ژیان لە فەرهەنگدا: سامان قادر

تابلۆ هونەرییەکان لەڕێی ڕەنگ و هێڵکاری و پێکهاتەکانی تریانەوە دەکەونە ئاخاوتن لەگەڵ بینەرانیاندا.

ڕەنگەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان لە تابلۆکاندا، هێڵ و هێڵکارییەکان و شێوەی بەکارهێنانی فڵچە و پەنجە و یانیش هەر هۆکارێکی تری بەکار دەهێنرێن بۆ نەخشاندنی تابلۆکە، زادەی چۆنیەتی بیرکردنەوەی خودی هونەرمەندن بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی هەیەتی و هەر جارە و لە دەروازەیەکەوە هەوڵی چوونە ناوەوەی هزری بینەری خۆی بدات و دەست بکات بە دیالۆگ لەگەڵ بینەردا.

ئالێرەدا ڕۆڵی گرنگی بینەر دەردەکەوێت لەو ڕوانگەیەوەی بینەر لەگەڵ تابلۆکاندا بەریەک دەکەون و ئیدی بینەر دەبێتە بڕیاردەر بۆ ناساندنی تایبەتمەندێتییەکانی هونەرمەند و هەروەهاش جیاکردنەوەی تابلۆکانی هونەرمەندانیش لە یەکتری.

تایبەتمەندێتی لای هونەرمەندانی شێوەکار زۆر گرنگە و هەر بۆیەشە دەبینیت هونەرمەندی داهێنەر بەردەوام لە گەڕاندایە و هەمیشە لە سەفەردایە بۆ دۆزینەوەی نەدۆزاروەکان و کۆکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو شتانەی لای ئێمەی بینەر کە دەکرێت بە نەبینراو ناودێری بکەم. ئەمەش بەبێ هیچ گومانێک جیاوازییە هەرە گەورەکەیە لە نێوان کەسێکدا هەر تەنها وێنە بکێشێت و کەسێکیش شێوەکاربێت، چونکە یەکەمیان تەنها کار لەسەر ئەو شتانە دەکات کە بەلای خۆیەوە جوانن و دەخوازێت جارێکی تر جوانتر وێنەی بکێشێتەوە، وەلێ هەرچی هونەرمەندی شێوەکارە لەناو شتە جوانەکاندا بەشوێن نەبینراوەکاندا دەگەڕێت و هەنگاو بە ئاڕاستەیاندا دەنێت و دەیاندۆزێتەوە و ڕەنگیان دەکات و دەیکاتە پەیام و دواتریش لە گەلەریەکدا یان لە پێشانگایەکدا دەیخاتە بەردەم ئێمەی بینەر تا بیخوێنینەوە.

لاکردنەوە لە کارەساتەکانی بەسەر کورددا هاتوون وەک یەکێک لە ئەرکە مرۆییەکانی هونەرمەندانی کورد سەیر دەکرێت، بەڵام باس لەوە ناکرێت ئایا ئەو ئاوڕدانەوەیەی هونەرمەندان لە کارەساتەکان هەر تەنها خۆی لە بۆتەی گێڕانەوەدا ببینێتەوە لەڕێی ڕەنگکردنەوەی یەکێک لە دیمەنەکانی ئەو کارەساتانە؟! یان وێناکردنەوەیەکی نوێی ئەو دیمەنانەیە لە بەرگێكی هاوچەرخانەدا؟

ئا لەم جۆرە تابلۆیانەدا بینەر ناگەڕێت بەشوێن ئاستی هەستی بەزەییهاتنەوەی خۆیدا بۆ ئەو کارەساتانە، بەڵکو لەو کارە هونەریەدا دەخوازێت پرسیارێک بێتە بەردەمی و ئەمیش هێندەی زانیاری خۆی وەڵامی بداتەوە.

سامان قادر، هونەرمەندی شێوەکار یەکێکە لەو هونەرمەندانەی دەخوازێت لەڕێی ڕەنگەکانیەوە پرسیارگەلێکی تر لەسەر ئەو کارەساتانە بوروژێنێت. لە زۆرێک لە تابلۆکانیدا و بە تایبەتیش ئەوانەی جارێکی تریش ئەنفالمان بۆ دەگێڕنەوە، پرسیارێکی یەک وشەیی هەیە و لە ڕووی گەورە و بچوکماندا پێمان دەڵێت؛ بۆ؟ هەر ئەم پرسیارە سادەیەش خۆی دەبێتە نیشانە گەورەکەی پرسیارە بێ وڵامەکان و هەر ئەو (بۆ) یە خۆی دەبێتە هەڵگری دەیان پرسیاری تری قەتیس بووی ناو ڕەنگەکان.

سامان، بەردەوام لە کارە هونەرییەکانیدا هەوڵی دەربازبوون دەدات لە بارە باوە نەریتییەکان و دەخوازێت ئازادانە ئاشنامان بکات بە تابلۆکانی و بە کرۆکی پەیامە هونەرییەکەی.

ئایا تابلۆکان توانای نیشاندانی ئەو کارەساتانەیان هەیە کە بەسەر کورددا هاتوون، ئەنفال بۆ نمونە؟

ئایا هەموو بینەرێک دەتوانێت ڕاڤەی تابلۆیەکی هونەری بکات، بۆچی؟

ئایا دەکرێت هەر هێڵێک یان هەر پێکهاتەیەکی تابلۆ وەک ڕەنگدانەوەی باری دەروونی هونەرمەندی شێوەکار لێی بڕوانین؟

سامان قادر، هونەرمەندی شێوەکار لە بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

Your browser doesn’t support HTML5

ژیان لە فەرهەنگدا: سامان قادر