کراوون و کۆمەڵێک بیر و بۆچوون لەسەر ئەمانە هەیە ".
کاک زانیار دەشڵێت " خانەقین لەبەر ئەوەی هەمیشە لەبەر شاڵاوی کوشتن و بڕین دا بوە لە دەرئەنجام زۆری ئەو داکیۆمەنتانە کە سەبارەت بە شارەکە هەبوە لە ناو چووە، لەبەر ئەوەی دوژمنان ئێرەیان کردووەتە چەقی ململانیەکان، بەڵام هەڵ هەیە لە ناو و دەرەوە بۆ کۆکردنەوەی چەندین داکیۆمەنت بۆ ئەوەی شتێکی بەڵگە نەویستمان لە دەستدا بێت، وە هەنگاوی ئاێیندەمان بۆ هەموو لایەک راێئەگەینین کە ئەوەی داکیۆمەنتێکی لەبەر دەستدایە، ئەوەی نووسراوێکی کۆنی شارەکەی لە لادایە داوا دەکەین بۆمان بنێرن بۆ ئەوەی لیژنەیەکی تاێبەت لە دانیشتنی چوارەمماندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکات".
Your browser doesn’t support HTML5