لەگەڵ ڕووداوەکاندا: قەیرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەلومەرجێکی تایبەتدا لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دامەزرا.

لەو سەروەختەدا کە نەوەی نوێی تیادا دامەزرا، خەڵک لە بێهیواییەکی قوڵدا بوون بەرامبەر بەو لایەنانەی وەک ئۆپزسیۆن کاریاد دەکرد لەناو و لە دەرەوەی پەرلەمانی هەرێمیشدا.

بێ لەو بێهیواییە، دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ کاریشیان لەسەر ئەو کەلێن و بۆشاییە گەورانەش دەکرد کە کەوتبوونە نێوان خەڵک و لایەنەکانی دەسەڵاتەوە (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان).

بێزاری و ناڕەزایی خەڵک لە دەسەڵاتداران و لە ئۆپزسیۆنەکان، هەروەهاش گوتارەکانی دامەزرێنەرانی نەوەی نوێوەهایان کرد بە ئاسانی بچنە ناو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەوە و تاکەکانی کۆمەڵگەش ئەگەر بە وردی گوێیان لەو وتارە نەگرتایە، ئەوا بەلانی کەم جێیەکی لە سەرنجەکانیاندا دەگرت.

میوانی بەرنامە:
شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهەمان ئەو گوتارەوە چووە ناو هەردوو هەڵبژاردنی عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە و توانی 4 کورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبێنێت و دواتریش لە هەڵبژاردنەکەی 30 ی مانگی نۆی 2018ەدا 8 کورسی پەرلەمانی هەرێمیشی بەدەست هێنا.

گوتاری نەوەی نوێ لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دژی بە بنەماڵەیی کردن و بەکارهێنانی خراپی دەسەڵات و نەبوونی ڕوونی ئاشکرایی لە بڕیارەکاندا بوو.

"زیاتر لە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا، لە ناو دڵی شکستی سەرتاپاگیریی ھەمو پرۆسەی سیاسیی کوردستانی عێراق بە ھەمو حزب و بزوتنەوە سیاسیە تەقلیدیەکانیەوە، ئێمە کۆمەڵێك کەسایەتی و گەنج، بە ئومێدی سەرھەڵدانی مۆدێل و ئەزمونێکی نوێی سیاسیی سەرتاپا جیاواز، پێکەوە جوڵانەوە و ئاراستەیەکی سیاسیی تازە و دواتر (نەوەی نوێ) مان دامەزراند. لە دیدی ئێمەوە، سێ ھۆکار، بنەما و پایە سەرەکیەکانی ھەمو شکستی پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی حزبە تەقلیدیەکانن: نەبونی ئازادی و دیموکراسی لە ژیانی حزبی و رێکخراوەییدا: کردنی حزبەکان لە ئامراز و ئۆرگانی گشتی و ھاوبەشەوە، بۆ موڵکی بنەماڵە و خێزانەکان: تێکەڵکردنی حزب و بزنس، بە جۆرێك حیزبەکان وەك لقێکی کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوەدەبرێن. ئەو سێ فاکتەرە، بۆ دەیان ساڵ، گەلی ئێمەیان لە شکست و کارەساتێکەوە گواستوەتەوە بۆ شکست و کارەساتێکیتر، تا لە ئێستادا، سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی و ئامانجی ھاوبەش لە وڵاتی ئێمە پایەماڵ کراوە و سیاسەت، لەبری بوار و ئامرازێك بۆ باشترین بەڕێوەبردن و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مادی و مەعنەویی ھاوڵاتیان و پاراستن و جێخستنی بنەماکانی دادپەروەریی، کراوەتە بوارێك بۆ بزنس و دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی."

لە وەڵامی ئەو ڕاگەیاندنەدا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ دەڵێت "ئێمە جوڵانەوەیەکین کە کاری سەرەکیمان وەستانەوەیە بە روی پارتی و یەکیتی و ئەو دەسەڵاتە ناشیرینە. نەک بێین لە میدیاکانەوە گلەیی لە یەکتر بکەین و لە بری چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتییان، خەریکی دروستکردنی کێشە بین بۆ هاوڵاتییان، هەر وەک زۆرینەی حیزبە تەقلیدییەکانی تر.

وە تا ئێستا ئەنجومەنی باڵا و سەرۆکی جوڵانەوەکە هیج نوسراویک یاخود یاداشتێکی بە دەست نەگەیشتووە لە لایەن هیج نوێخوازێک و پەرلەمانتارێکی لیستەکە کە باس لە هەر جۆرە گلەییەک بکات وە هەر نوێخوازێک گلەیی یان سەرنجی هەیە ئەوا دەتوانێت بیگەیەنێت بە ئەنجومەنی باڵا یان سەرۆکی جوڵانەوەکە، هەمیشە دەرگامان کراوەیە و حەق وایە هەمووان گفتوگۆی هاوڕێیانە بکەین، گەر بابەت خزمەتی هاوڵاتییان و ڕێزگرتنە لە دامەزراوەکانی جوڵانەوەکە. خۆ ئەگەر مەبەست خزمەتکردنی پارتی و یەکیتی بێت و مەبەست بێهیوا کردنی خەڵک بێت، ئەوا بەیاننامە دەرکردن دژی یەکتر باشترین خزمەت بەم دەسەڵاتە دەکات و گەورەترین زەرەر لەم جوڵانەوەیە دەدا کە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت و لە ناو خەڵکدا زیاتر دەبێتە جێی متمانە. هەر ئەمەشە وای کردوە کە لەم کاتەدا هەندێک کەس بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست، ئەو کارە نەشیاوانە بکەن لە بری دانیشتنی هاورێیانە و گفتوگۆی بونیادنەرانە."

لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە و وەک بارێکی باوی لێهاتووە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە ئەگەر هاوڕام نەبێت ئەوا یانی دژمیت و ئیدی لێرە بەدواوە شەپۆلێک بۆ تەخوین کردن و تۆمەت بەخشینەوە و هەڕەشەکردن دەستپێدەکات.

هەڕەشە کردنەکان ژیانی کەسێتی خەڵکیش دەگرێتەوە، وەک ئەوەی میوانی بەرنامەی ئەمڕۆی لەگەڵ ڕووداوەکاندا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا باسی کرد.

شادی نەوزاد دەڵێت هەڕەشەی لێکراوە بەوەی کە گرتەی ڤیدیۆیی بۆ بڵاودەکەنەوە و دەشڵێت "ئەو کەسانەی ناڕازین هەرەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدۆيی ساختەکراویان لێدەکرێت و سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ تۆماردەکەین."

ئەم جۆرە هەڕەشە کردنانە جا لە هەر لایەکەوە بێت پێمان دەڵێن کە لە دنیای سیاسی هەرێمی کوردستاندا ژن لەبەردەم چ مەترسی و کارەساتێکی گەورەدایە و ئاماژەیەکیشە کە هیچ لایەک نەیتوانیوە نەریتە ناشرینەکانی کۆمەڵگە بسڕێتەوە و ئەو لایەنە سیاسیانەی لە هەرێم هەن بە کۆن و نوێیانەوە نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی مۆدێلێکی نوێی سیاسی یان زەمینەیەکی نوێ بڕەخسێنن بۆ کارکردنی سیاسیانە.

بۆچی پەتای بنەماڵەگەرایی و میراتگریی سیاسی بۆتە دیاردە لەناو حیزبی کوردیدا؟
ئایا ئەوەی ئێستا لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا ڕوودەدات، چاووەڕوانکراو بووە؟
ئایا تێرۆری کەسایەتیەکان لە ڕووی مۆڕاڵیەوە، کۆمەڵگە دەخاتە بەردەم چ بەرپرسیارێتیەکەوە؟
شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: قەیرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ